بەغدا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق دەڵێ، ئێمە کاری خۆمان تەواوکردووە و ڕاپۆرتی خۆشمان داوەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق ، ئێستا چاوەڕێ دەکرێت حکوومەتی عێراق یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان جێبەجێ بکات و کۆتایی بەو کێشەی لە کەرکووک ھەیە بێت.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بۆ کێشەی زەویوزار لە کەرکووک دوو لیژنە پێکھاتبوو یەکێک بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزیری دادی حکوومەتی عێراق بوو، ناوبراو سەردانی کەرکووکی کرد و لەگەڵ پارێزگار و لایەنی پەیوەندیدار کۆبوونەوەی ئەنجامدا، لیژنەی دووەمیش لەلایەن فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق دروست کرابوو، ھاوکات ئێمەش سەردانی کەرکووکمان کرد و ڕاپۆرتی خۆمان بەرزکردەوە و کاری خۆمان تەواو کردووە و چاوەڕێی بڕیاری سەرۆکوەزیران دەکەین جێبەجێی بکات، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کێشەیە بێت و جووتیارانیش چیتر ڕێگریان لێ نەکرێت زەویەکانیان بەکاربێنن.
لیوا عەبدولخالق جەختیش دەکاتەوە: لە پەرلەمانی عێراق یاسا دەرکراوە بۆ ئەوەی زەویوزاری جووتیارانی کورد بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە و دادگای فیدڕاڵیش بڕیاری لێداوە، بۆیە پێویستە ھەموو زەویەکان بۆ خاوەنی ڕەسەنی خۆیان بگەڕێتەوەو پێویستە ئەو یاسایە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، ھاوکات پێویستە دەست بەجێبەجێکردنی یاساکە بکرێت و زەویەکانیان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە و ئەو بابەتە بە ھەڵپەسێردراوی ماوەتەوە چارەسەر بکرێت و چیتر ڕێگری لە جووتیارانی کورد نەکرێت زەوی خۆیان بەکار بێنن.
بڵند ئیبراھیم