ھەولێر-KDP.info- لە گەڕی دووەمی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگ و بەدەستهێنانی 182 دەنگ، مەحموود مەشهەدانی بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆكی نوێی ئەنجوومەنەكه هەڵبژێردرا.
دوای تێپەڕبوونی نزیكەی ساڵێك لەسەر لەكارلادانی محەممەد حەلبووسی، سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ سێیەمجار دانیشتنی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بەڕێوەچوو.
لە دانیشتنەكەدا چوار بەربژێر خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە بەربژێر كردبوو، ئەوانیش بریتی بوون لە (مەحموود مەشهەدانی، عامر عەبدولجەبار، سالم عیساوی و تەڵاڵ ئەلزوبێعی).
لە گەڕی یەكەمدا هیچ كام لە بەربژێرەكان نەیانتوانی دەنگی پێویست كە 166 دەنگ بوو، بەدەستبێهێنن بۆ بوون بە سەرۆك، (مەحموود مەشهەدانی 153 دەنگ، عامر عەبدولجەبار 9 دەنگ، سالم عیساوی 95 دەنگ، تەڵاڵ زوبێعی 0 دەنگ)یان بەدەستهێنابوو، بۆیە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە چووە گەڕی دووەمەوە.
لە گەڕی دووەمدا بەربژێرەكان پێویست بوو 50 +1 دەنگەکان بەدەستبهێنن بۆ چوونە سەر كورسی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
مەحموود مەشهەدانی بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم كە لەلایەن زۆرینەی سوننەکان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و فراکسیۆنە کوردستانییەکان پشتگیری دەكرا، توانی زۆرینەی دەنگەكان بەدەستبهێنێت.
لە گەڕی دووەمدا كە 269 پەرلەمانتار لەنێو هۆڵی پەرلەمان ئامادەبوون، مەشهەدانی توانی 182 دەنگ بەدەست بهێنێت، بەمەش مەشهەدانی بە سەرۆكی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرا.
جێی باسە محەممەد حەلبووسی لە رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2023 بەهۆی داوایەكی یاسایی كە لەلایەن لەیس دلێمی لە دادگای باڵای فیدڕالی تۆماری كردبوو، پۆستی سەرۆك و ئەندامێتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لێ سەندرایەوە، لەو كاتەوە پەرلەمانی عێراق بەفەرمی بێ سەرۆك بوو.