ههولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی ٩ی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی باس لە گفتوگۆی پارتی لەگەڵ لایەنەکان دەکات بۆ پێکھێنانی حکوومەت و دەشڵێت، ئەوەی بەلای پارتییەوە گرنگە دوو بابەتی سەرەکییە.
د.مەردان خدر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھەڵبژاردن فاکتەرێکی بەھێز بوو بۆ ئەوەی کوردستان بە بەھێزی بمێنێتەوە، خۆشبەختانە خەڵکی کوردستان دەنگی بە پارتی دیموکراتی کوردستاندا و ڕێژەیەکی بەرز دەنگی ھێناوە ئەوەش ھۆکارە بۆ مانەوەی کوردستان بە بەھێزی، دوای ئەنجامی کۆتایی دەنگدان کار لەسەر پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بەھۆی ئەوەی کە ھیچ ھێزێک نەیتوانیووە ٥٠+١ بەدەست بھێنێت، بۆیە ناتوانێت حکوومەت بەتەنیا دروست بکات ئیتر دەبێت حکوومەتی داھاتوو ھاوپەیمانی بێت، بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژی شەممە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ھەبوو لەوێ بڕیاردرا کە لیژنەیەک دروست بکرێت بۆ ئەوەی دوای دەرئەنجامی ھەڵبژاردن دەست بەدانوساندن بکرێت.
بەرپرسی لقی ٩ باس لەوەش دەکات: پارتی ڤیتۆی لەسەر ھیچ لایەنێکی سیاسی و لەسەر کەس نییە، پارتی دوو بنەمای داناوە بۆ دانوستاندن، یەکەم: ئەو لایەنانەی کە بەشداری لە حکوومەت دەکەن دەبێت ئەوە بزانن کە قۆناغی داھاتوو دەبێت یەک حکوومەت و یەک ھێزی لەشکری و یەک ھێزی پێشمەرگە ھەبێت و ھەرلایەنێک بەشداری بکات دەبێت باوەڕی بەو بنەمایە ھەبێت. دووەم: دەبێت ھەرلایەنێک بەشداری بکات بەپێی قەبارەی دەنگ و کورسی بەشداری حکوومەت بکات چونکە ھەڵبژاردن بنەمای بەشداریکردنی حکوومەتە، ناکرێت ھیچ لایەنێک لەوەی ھێناویەتی زیاتری پێبدرێت.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئەو ھێز و لایەنە سیاسیانەی ئێستا باسی تەزویر دەکەن ھەر ئەوان بوون بە بەژن و باڵای کۆمسیۆنیان ھەڵدەدا کە دەیان گوت مادام کۆمسیۆنی عێراق بەڕێوەی دەبات ئەم ھەڵبژاردنە پاک و بێگەرد و جیاوازە چونکە چوار بازنەیە و دەیان گوت بەئاماری عێراق ھەڵبژاردن دەکرێت و دەرفەتی تەزویر نییە، ئێستا کە دەنگیان نەھێناوە ھاتوون باسی تەزویر دەکەن، بەڵام دەبێت بەو دەرئەنجامە ڕازی بن چونکە ئەمە حوکمی خەڵک و بڕیاری خەڵکە.