ھەولێر-KDP.info- یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تا ئێستا بەغدا تەواوکەری مووچەی مانگی هەشتی نەناردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "مووچەی خەڵکی کوردستان لە دوای هەناردەکردنی نەوت کەوتووەتە دەست بەغدا، بە پلانی ئەو لایەن و کەسانەی کە ئێستا بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن، مووچەی خەڵک دوا کەوتووە، بەهۆی ئەوانەوە حکوومەتی عێراق یاری بە ژیانی خەڵکی کوردستان دەکات، هەر ئەوان مووچەی خەڵکیان خستە دەست بەغدا.
حەملان دەڵێت، "دەبوو سەرەتای ئەم مانگە مووچەی تەواوکاری مانگی هەشت بهاتایە، تا ئێستا نەهاتووە هیوادارین ئەمڕۆ بینێرن. لەسەر وردبینی مانگی نۆش، بەغدا هەندێک تێبینی ناردووە دەڵێن دەبێت کوردستان مووچەی مانگی دوو بکەنە بنەمای دابەشکردنی مووچە. لە کاتێکدا هەموو مانگێک عەلاوە و تەرفیعاتی وەزارەت هەیە، بەتایبەت وەزارەتە ئەمنییەکان، لەبەر ئەوە جیاواز دەبێت، لیستی مووچە هیچ مانگێک وەک مانگێکی دیکە نابێت، ناتوانی بڵێیت لیستی مانگی نۆ هاوشێوەی لیستی مانگی هەشتە یان حەوتە، هەر مانگە لیستی مووچە بە جۆرێک دەبێت.
ڕێباز حەملان گوتیشی، "هەندێک وردەکاری هەیە کاری وەزارەتی داراییە، لە مۆڵەتی ساڵانە و هەندێک وردەکاری دیکە، بەڵام ئەوانەی بەغدا دەیڵێت تەنیا بیانووگرتنە بۆ دواخستنی مووچەی خەڵک.
ڕاشیگەیاند، "وەزارەتی دارایی بە تەنسیق لەگەڵ دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەربارەی ئەو بابەتە، لە گفتوگۆدان، بەڵام ئەو بەشەی کە نەهاتووە، بڕێکی زۆرە.. 243 ملیار دینار بڕێکی گەورەیە لە داهاتی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان ئێستا داهاتی ناوخۆکەی لە %50 دەنێرێت بۆ بەغدا، داهاتی نەوتی نەماوە هیچی لەبەردەستدا نەماوە تاکوو قەرەبووی ئەو بڕە بکاتەوە کە نەنێردراوە، بۆیە چاوەڕیی بەغدان، ناشکرێت دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت هەندێک وەزارەت وەری بگرێت و هەندێکی وەری نەگرێت".