ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/28، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئێڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە کارکردنی هاوبەشی کوردستان و بەریتانیا بۆ پرسی ئابووری و ئاسایش لە ناوچەکەدا کردەوە.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولامان جەختمان لەسەر پەیوەندیی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان کردەوە، کە پەیوەندییەکی دوور و درێژە. هاوکات لێکتێگەیشتنی باش هەیە، بۆ ئەو نیگەرانییانەی کە ئێستا ڕووبەڕووی جیهان بوونەتەوە، سەبارەت بە کۆچی نایاسایی کە یەکێکە لە نیگەرانییەکان.
دەشڵێت: "بەریتانیا یەکێك بووە لەو وڵاتانەی هەمیشە پشتگیری هەرێمی کوردستانی کردووە، بە شێوەیەکی بەردەوام پاڵپشت بووە لە پێشخستن و ئارامی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان".
ئڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا گوتی: "شانازییەکی گەورەیە بۆ من لە هەرێمی کوردستانم، ئەمەش یەکەم سەردانمە وەك وەزیری ناوخۆ بۆ دەرەوەی ئەورووپا، کە گرنگیی پەیوەندیمان لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان نیشان دەدات.
"حکوومەتەکانمان و دەسەڵاتدارەکانمان چەندین ساڵە کاری زۆریان پێکەوە کردووە بە تایبەتی لە بواری ئاسایش، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەو ئاستەنگانەی کە ناوچەکە ڕووبەڕووی بووەتەوە، دەمانەوێت هاوکارییەکانمان بەردەوام بێت. لە ماوەی داهاتوودا سەرنجمان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان و بەهێزکردنی ئاسایش دەبێت و ئەو هەوڵانەش بۆ گەشەکردنی ئابووری زۆر پێویستە.
"زۆر بابەتی گرنگمان تاوتوێ کردووە لەوانە چۆنیەتیی بەردەوامبوونی هاوبەشیمان، هاوکاریکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەروەها سەرنجمان خستە سەر بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییەتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ماددە هۆشبەرەکان و ئەو چالاکییانەی تر کە تاوانباران دەیکەن.
گوتیشی: پێویستە پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە کوردستان، لە سەرانسەری عێراق و لە هەموو وڵاتان بە سەلامەتی بمێننەوە، بەوپێیەی تاوانبارە ڕێکخراوەکان لەسەر سنوورەکان کار دەکەن، پێویستمان بە هاوبەشی بەهێزی ئەمنی و ڕێککەوتنی نێوان وڵاتان هەیە ئەمەش بۆ ئاسایش و گەشەکردنی ئابووری پێویستە.
لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی: "ئێمە بە تامەزرۆییەوە بەردەوام دەبین لە هاوبەشیمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەردوو بواری ئابووری و ئاسایش بۆ داهاتوو، زۆر سوپاس بۆ ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی ساڵانی ڕابردوو لە هەرێمەکەتان کردووتانە".