ھەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ کۆمەکی مرۆیی و تەندروستی، ئەمڕۆ پێنجشەممە وەکو ھەماھەنگکار لەنێوان ڕێکخراوی کۆڵەک و وەزارەتی تەندروستی توانیی بڕێکی زۆری دەرمان و پێداویستی پزیشکی پێشکەشی تەندروستیی ھەولێر بکات.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣-٣-٢٠٢٥ بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن گوتی، ئەمڕۆ توانیمان ھەماھەنگی بکەین بۆ گەیاندنی دەرمان و کۆمەکی تەندروستیی کە لە لایەن ڕێکخراوی کۆڵەک دابینکرابوو و پێشکەشی وەزارەتی تەندروستیمان کرد لە تەندروستی ھەولێر.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، دەزگای خێرخوازی بارزانی ھەمیشە بە ھەستی نیشتیمانی و مرۆڤدۆستییەوە بەردەوام بووە لە گەیاندنی کۆمەک و ھاوکاری مرۆیی و تەندروستیی بێ جیاوازی بۆ کەرتی تەندروستی و پەنابەران.
لای خۆیەوە دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی ھەولێر ڕایگەیاند، سوپاسی ڕێکخراوی کۆڵەک دەکەین، گەیشتنی ئەو بڕە زۆرەی دەرمان کە بایی ملیارێک دینارە بەدڵنیایی کاریگەری دەبێت لەسەر گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بە ھاووڵاتییان لە نەخۆشخانەکاندا.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی ھەولێر ئەوەشی خستەڕوو، دەزگای خێرخوازی بارزانی ھەموو کات پێشەنگ بووە لە گەیاندنی کۆمەک و ھاوکاری بۆ کەرتی تەندروستیی و کەرتەکانی تر بێ جیاوازی، بۆیە شایەنی سوپاس و پێزانینن.