ھەولێر-KDP.info- علی حســێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، ڕایگەیاند، ساڵانێکە دەڤەری سلێمانی و دەوروبەری، بە دەست حزب و لایەنی ئیدارەی خۆجێی ئەو شوێنانەوە بووە، ئەوان خزمەتگوزارییان نەکردووە و بەرپرسن لە نەبوونی شەقام و خزمەتگوزاریی سنوورەکانیان، ئیدارەی خۆجێیی ئەو سنوورانە لە دەستی پارتی دیموکراتی کوردستاندا نەبووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لە هەورامانەوە تا دەگاتە زاخۆ یەک حکوومەت و یەک سەرچاوەی داهات، یەک بڕیاری ئیداری سیاسیی لە هەموو کوردستان هەیە".
عەلی حوسێن دەڵێت، "ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانین بەبێ جیاوازیی خزمەتی هاووڵاتیان بکەین. هەموو لایەک دەزانێت ساڵانێکە لە دەڤەری سلێمانی و دەوروبەری و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینیش، ئیدارەی خۆجێیی بە دەست پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نەبووە. ئیدارەی خۆجێیی ئەو شوێنانە، لە دەست حزب و لایەنی دیکەدا بووە.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستە ڕوو، "ئەو توانا داراییەی لەناوخۆ یاخود نەوت ئەویش بەهەمان شێوە بەپێی ژمارەی دانیشتوان بووە، هەروەها لەسەر داوای ئیدارەی ئەو سنوورانە بووە کە خۆیان هاوردەکان وەرگرن و خۆشیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێ بکەن و شەڕیان لەسەر ئەو هاوردەکردنە کردووە کە دەبێت بەدەستی ئەوانەوە بێت، چونکە ئێمە دەتوانین بەو هاوردەیە خزمەتێکی زۆری ئەو سنوورانە بکەین.
عەلی حوسێن راشیگەیاند، "ئەگەر بەراوردێک لەگەڵ ئەو شوێنانە بکەین کە لەدەستی ئیدارەی خۆجێیی، جیاوازییەکی زۆر هەیە، ڕاستە هەمووان لە حکوومەتەدا بەشدارن بە یەکێتی، گۆران، حزبی سۆسیالیست و پێکهاتەکانیشەوە، بەڵام ئیدارەی خۆجێیی بەپێی ژمارەی دانیشتووان بووە. ئەو سنوورەی بەدەستی پارتی نەبووە، بە دەستی ئیدارەی ئەو سنوورە بووە، واتە ئەو لایەنەی کە ئیدارەی ئەو سنوورەی کردووە و ئەو خزمەتی خەڵکی نەکردووە. لە شەقام و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئاو، باخچە و سەوزایی و هەموو ئەوەی بۆ ژیانی هاووڵاتییان گرنگە".