Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 12 JUL 2025 21:51 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پەیامێک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی(٥٥)یەمین ساڵیادی ڕێککەوتننامەی (١١ی ئاداری ١٩٧٠) په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان هاتووه‌، "ئەو ڕێککەوتننامەیە کاریگەری زۆری هەبوو بەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان، هەم وەک دۆکیۆمێنتێکی سیاسی و یاسایی ناسرا و هەمیش لەبەرئەوەی یەکەم جار بوو حکوومەتی عێراق ناچار بکرێت دان بنێت بە مافە سیاسی و نەتەوەیی و ئیدارییەکانی گەلەکەمان، هەروەها پەنا بەرێتە بەر گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لە عیراقدا.."

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌: 

پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی(٥٥)یەمین ساڵیادی ڕێککەوتننامەی (١١ی ئاداری ١٩٧٠)

مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لە سەردەمە دژوار و سەختەکاندا پەیامێکی ڕاست و دروستی نەتەوەیی و نیشتمانی هەڵگرتبوو، هەر قۆناغێکیش لەو بزووتنەوەیە وەک پێویستییەکی مێژوویی و چارەنووسساز وابوو.

هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لەو سەردەمە دژوار و سەختەی ئەوسادا وەک ڕووداوێکی گرنگ ڕۆڵ و سەنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی بۆ قۆناغێکی سیاسی پێشکەوتووتر گواستەوە بە جۆرێك لەسەر گۆڕەپانی سیاسی نێوخۆیی و جیهانیدا ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار ڕۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێ و چەندین دەستکەوتی گرنگ و مێژووییش بەدیبێنێ لەوانەش: ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠-یە. 

ڕێککەوتننامەی(١١ی ئادار)، کە لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕش بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر و حکوومەتی ئەوسای عێراق مۆرکرا، دەستکەوتێکی بەرهەمدارى  دەرەنجامی خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی ڕۆڵەکانی کوردستان و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو.

ئەو ڕێککەوتننامەیە کاریگەری زۆری هەبوو بەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان، هەم وەک دۆکیۆمێنتێکی سیاسی و یاسایی ناسرا و هەمیش لەبەرئەوەی یەکەم جار بوو حکوومەتی عێراق ناچار بکرێت دان بنێت بە مافە سیاسی و نەتەوەیی و ئیدارییەکانی گەلەکەمان، هەروەها پەنا بەرێتە بەر گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لە عیراقدا.

تایبەتمەندی ئەو دەسکەوتە مەزنە لەوەدایە وێڕای ڕەخساندنی زەمینە و بارودۆخێکی نوێی دانوستان و ئاشتەوایی، تا ماوەیەکیش کۆتایی بە شەڕ و کوشتار و ماڵوێرانی هێنا، هەروەها چەند بڕیارێکی مەبدەئی و ڕاستیش درا سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی لە عێراق، هەروەها هەنگاوی بەرچاو نرا بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانمان لەوانە: بڕیاردان لەسەر حوکمی زاتی لە کوردستانی عێراق و زمانی کوردی کرا بە دووەم زمانی فەرمی و چەندین دەستکەوتی دیکە.

ڕێککەوتننامەی(١١ی ئادار) لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دەنگدانەوەیەکی سیاسی هەبوو و، دەرفەتێکی تری ڕەخساند بۆ ناساندنی شوناسی نەتەوەییمان و ڕەوایەتى خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان و پتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان لە ناوخۆدا، هەر بۆیەش ئەو ڕێککەوتننامەیە هەنگاوێکی بەسوود بوو بۆ سەرجەم گەلان و پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە. 

لەلایەکی دیکەوە ئەو ڕووداوە گرنگە ڕۆڵ و سەنگ و قورسایی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی بۆ قۆناغێکی سیاسی پێشکەوتووتر گواستەوە بە جۆرێك لەسەر گۆڕەپانی سیاسی نێوخۆیی و جیهانیدا وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار ڕۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێ.

هاووڵاتیانی ئازیز و خۆڕاگر

ڕۆڵ و پلان و حیکمەتی بارزانیی نەمر لە مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی (١١ی ئادار) ئەو ئاواتەی هێنایە دی و ئەو بەڵێنەی بردەسەر بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی نوێی ئازادی و سەرفرازی و، ملکەچپێکردنی حکوومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنامەکە.

ڕێککەوتننامەی (١١ی ئادار)کە پاش زنجیرەیەک شۆڕش و بەرخۆدان و خۆڕاگری هاتەئاراوە و لەو قۆناغەیدا بناغەیەکی ڕاست و دروستیشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و پتەوکردنەوەی یەکڕیزی و رێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد داڕشت، هەروەها باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییان و بژێوی ژیانیان و پڕۆسەی ئاوەدانی و بنیاتنانەوە. 

ئامانجی سەرەکی و ستراتیجی سەرکردایەتی سیاسی و پارتیمان ئەوسا جێبەجێکردنی یەک بە یەکی بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە بوو وەک سەرەتای قۆناغێکی نوێ و ئایندەیەکی گەش و بەرهەمدار بۆ گەلەکەمان، بەڵام حکوومەتی ناوەندیی ئەوسای عێراق بە پێچەوانەوە تا دەهات لە جێبەجێکردنی بەندەکانی پاشگەز دەبۆوە، بە هەموو شێوەیەک نەیدەویست ڕێککەوتنامەکە بە ئاکام بگات، بۆیە بەردەوام بوو لە نکوڵیکردن لە شوناسی نەتەوەیی کوردیبوونی کەرکووک و ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتوان لەو ناوچانەی زۆرینەیان کوردبوون، هەروەها گۆڕینی دیمۆگرافیای خاک و شێواندنی واقیعی جیۆگرافی و نەتەوەیی و دابڕینیان لە خاکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕێککەوتنامەیە بوو بە بناغەیەکی ڕاست و دروستی پڕۆسەکانی دایالۆگ و گفتوگۆ، کە شۆڕشی کورد لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراق ئەنجامی داوە.

کوردستانیانی بەڕێز

لەم یادە شکۆمەندە مێژووییەدا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە جەخت لەسەر بنەما سەرەکی و نەگۆڕەکان دەکەینەوە، جەخت لەسەر ڕوانگە راستەقینە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەمان دەکەینەوە، جەخت لەسەر ڕێکخستنی نێو ماڵی کوردستان دەکەینەوە بەجۆرێک بە هەموو لایەکمان لەسەر پرسە ستراتیژییەكانی كوردستان، لە داكۆكیكردن لە مافە ڕەوا و دەستوورییەكانمان و لە خاكەكەمان و لە دەستكەوت و قەوارە نیشتمانییەکانمان هاوئاراستە و هاوگوتار بین و هەموو هەوڵێكی ڕژد و دڵسۆزانە بدەین لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و هەموولایەكمان بەرپرسانە بەرژەوەندیی باڵا و گشتیی خەڵكی كوردستان ڕەچاو بکەین و ئەرکی لەپێشینەمان پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان و ئەم قەوارەیە و دەستکەوتەکانمان بێت.

بیرەوەری ڕێککەوتننامەی (١١ی ئادار) هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژژمێری ئازادکردنی شاری هەولێر لە(١١ی ئاداری ١٩٩١) بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم  لە ڕۆڵە خۆڕاگرەکانی شاری هەولێری دێرین و پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەین، هیوادارین هەمیشە ئاسوودە و ئارام و لە پێشکەوتندا بن.

لە بیرەوەری ڕێککەوتننامەی (١١ی ئادار) پیرۆزباییەکی گەرم لە جەماوەری دڵسۆزی کوردستان  دەکەین، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی رێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی کورد و کوردستان دادەنوێنین، سڵاو و رێز لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکانمان.

سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو.

سڵاو لە بیرەوەری(٥٥) ساڵەی ڕێککەوتنامەی (١١ی ئاداری ١٩٧٠)

بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.  

هەمیشە گەلەکەمان سەربەرز و کوردستانیش هەر ئاوەدان.

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

١١ ی ئاداری ٢٠٢٥

 




دوایین هەواڵەکان

کابینەی نۆیه‌م ڕۆژ دوای ڕۆژ خزمەتگوزاریی زیاتری تەندروستی بۆ هاووڵاتیان دابین ده‌كات

SATURDAY, 12 JULY 2025 21:07:48

ھەولێر-KDP.info- لە ساڵی 2019 کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی پێکهێندرا، دوای سوێندخواردنی لە بەردەم نوێنەرانی خەڵكی کوردستان، کارنامەیەکی پڕ لە پلان و ئامانجی درێژخایه‌نى پێشکەش بە نوێنەرانی خەڵكی کوردستان کرد و ئامانجی خودی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەمیش، کوردستانێکی بەهێز بوو.

 
ڕاگەیێندراوێک لە بارەگای بارزانی بۆ ڕای گشتی

SATURDAY, 12 JULY 2025 21:07:56

ھەولێر-KDP.info- بارەگای بارزانی، پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە و بودجە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە.

 
سه‌رۆکی ھەرێمی کوردستان سه‌ره‌خۆشى له‌ ڕۆژنامه‌نووس ئه‌حمه‌د زاویتى ده‌كات

SATURDAY, 12 JULY 2025 17:07:31

ھەولێر-KDP.info-  ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2025/7/12 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا، بۆ كۆچى دواییى خوالێخۆشبوو‌ى باوكیان...

سەرۆکی حکوومەت سەرەخۆشی لە بەڕێوەبەری گشتیی کەناڵی کوردستان24 دەکات

SATURDAY, 12 JULY 2025 16:07:38

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ شەممە، 12ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرەخۆشی لە ئەحمەد زاویتەیی بەڕێوەبەری گشتیی کەناڵی کوردستان24 کرد، بۆ کۆچی دوایی باوکی.

 
ملیۆنێک و 260 هه‌زار كه‌س له‌ڕێگه‌ی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ گه‌شتیان كردووه‌

SATURDAY, 12 JULY 2025 16:07:13

سۆران -KDP.info- بەڕێوەبەری نشینگه‌ و پاسپۆرتی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران ده‌ڵێ "ساڵی ڕابردوو ملیۆنێک و 260 هه‌زار كه‌س له‌ڕێگه‌ی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ گه‌شتیان كردووه‌."

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact