ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان گوتی "ڕاستە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمتر باران باریوە، بەڵام لەم شوێنانەی بەنداو ھەیە بەشی خەڵک ئاو ھەیە و چاوەڕێین لە مانگی چواریش باران ببارێت و ئاوی زیاتر لە بەنداوەکان گلبدرێتەوە، بۆیە جارێ ناتوانین باسی وشکە ساڵی بکەین، ئەوەیان پێویستە دواتر وەزارەتی کشتوکاڵ خەمڵاندن بۆ زیانەکان بکات، ئەو کات بڕیاری خۆی بدات."
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمتر باران باریوە و بەنداوەکانیش کەمتر ئاویان تێدایە، تا ئێستا دوو بەنداو سەرڕێژ بوونە، پێشبینی دەکرێت لە مانگی چوار بارانی دیکە ببارێت، ئەو کات بەنداوی بچووکی زیاتر سەرڕێژدەبن و دۆخەکە باشتر دەبێت، بۆیە ئێمە ناتوانین باس لەوە بکەین ئەمساڵ وشکە ساڵییە، چونکە لەو شوێنانەی بەنداو ھەیە خەڵک دەتوانێ بۆ ھەموو کەرتەکان سودی لێ وەربگرن."
ڕەحمان خانی گوتیشی "بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت وشکەساڵییە یان نا، پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ زیانەکان بخەمڵێنێت، ئەو کات دیار دەبێت دۆخەکە چۆنە، دەنا ئێمە ئاومان لە بەنداوەکان ھەیە و تەنیا لە ھەندێک شوێن مەترسی کەم ئاویمان ھەیە، لەو شوێنانەی بەنداو ھەیە بەشی پێداویستی خەڵک ئاو ھەیە، ئەو شوێنانەی بەنداوی لێ نییە، ھەندێک مەترسی ھەیە و کاریگەری ھەبووە، بەئومێدیشین لە مانگی چوار بارانی دیکە ببارێت، ئەو کات ئاوی زیاتر لە بەنداوەکان کۆدەبێتەوە، بارانی مانگی سێ و چوار بۆ ئێمە گرینگە چونکە لە ھەرێمی کوردستان ٢٣ بەنداوی بچووک و گەورەمان ھەن."
بڵند ئیبراھیم