بەردەڕەش -KDP.info- بەڕێوبەری ئاوی بەردەڕەش گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە ٥٠ پڕۆژە بە گوژمەی ٣ملیار و ٥٠٠ملیۆن دینار ئەنجام دراوە.
ئەندازیار ڕێبەری نازم خورشید، بەڕێوەبەری ئاوی بەردەڕەش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆر بە کەرتی ئاوی قەزای بەردەڕەش دراوە، ئێستا بەھۆی ئەنجامدانی پڕۆژەی بەردەوام گرفتی کەمئاویمان نەماوە ، چونکە لەم کابینەیە زیاتر لە ٥٠ پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە ٣ملیار و ٥٠٠ملیۆن دینار ئەنجام دراوە، زۆربەی پڕۆژەکانیش تەواو بوونە و کەوتوونەتە خزمەت ھاووڵاتییان.
ئەندازیار ڕێبەر نازم خورشید گوتیشی: ٣٥ بیری تازە لێدراون، ٣٨کم تۆڕی ئاو دانراوە، چەندین پڕۆژەی دیکەش لە سەنتەری قەزا و دەوروبەری ئەنجام دراون و بڕیارە گوژمەیەکی دیکەی پارەشمان بۆ تەرخان بکرێت و کۆمەڵێک پڕۆژەی تازە ئەنجام بدەین.
خورشید باسی لەوەش کرد: پلانمان ھەیە پڕۆژەیەکی گەورەی ستراتیژی ئاو لە بەردەڕەش لەسەر زێی گەورە ئەنجام بدرێت و لەجیاتی ئاوی ژێرزەوی پشت بە ئاوی سەرزەوی ببەستین، پێشتر پڕۆژەکە دیزاین کراوە و چاوەڕێ دەکەین حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بودجەی بۆ تەرخان بکات، ئەو کات پێویستیمان بە بیر و ئاوی ژێر زەوی نامینێت.
بڵند ئیبراھیم