میونشن-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٥/٢/١٥، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە بەردەوامیی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ) بە سەرۆکایەتیی یۆھان ڤادیپول، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پەرلەمانیی حزبەکانی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی (CDU) و یەکێتیی کۆمەڵایەتیی مەسیحی (CSU)، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ھاوکاری و پشتگیریی بەردەوامی سیاسی، ئەمنی، سەربازی و مرۆییی ئەڵمانیای بۆ ھەرێمی کوردستان کرد و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی دیاری ئەڵمانیا لە دابینکردنی پێداویستیی گرنگی سەربازی و لۆجستی بۆ پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا، ھەروەھا سوپاسی پەرلەمانی ئەڵمانیای کرد بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی ھێزە ئەڵمانییەکان لە ھەرێمی کوردستان.
لای خۆیانەوە، ئەندامانی شاندی پەرلەمانی، پابەندیی ئەڵمانیایان بۆ بەردەوامیی پشتگیریی عێراق و ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، ھەروەھا ئاماژەیان بە گرنگیی بەردەوامیی ھاوبەشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان و بەھێزکردنی ھاوکاری لە کەرتە گرنگەکاندا کرد.