Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 3 NOV 2024 02:10 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

نێچیرڤان بارزانى: بۆ به‌رده‌وامیى ئاوه‌دانى و بنیاتنان، ده‌نگ به‌ پارتى بده‌ن
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە شاری هەولێر رایگەیاند، هیچ كات نە شكست نە بێ هیوایی پێناسەی پارتی بووە.

ئەمڕۆ یەكشەممە رێكەوتی 6/10/2024 نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ھەڵمەتی بانگەشەی لیستی 190ی پارتی لە شاری ھەولێر گوتی: خه‌ڵكى تر، لایەنەكانی تر ململانێ ده‌كەن بۆ ئه‌وه‌ى تۆزێك بگەنە ئاستی پارتی. ئێمە وەكو پارتی‌ قۆناخى ململانێمان به‌جێهێشتووه‌، ئامانجى ئێمه‌ زۆر گه‌وره‌تره لەو ململانێییە‌. ئامانجى ئێمه‌ وەكو پارتی، ئامانجی ئێمە گواستنه‌وه‌ی كوردستانە بۆ قۆناغێكی تری پێشكەوتووتری حكومڕانی لە هەموو ڕوویەكەوە.

ده‌قی گوتاره‌كه‌ی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان: 

هه‌ڤاڵانى هێژا، 

هەموو لایەكتان بەخێر بێن، بەخێر بێن..

هه‌ڤاڵان، ئەمڕۆ هەر له‌ چاوى ئێوه‌دا، لەم گردبوونەوەیەدا، لە چاوی ئێوەدا سه‌ركه‌وتنى پارتى مسۆگەرە. ئەمڕۆ، ئێمە لێرە کۆبووینه‌تەوه‌، تا لەبەر ڕۆشناییی مەشخەڵی (78) ساڵەی پارتیمان، پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بانگه‌شه‌ی هەڵبژاردن بگێڕین. 

هەڤاڵینە، چیرۆكى گەلی کوردستان و پارتی دیموکراتی کورستان، بوونەتە دووانەیەک هه‌رگیز و هەرگیز لە یەكتر جیاناکرێنەوە. پارتیمان لە تاریکترین مێژووی سیاسیماندا، چرایەکی ڕۆشن و هێزێكى پۆڵایین بووە، دژی سته‌م و ملکەچی و بۆ ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری.

هەڤاڵینە، لە ڕابردوودا، ڕێگەمان ئاسان نەبووە، ئێستاش بێ گرفت نین. لە ئایندەی دوور و نزیکیشدا بێ گرفت نابین. ئەمە ڕەوتی ژیانە. بەڵام ئەوەی كە گەلی كوردستان دەبێت بزانێت، پارتی سەربەرزانە مەشخەڵی درەوشاوەمان بەرز ڕاگرتووە و پەیمانی داوە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم ڕێگەیە. 

دڵنیام بە هیممەتی گەلی كوردستان خەونی دێرینمان دێته‌ دى. پارتى مەشخەڵی درەوشاوەی خەبات و قوربانی لە نەوەی پێش خۆى وەرگرتووە بە ئەمانەت. دەبێت نەوەی ئێستای پارتیمان، ئەو مەشخەڵە هەڵگرن و بەرەوە پێشەوە بیبەن.

خۆری ئاڵای کوردستان و خۆری دروشمی پارتی پەیامی بۆ ئێمە، پەیامی بۆ گەلی كوردستان ئەوەیە دەڵێت: دەبێت هه‌میشه‌ بدرەوشێینەوە، هێز و هیوامان نوێ بکەینەوە. لەبیرمان نەچێت، ڕۆژى پارتى هەمیشە هەڵهاتۆتەوە و هەمیشە هەڵدێتەوە بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتمان. 

گەلەکەمان، بە زۆر قۆناخی تاریک و نەهامەتی و شکستدا تێپەڕیوە، بەڵام هیچ کات نە شكست پێناسەی پارتی بووە، نە بێهیوایی پێناسەی پارتی بووە. پێناسەی ئێمە، وەک میلله‌ت، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، خۆر و تیشک و پرشنگ و ڕووناهی و گەشەی ژیانە. پارتى وا لە دایک بووە، وا بەردەوام بووە، هەر بەو ڕەوتەش بەرده‌وام دەبێت. 

هەڤاڵینە، پارتیی ئێمە لە پارتێکی سیاسی گەورەتر بووە. ئێمە بزووتنەوەیەکین، بووینه‌ چرای ڕۆشناییى گەلی کوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە. لە ڕابردوودا ئێمە تاریکیمان ڕەواندۆتەوە. لە سەردەمی ئێستاماندا، دەستپێشخەر و سیمبۆل و گەرەنتیی ئاوەدانی و سەقامگیری و ئاسایشی كوردستان و پێشكەوتنی كوردستانین. 

كه‌ بارزانیى نه‌مر ساڵی (1946) پارتی دیموکراتی کوردستانى دامه‌زراند، تەنها ڕێکخراوێک نەبوو وەک ڕێخراوەکانی پێش خۆی. پارتی، بووە ئەستێرەیەکی نوێی ژیان 

بۆ کورد، بۆ گه‌لى كوردستان، کە لەمێژ بوو بێبەش بوو لە ماف و دەنگ و ناسنامەی خۆی. 

ئێمە پێڕەوانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، پابەندین بەو ڕێبازه‌وە، نەك لەبەر بارزانی بوون، نەك لەبەرئەوەی پارتی دیموکراتی كوردستانیان دامەزراند، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕێبازی کوردایەتی و خۆڕاگری و خەباتی ڕەوای گەلێکی ژێردەستیان بەرجەستە کرد.

هەڤاڵینە، ئەمڕۆ، بوونی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵگەیەکە بۆ ئەو تێڕوانینە، بۆ ئەو ڕێبازە، بۆ کوردستانێکی پڕ ئازادی، هەرێمێک، لەسەر بنەمای دیموکراسی بەڕێوە بچێت، هاووڵاتیانی، سەربەخۆ و دادپەروەرانە هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکتر بکەن. مێژووی دوور و نزیکمان، تێکۆشانی بێوچانی لەخۆ گرتووە.

لەم هەرێمەی ئێمە، لەم كوردستانەی ئێمە، کەم خێزان و بنەماڵه‌ هەن شه‌هید و قوربانییان نەدابێت. ڕەنگی سووری ئاڵاکەمان، هەڤاڵینە، ڕەنگی سووری ئاڵاكەمان وەبیرهێنانەوەی بەردەوامی خوێنی ئەو شەهیده‌ نه‌مرانه‌یه‌. ئەوانه‌ى كه‌ گیانی خۆیان بەخشی، تا ئێمە لێرە پێكەوە بە ئازادی یەكتر ببینین و قسە لەگەڵ یەكتر بكەین، بە زمانی خۆمان قسە بکەین، ئاهەنگ بگێڕین و لەپێناو نیشتمانەکەماندا کاروانی خەباتمان، درێژە پێبدەین. 

ئێمە وه‌فادار و سوپاسگوزاری ژن و پیاوی ئەم گەلەین کە گیانی خۆیان بەخشیوە لەپێناو ئازادیی هەمووماندا. هەڤاڵینە، قوربانیدانی گەلی كوردستان، وەبیرهێنانەوەیە کە ئازادی وەک جەژنانە نابەخشرێت، بەڵکو بە خه‌بات و بە قوربانیدان بەدەست دێت. قوربانیمان بەفیڕۆ نەچووە و ناچێت. هه‌موو قوربانییه‌كانی ئێمە، ئێمەی لە ئامانجی کوردستانێکی ئازاد و دیموکرات، نزیکتر کردۆتەوە. 

لێرەدا دەمەوێت سوپاسی خۆڕاگریی گەلی کوردستان بکەم، چونکە سەرباری ڕووبەڕووبوونەوەی دژوار، هەر لە بڕینی مووچە و هەڕەشەی داعش بۆ نەهێشتنی ئاسەواری ژیان لە کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان، سەرباری گەمارۆی سەربازی، داخستنی ئاسمان و سنووری کوردستان، پشتیوان بوون، گەلی كوردستان پشتیوان بوون له‌ پەرلەمان و لە حکوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێم و هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستان. د

لەگەڵ گەشەکردنماندا، دەبێت ئەم پرەنسیپانە لە کرۆکی هەموو کارەکانمان، ئامانجمان بن، بنیاتنانى کۆمەڵگەیەک کە هەموو تاکێک تێیدا بتوانێت دادپەروەر و سەربەرز بێت. 

هه‌ڤاڵانى هێژا، ئێمە دەبێت وەک مەشخەڵی نەورۆز، کوردستان ڕۆژ به‌ ڕۆژ بەردەوام بێت لە پێشكەوتن، لە نوێکردنەوەی هیوا، بۆ گه‌لى كوردستان، بۆ هەموو ئەوانەی كە باوەڕیان بە ئازادی و دادپەروەری و شکۆمەندیی کوردستان هەیە. هەڤاڵینە، تەنها دەنگی ئازاد و بوێرانەی ئێوە و گەلەکەمان گەرەنتییە بۆ بەردەوامبوونی گەشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و كولتووریى وڵاته‌كه‌مان، به‌ ڕێبه‌رایه‌تیى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى و پارتی دیموکراتی کوردستان. 

هه‌ڤاڵانى خۆشه‌ویست،

تەنها ئەو کەسانەی خۆیان لە بەرپرسیاریه‌تی دەدزنەوە بێ کەموکورتین. ئەوەی لای ئێمەی پارتی ئاشکرایە ئەوەیە کە ئێمە بێ کەموکورتی نین، هه‌موو ئامانجى گەلى كوردستان به‌ شەو و ڕۆژێك نایه‌ته‌ دى. دەزانین لە کەشوهەوای کوردستاندا، پرۆسەی سیاسی لەم كەشوهەوایە ئاسان نەبووە.

ئێمە، بە بەرپرسیاریه‌تیی خۆمانی دەزانین کە کەموکورتیەکانی کارکردنمان دەستنیشان بکەین و چارەی گونجاویان بۆ بدۆزینەوە. بە خۆماندا بچینەوە تا بزانین لە چ بوار و ئاستێکدا بە باشترین شێوە گۆڕانکاری بکەین. چۆن بتوانین لە چەند ساڵی داهاتوودا خزمەتی هاووڵاتییان و نیشتمان و وڵاتەکەمان بە شێوەیەکی باشتر بکەین.

هەڤاڵینە، پاش ڕاپه‌ڕینى ساڵی 1991، جەنابی سەرۆک بارزانی، یەکەم کەس بوو لە شاری کۆیە داواى کرد و دەستپێشخەر بوو بۆ ئەوەی لە ڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە حوکمڕانیی كوردستان یەکلا بکرێتەوە، پارتی و سەرۆكی پارتی بەردی بناغه‌ى دیموكراسى له‌ كوردستان داناوە.

لەو ساڵەوە تاكو ئێستا، خەرمانێکی گەورەمان لە دەستکەوت و ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی هەلومەرجی ژیان بۆ گەلەکەمان،  بەدەست هێناوە. دیارە ئێوەش دەزانن، ئێمەش دەزانین هەموو ئەو كارانە و پڕۆژانە بێ كەموكوڕی نین. 

بەڵام هه‌ڤاڵانى هێژا، گرنگ ئەوەیە دیسانەوە لەم هەڵبژاردنانەی كە لە پێشمانە، متمانە بە پارتی بدرێتەوە، تا لەسەر پرۆژەكانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەی ئابووری بەردەوام بێت.

هەڤاڵینە، ئەرکی ئێوەی ئەندامانی پارتی تا ڕۆژی هەڵبژاردن زۆر گەورەیە. دەبێت بەوپەڕی تواناوە هەوڵ بدەن متمانەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بۆ پارتی نوێ بکرێتەوە. ئێمە دەبێت شانازى بكه‌ین بەوەی تا ئێستا بەدەستمان هێناوە. متمانەی نوێ بە پارتی، واتا گواستنەوەی كوردستان لە قۆناخی ئێستاوە بەرەو قۆناخێکی باشتر و ئاوەدانتر و ئاسوودەتر بۆ هەموو گەلی كوردستان. 

هەڤاڵینە، خه‌ڵكى تر، لایەنەكانی تر ململانێ ده‌كەن بۆ ئه‌وه‌ى تۆزێك بگەنە ئاستی پارتی. ئێمە وەكو پارتی‌ قۆناخى ململانێمان به‌جێهێشتووه‌، ئامانجى ئێمه‌ زۆر گه‌وره‌تره لەو ململانێییە‌. ئامانجى ئێمه‌ وەكو پارتی، ئامانجی ئێمە گواستنه‌وه‌ی كوردستانە بۆ قۆناغێكی تری پێشكەوتووتری حكومڕانی لە هەموو ڕوویەكەوە.

هەڤاڵینە، پێشەنگیی پارتی، واتا گەرەنتیی بەردەوامی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە لە چوار ساڵی داهاتوودا لەپێشتانە. دەبێت دەستکەوتەکانی حکوومەتی هەرێمى كوردستان لە ساڵی 1992ەوە تا ئێستا وەک چاوی خۆمان بیانپارێزین. ئەرکی مێژووییی ئێمەی پارتى‌، ئەوەیە هیچ کام لەم دەستکەوتانە لەدەست نەدین و بە ویژدانەوە ئایندەی چوار ساڵی داهاتووی پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەت دیاری بکەین.

هەڤاڵینە، هەرچی دەکەین بۆ بانگه‌شه‌ى هەڵبژاردن دەبێت لەسه‌ر بنه‌ماى ڕێز بێت بۆ ڕێبازه‌كه‌مان، بۆ شەهیدان و بۆ قوربانی و ئەرکی پاراستنی دەستکەوتەکانمان. پارتی نابێت و ناکرێت، ڕێگه‌ بدات نە خۆی، نە ڕکابەرانی، لە پێشبڕکێی سیاسیدا ببنە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری و ئازادیی کوردستان. 

هەڤاڵینە، پاراستنی قەوارەی هەرێمى كوردستان لە ئەستۆی هەر یەک لە دەنگدەر و ئەندامان و سەرکردایەتیی پارتیدایە. ئەمە ئەرکێکی مێژوویییە، ئەمە ئەركێكی پیرۆزی مێژوویییە، نابێت بۆ یەك ساتیش لێی دوورکەوینەوە. 

تێکدانی هەرێمى كوردستان، مافی هیچ کەس و لایەنێک نییە. هه‌موو هاووڵاتییانی كوردستان، بەرپرسە لە پاراستنی ئەو دەستکەوتە گەورانەی قوربانیمان بۆ داوە. میللەتی ئێمە ئەنفال کراوە، كیمیاباران كراوه‌، ڕاگوێزراوه‌، ئاواره‌ بووه‌، خه‌باتى كردووه‌، تێكۆشاوه‌، لەپێناو گەیشتن بەم ڕۆژە. هەرکەسێک، هەر لایەنێک، بانگه‌شه‌ى تێکدان و ڕووخاندن و لەناوبردنی کوردستان دەکات، بێ بەرپرسانە، هاواری بێهوودە دەکات. 

ئەو کوردستانەی بە خوێنی شەهیدانی هه‌موو پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی و ئایدۆلۆژی گەیشتۆتە ئەم ڕۆژە، ئەم سەروەری و دەستکەوتانەی ئەمڕۆ، ئه‌و كوردستانه‌ى کە به‌ هەڕەشە و هێرشی دوژمنانمان تێکنەچووە، نەڕوخێنراوە، بە هاتوهاواری بانگه‌شه‌ى هەڵبژاردنیش بە دڵنیاییەوە ناڕووخێت. تێکدانی کوردستان و ڕووخاندنی كوردستان و دەستكەوتەكانی ئەم میللەتە، لە فەرهەنگی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزی سیاسیی بەرپرسدا، جێی نابێتەوە. 

لە مێژووی سیاسیماندا، وەك پارتی بەوپەڕی سینگفراوانی و بەرپرسانەوە، هەمیشە دەستپێشخەری هاوکاری و پێكه‌وه‌یى بووین. 

ئێمە داوا لە هاووڵاتیان و دەنگدەرانی هەرێمى كوردستان ده‌کەین، بەرپرسیارانە و وەفادارانە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکان و بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەنگ بدەن بە هێزی پارێزەری کوردستان، به‌ لیستى (190)، دەنگ بدەن بە لیستی پارتی بۆ به‌رده‌وامیى ئاوه‌دانى و بنیاتیان، نەک بۆ تێکدان و ڕووخاندن.

هه‌ڤاڵینە، پارتی منەت بەسەر هیچ کەسێكدا ناکات، هەرچی دەیکەین و کردوومانە، لە کار و خزمه‌تی ڕۆژانەوە بگرە تا شەهیدبوونی پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگرانمان، ئەرکی سەر شانمانە. بۆ خۆمان، ئازادانە ئەو بەرپرسیارییەتییەمان لە ئەستۆمان گرتووە بۆ پتر گەیاندنی خزمەت بە هاووڵاتیان، بۆ خێزانی شەهیدان، بۆ کەسوکاری پێشمەرگە و بۆ هێزی ئاسایش و فەرمانبەر و  وەفادارانی کوردستان.

ئێمە لە کاتێکدا لە ناخی دڵمانەوە داوای لێبوردن دەکەین، داوای لێبوردن لە گەلی كوردستان دەكەین لە کەموكووڕییەكانمان، لە هەمان کاتدا سوپاسی بێپایانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەو متمانەیەی كە چەندین ساڵە بە پارتەكەیان كردووە كە پێشەنگ بووە لە ئاوەدانی و لە پاراستنی سەقامگیریی كوردستان. 

هەڤاڵینە، گەلی كوردستان، ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە سەرلەنوێ به‌ڵین و متمانه‌مان بۆ پارتى نوێ بكه‌ینه‌وه‌. پارتى به‌هێزه‌ به‌ مێژووى خۆى، به‌ سه‌رۆكى خۆى، به‌ ئێوه‌، به‌ پشتیوانیى گەلی كوردستان پارتی بە هێزە و بە هێزیش دەمێنێتەوە.

هەڤاڵینە، سه‌یرى كوردستان بكه‌ن، سەیری ئەو دەستكەوتانە بكەن، ئەوانەی كە تا ئێستا لە سایەی حكومڕانیی پارتی بەئەنجام گەیەنراون، سەیری هەولێر بكەن، پێنج ساڵ پێش ئێستا هەولێر وەكو ئێستا بوو؟ پێنج ساڵ پێش ئێستا زاخۆ وەكو ئێستا بوو؟ پێنج ساڵ پێش ئێستا سۆران وه‌كو ئێستا بوو؟ پێنج ساڵ پێش ئێستا دهۆك وەك ئێستا بوو؟ ئەمانە هەموو لە چی دروست بووە، لە سایەی حكومڕانیی پارتی شانازیی پێوە دەكرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە منەت نییە، گەلی كوردستان شایستەی خزمەتكردنی زیاترە لەوەی كە ئێستا هەیە.

بەڵام هەڤاڵینە، ئەگەر سەیری ڕابردوو و ئەو كێشانە بكەین كە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتوونەتە پێش، دەبینین كە ئێمە ڕێگەیەكی زۆر دوورمان بڕیوە، ئێستاش لەبەردەم خوێنی شەهیدان، لەبەردەم خۆڕاگریی گەلەكەمان، لەبەردەم قارەمانێتیی ئەو پێشمەرگانەی كە بۆ بەرگریی لە كوردستان شەهید بوون و خوێنیان داوە، بۆ ئەو ئاسایشانەی كە هەموو ڕۆژێك شەونخوونییان كردوە بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیریی ئێوە بپارێزن، جارێكی تر ئێمە داوای متمانە لە گەلی كوردستان دەكەین. 

پارتی سەربەرزە بەوەی كە لە قۆناغی سەختدا هەمیشە گەلی كوردستانى لەپشت بووە، بە ئیرادەی خوا و پشتیوانیی ئێوەش، ئەمجارەش لەم هەڵبژاردنانە جارێكی تر پارتی سەربەرزانە لێی دەردەچێت. لەم ئەزموونەی كە لەبەردەمماندایە، پارتی جارێكی تر بە خۆڕاگریی ئێوە، بە پشتیوانیی ئێوە، سەربەرزانە لێی دەردەچێت و بە ئومێد و گوڕ و تینەوە پەرلەمانێك دروست دەكەین، حكوومەتێكی یەكگرتوو دروست دەكەین، هێزی پێشمەرگەی یەكگرتوو دروست دەكەین و بەرەو پێشەوە دەڕۆین.

هەڤاڵینە، به‌ ده‌نگ و متمانه‌ و پشتگیریى ئێوه‌، هەر سه‌رده‌كه‌وین، كه‌موكوڕییەكانی كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ین. به‌ ده‌نگ و پشتگیریتان، پارتى سه‌رده‌كه‌وێت و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پاراستنى ئارامى، له‌ خزمه‌تگوزاری، بۆیه‌ پەیمانی هەموومان بۆ ڕۆژی 20ى ئۆكتۆبه‌ر هەموومان پێكەوە ده‌چینه‌ سه‌ر سندووقى ده‌نگدان و ده‌نگ ده‌ده‌ین به‌ لیستى (190)ی پارتی دیموكراتی كوردستان. 

هەڤاڵینە یەك شت بزانن، داواتان لێدەكەم ئەو متمانەیە بە پارتی بدەن، داوا لە گەلی كوردستان دەكەین ئەو متمانەیە بە پارتی بدەن. لە ڕۆژی دەنگداندا یەك دەنگیش بۆ ئێمە زۆرە، ئەوانەی كە مافی دەنگدانیان هەیە، دەبێت ئەو ڕۆژە ئامادە بن، ئێوەی لاوان، ئێوەی قوتابیان و ئێوەی گەنجان، بە یەك دەنگ، دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن.

ئێستاش هەڤاڵینە، ئەم كاندیدانەی كە لە پشت ئێمە وەستاون، ئەمانە ئەندامی پەرلەمان دەبن، پەنا بە خوا و بە پشتیوانیی ئێوە و خوای گەورە و مللەتی كورد، بەڵام خزمەتكاری ئێوەین، ئێمە هەموومان پێكەوە خزمەتكاری ئێوە دەبین.

متمانەمان پێ بكەن، متمانە بە پارتەكەی خۆتان بكەن، گوێ لە هاوار و بانگەشەی ڕووخێنەری خەڵكی تر مەگرن، ئەوانە هیچییان پێ نییە، هیچییان پێ نییە، دڵنیا بن شەرەفی گەورەی پاراستنی كوردستان، شەرەفی گەورەی پاراستنی خوێنی شەهیدان، شەرەفی گەورەی قوربانیدان و بەرخۆدانی پێشمەرگەی كوردستان لە ئەستۆی ئێوەیە، ئێوە بەرپرسیارێتیتان زۆر لەوە گەورەترە كە بیری لێدەكەنەوە، بۆیە پشتگوێی مەخەن و دەنگ بە لیستی 190ی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن.




دوایین هەواڵەکان

به‌رپرسی لقی 24ی پارتی: كه‌شێكی نوێ دێته‌ ئاراوه‌

SATURDAY, 02 NOVEMBER 2024 16:11:48

هه‌ولێر‌ -KDP.info- به‌رپرسی لقی 24ی پارتی زانیاری دا کە: ته‌نیا مه‌رجی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ "یه‌ك حكوومه‌ت و یه‌ك په‌رله‌مانە.. ده‌شڵێت: ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن په‌سه‌ندبكرێن یه‌كڕاست پارتی ده‌ست به‌ سه‌ردانه‌كانی ده‌كات.

 
ڕێبوار بابکەیی: پارتی دیموکراتی کوردستان حزبی کردارە

SATURDAY, 02 NOVEMBER 2024 16:11:11

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سۆران گوتی: ئەو بەڵێنانەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێش ھەڵبژاردن بە خەڵکی داوە لە کابینەی ١٠یەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەکردار جێبەجێی دەکات.

 

کاروانی بۆ KDP: ئه‌وانه‌ی بارزانی ئاماژەی پێکردن داواکارییەکی نیشتیمانیی گشتین

SATURDAY, 02 NOVEMBER 2024 12:11:00

سلێمانی-KDP.info- ئەبوبەکر کاروانی، سیاسەتمەدارى کورد، په‌یوه‌ست به‌ وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی كه‌ له‌ کۆنگرەی پزیشکیی میزۆپۆتامیا لە شارى هەولێر سەبارەت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خستییه‌ ڕوو كه‌ پێویستە یەک ھەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت و یەک ھێزی پێشمەرگە، هەبێت، ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی کاک مەسعوود بارزانى ئاماژەی پێکردن، بە بڕوای من داواکارییەکی نیشتیمانیی گشتین و هیچ هێزێک نییە بنەماى یەک حکوومەت و پەرلەمان و هەرێم ڕەت بکاتەوە.

 
پەیامی پارتی بریتییە لە خەمخۆری و هه‌مووانیش تێیدا براوه‌ ده‌بن

SATURDAY, 02 NOVEMBER 2024 11:11:31

سلێمانی-KDP.info- مامۆستایه‌کی زانكۆی سلێمانی ده‌ڵێ، پارتی له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ تا ئێستا به‌رده‌وام شه‌رعیه‌تی جه‌ماوه‌ریی خۆی نوێ كردووەته‌وه‌ و به‌ دیدگا و سیاسه‌ته‌ نیشتمانییه‌كانی ویستوویه‌تی هه‌رێمێكی یه‌كگرتوو و به‌هێز و خاوه‌ن ستراتیژ هه‌بێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دییه‌كان و پێشكه‌وتن و ئارامی، کە ئه‌و بنه‌ما گرنگانه‌ی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌م خستووه‌ته‌ رۆژه‌ڤی سیاسیی كوردستانه‌وه‌.

 
سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە مەحموود مەشهەدانی دەكات

FRIDAY, 01 NOVEMBER 2024 18:11:35

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ هەینی 1ـی تشرینی دووەمی 2024 سەرۆک مەسعود بارزانی و مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام دا.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact