Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 11 JUL 2025 01:26 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

78 ساڵ بەرخودان لە مافەکانی کورد و کوردستان
| KDP.info


ڕزگار نوری شاوەیس

یادکردنەوەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەر لە (٧٨) ساڵ ئەم پرسیارەی بە بیرمدا هێنا، بۆچی ناحەزان و دژە ئازادیی کورد و کوردستان، بەردەوام، ڕاستەوخۆ بووبێت یان بە پەنهانی، لە ڕێی نۆکەران و سیخوڕانیانەوە بەهەموو ئەوەی لەدەستیان هاتووە، دژایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردووە و حەز بە بوونی ناکەن لە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشاندا..؟!

پرسیارێکە پێویستە هەموو ئەوانەی خەمخۆری ئێستا و ئایندەی کورد و کوردستانن جار جارێک لە خۆیانی بکەن و بە ویژدانەوە وڵامی بدەنەوە.

ئەگەر به‌ دوای ماناکانی توانا و ئیرادەی بەرخودان و چالاکیی سیاسی و پارتیزانیی بە پیت و بەرهەمهێنەردا بگەڕێین، ئەوا (٧٨)ساڵ خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان و قوربانییەکانی ئەوە دەسەلمێنن کە ئەم پارتە کوردستانییە ڕەسەنە کە لە زێدانی ژان و ئاواتەکانی نەتەوە زوڵم لێکراوەکەمانەوە لە دایکبووە، لە جۆرێک نییە کە بەرامبەر زەبروزۆر و پیلانی ڕەش و جۆراوجۆری زەوتکەرانی مافەکانمان، چۆک دا بدات، و لە ڕێی تێکۆشان لابدات.

پارتی وەک هێزێکی میللیی دیموکراتی و ئازادیخواز و توانایەکی بەرگریکەر و پارێزەر لە مافەکانی کورد و سەرجەم گەلی کوردستانی عێراق لە زەمەنێکی هێجگار سەخت و دژواردا دامەزرا (کورد وتەنی جادەکە تەخت نەبوو و ناهاتۆتە سەر حازری..)، مەسەلەی دیموکراتییەت و مافەکانی مرۆڤ و بیری پێشکەوتووی ئازادیخواز و مافی جارەنووس، بەلای ڕژێمە فاشیزم و شۆڤێنیە هەرێمییەکانی دەوروبەر، جینایەتی گەورە بوون، سزای هەواداران داواکارانیان زیندانیکردن و لەسێدارەدان بوو، گەلێکیش بوون ئەو زلهێزە جیهانییانەی خاوەن بەرژەوەندیی گەورە بوون لە ناوچەکەدا کە پشت و هاندەری ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرییە سەرکوتکەرانە بوون.. ڕاستە کە (هاوپەیمانێتیی سەنتۆ – عێراق و تورکیا و ئێران و پاکستان – ) بەچاودێریی و فەرمانی وڵاتانی زلهێزی ڕۆژئاوایی بۆ بەرەنگاربوونەوە و دژایەتی (یەکێتیی سۆڤیەت) دامەزرا، بەڵام دروستیشە و مێژووش گەواهە کە ئەو هاوپەیمانێتییە لایەنێکی گەورەی چالاکییە سەربازی و هەواڵگەرییەکانی بۆ لێدانی بزاڤە ئازادیخوازەکانی ناوچەکە بووە، بە تایبەتی ئازادیخوازانی کورد لە کوردستاندا.

کۆماری کوردستان (مەهاباد) بە زەبری هێز و پشتگیری و ڕێكکەوتنی نێوان هێزە سەرکەوتووەکانی جەنگی دووەمی جیهانی ڕوخێنرا، بەدیار چاوی ئەوانە (کە بە حساب بەسەر نازییەت و فاشییەتیدا سەرکەوتوون..!) ئێرانی شاهەنشاهی دڕندانە کەوتە سەرکووتکردنی سەرکردەکانی ئەو کۆمارە شەهیدە، ئەوەی زیندانیکرا زیندانیکرا، ئەوەی لەسێدارە درا لە سێدارەدرا.. (مستەفا بارزانی) خاوەن ئەزموونی شۆڕشگێری و بەرخودان کە یەکێک بوو لە سەرکردە دیارەکانی ئەو کۆمارە، خۆی نەدا بەدەستەوە و لە داستانێکی بوێری ئیدامە پێدانی خەبات، بە هێزێکی چەکدارەوە سنوورەکانی ئێران و عێراق و تورکیای بەزاند و خۆی و هێزەکەی پاش چەندین شەڕ و پێکدان لەگەڵ سوپاکانی ئەو سێ وڵاتە، گەیاندە یەکێک لە کۆمارەکانی ئەودەمەی یەکێتیی سۆڤیەت..

بارزانیی نەمر، کە خاوەنی ئەزموونی شۆڕشەکانی بارزان بوو، بەشداربووی دیار و بەئەمەکی کۆماری کوردستان بوو، بۆ ئەوە خۆی نەگەیاندە (یەکێتیی سۆڤیەت) وەک پەنابەرێک دانیشێت و جێنشین بێت، ئەو خۆدەربازکردنەی بە هەنگاوێکی نوێ دانا بۆ ئیدامە پێدانی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەی، بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە دەکرد کە خەباتی نەتەوەمان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە، یەک زنجیرەیە کە ئەلقە بە ئەلقە پێکەوە گرێدراوە و نابێت ببسێت و دەبێت بەردەوام بێت و کاتێک بڕیاری دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی دا، بڕیاری ئیدامە پیدانی خەباتی نەتەوەکەمان بوو، خەباتێک لەژێر سایەوئاڵای پارتێکدا کە هەموو چین و توێژەکانی گەل بە بۆچوونە جیاوازەکانیانە لە یەک سەنگەر و یەک پەیامی ئازادیخواز لە یەک پارتدا گرد بکاتەوە، پارتییەک کە تەوەر و فەلسەفەی تێکۆشانی یەکڕیزی و گردبوونەوەی هەموو هێز و تواناکانی گەل بێت، هەر هەمووی لە ژێر چەتری (کوردایەتی) و بەرگریکردن (لە کوردبوونیان) کۆ ببنەوە.. ئەوە بوو لە (١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦) پارتی دیموکراتی کوردستان لە یەکگرتنی چەندین پارت و ڕێکخراو و کەسایەتیی سیاسی و ڕۆشنبیر و کۆمەڵایەتیی خاوەن ئەزموونی تێکۆشان دامەزرا و ڕێگای سەختی خەباتی بە وورە و ئیمانێکی پتەو بەڕەوایی مافەکانی کورد و کوردستان کەوتنە سەر ڕێ.. پارتی تا لە توانیادا بوو ڕێگای خەباتێکی سیاسیی گرتە بەر و درووشم و ئامانجی سیاسییەکانی گیرۆدەی خەباتە نەتەوایەتییە کوردستانییەکە نەکرد، بەڵکو یەک لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی خەباتی داوای دیموکراتییەت و حوکمرانییەکی دادپەروەرانە بووە لە عێراقدا کە مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی عێراقی تیدا پارێزراو بێت.. بەڵام کە ڕژێمە سەرکوتکەرە عەسکەرتارەکانی عێراق وه‌ڵامی ئەم داواکارییە ڕەوایانەی کە لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی عێراق بوو بە ئاگر و ئاسن زیندانی کردن و لەسێدارەدان بوو، پارتی دیموکراتی کوردستان ناچار بوو خەباتی چەکداریی بخاتە پاڵ خەباتە سیاسییەکەی وەک مافێکی بەرگری لە ژیان و گوزەران و ئایندەی بوونی نەتەوەیەک..

پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەن دوو شۆڕشی مەزنە و ئیدامە پیدەری خەباتی سەدەیەک ساڵی نەتەوەمانە، خاوەنی خەباتێکی بێگەردی بنیاتنەرە دوور لە هەموو بۆچوونەکانی تیرۆر و تۆڵە و بوغزوکینە، تەنانەت بەرامبەر دوژمن و ناحەزەکانیشی..

پارتی خاوەنی ڕێکەوتننامەی (١١ی ئازاری ١٩٧٠) کە تیادا شۆڤێنیترین ڕژێمی نەتەوەیی عارەبی ناچارکرد دان بەڕەوایی داوا و ڕەوایی مافه‌کانی کورد بنێت و ئەو ڕێكکەوتننامەیە ببێتە بەردی بناغەی گوزەرانی ئەمڕۆ و ئایندەمان..

هەموو کەسێک ئەگەر بە ویژدانەوە و بیرێکی نیشتیمانپەروەرانەوە متاڵایەکی خێرای مێژووی خەباتی ئەم پارتە کوردستانییە قاڵ بووی خەباتە بکات، ئەو ڕاستییەی لە بەرچاو ڕووندەبێتەوە کە پارتی هەمیشە خاوەنی ئەو توانایە بووە بەرگەی سەختترین و ناهەموارترین زەبر و فشار بگرێت و بەهێزتر لە جاران ئیدامە بە خەباتی بدات کە خەباتی هەموو کوردێکی وڵاتپارێزە.

پاش پیلانە هەمەلایەنە ڕەشەکەی (جەزائیر – ساڵی ١٩٧٥) گەلێک بوون ئەوانەی وایاندەزانی کە پارتی لە ژێر زەبری ئەو گەمارۆدان و چاودێرییە دڕو چڕە هەڵسانەوە و دەرچوونی نییە، بەڵام زۆری نەخایاند، بە هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان هاتەوە مەیدانی خەبات..

دوژمنان و ناحەزان گەرەکیان بووە بە هەموو شێوەیەک و بە جۆرەها پیلان لە بەهای بەرزی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن یان کەم بکەنەوە و ئیرادەبەرخودانی ببەزێنن یان لاوازی بکەن، بە هەموو شێوەیەک لە یەکڕیزیی توانای خەباتی نەتەوەمان بدەن، ئەو یەکڕیزییەی کە تەوەرێکی سەرەکیی ستراتیژییەتی پارتییە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خەباتی نەتەوەییمان.. دوژمنان وەک پلانێک بۆ پەرتەوازەکردنی هێز و تواناکانی گەلی کوردستان، جۆرەها حزب و ڕێکخراوی کارتۆنی و بەناوی کوردی و کوردستانی، تەنانەت چەندین جار و بێشەرمانە حزبیشیان بەناوی پارتی دیموکراتی کوردستان هەر بۆ لێدانی توانای ئیدامە پیدانی خەباتی پارتی، درووستکرد..

لە وه‌ڵامی ئەو پرسیارەی ئەم باسەم دەستپێکرد.. دەڵێم ئەو هەموو زەبر و فشار و هاشەوهوشە و پڕوپاگەندە دژایەتییەی ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە و دەکرێت، لەبەر ئەوەیە کە دەزانن ئەم پارتە خاوەنی ئەو توانا و بیروباوەڕە پتەو و نەگۆڕەیە کە هیچ جۆرە مساوەمەیەک لەسەر بچووکترین مافەکانی تا گەورەترینیان ناکات، ئامانجی بەردەوامی هێنانە دیی ئەو ئاواتانەن کە شایستە بە خەبات و قوربانییەکانی نەتەوەمان..

بەڵێ دوژمنان و ناحەزان هەمیشە ترس و سڵکردنەوەیان لە ڕەسەنی خەباتی پارتی و توانای نەفەس درێژیی بەرخودانی هەبووە و هەیە..




دوایین هەواڵەکان

سبه‌ی هەرێمی کوردستان میوانداری بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکی گرینگ و چارەنوسساز دەکات

THURSDAY, 10 JULY 2025 21:07:18

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو ئاسانکارییەک کراوە بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چەکدانانی ژمارەیەک چەکداری پەکەکە ده‌شڵێت، هەرێمی کوردستان میوانداری ئه‌م پرۆسە گرنگه‌ دەکات.

 
کۆمپانیا کەنەدییەکان دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن

THURSDAY, 10 JULY 2025 18:07:10

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت "پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و کەنەدا زۆر باشە و کۆمپانیا کەنەدییەکان دەیانەوێت بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن، ئێمەش وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاری و ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکەین." 

 
شانده‌كه‌ی پەرلەمانتارانی دەم پارتی ئەمشەو لە هەولێر دەمێننەوه‌

THURSDAY, 10 JULY 2025 15:07:27

ھەولێر-KDP.info- بۆ بەشداربوون لە رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، شاندێکی پەرلەمانتارانی دەم پارتی و کەسایەتییەکانی باکووری کوردستان گەیشتنە هەرێمی کوردستان. 

 
ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

THURSDAY, 10 JULY 2025 13:07:31

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان چەند کەسێک لە سەر کێشەی زەوی و زار، گرژی و نائارامی لە ناوچەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر دروست بوو کە بە داخەوە بووە هۆکاری زیانی گیانی و ماددی.

 
بزانه‌ کابینەی نۆیه‌م لە سنووری هەر چوار پارێزگادا چی له‌ بواری ڕێگەوباندا كردووه‌

THURSDAY, 10 JULY 2025 13:07:19

ھەولێر-KDP.info- لە ماوەی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی تەنیا لە کەرتی ڕێگه‌وباندا لە سنووری هەر چوار پارێزگاکە و هەر چوار ئیدارە سەربەخۆکەی هەرێم، بە درێژایی 2681 کیلۆمەتر ڕێگه‌ دروستکراوە، لە پێناو بەهێزکردنی ژێرخانی ڕێگەوبان و ئاسانی هاتوچۆی هاووڵاتیان و بەستنەوەی ناوچەکان بە یەکتری.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact