Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 12 JUN 2025 16:17 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سەرۆك بارزانی دەیەوێ چیمان پێ بڵێت؟
| KDP.info


زكری مووسا

بەرگی شەشەمی كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد (كوردستان و عێراقی نوێ) لە نووسینی سەرۆك مەسعود بارزانی كە لە دوو بەشی جیا و 1234 لاپەڕە و ژمارەیەكی زۆری دیكۆمێنت و وێنەی مێژوویی پێكهاتووە، باس لە قۆناغێكی گرنگ و پڕ لە دەستكەوت و هەوراز و نشێوی مێژووی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی 2003 هەتا 2016 دەكات.

ئەو كتێبە لەلایەن كەسێكەوە نووسراوە كە ڕاستەوخۆ بەشدار بووە لە دروستكردنی ڕووداو و بڕیار و قۆناغە گرنگەكانی ئەو ماوەیە لە عێراق و كوردستان. ئەو كتێبە بە وردی پێمان دەڵێت كە ڕۆڵی كورد لە یەكخستنی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و یارمەتیدانی هاوپەیمانان و بنیاتنانی عێراقی تازە و ڕووخاندنی ڕژێمی پێشوو و نووسینەوەی دەستوور و هەوڵدان بۆ جێگیركردنی سیستەمێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی و تێپەڕاندنی قۆناغە تاریكەكانی پێشووی عێراق چەندە جەوهەری و یەكلاییكەرەوە بووە. هیچ گومانێك لەوەدا نیە ئەگەر ئامادەیی و دەستوبردی سەركردایەتی كورد نەبا پڕۆسەی ئازادسازیی عێراق و ڕووخانی ڕژێم، ڕووداوێكی ئەستەم و مەحاڵ دەبوو. بۆیە سیستەمی سیاسیی تازەی عێراق و تاك تاكی دەستەڵاتدارانی ئێستای عێراق قەرزاری ڕۆڵی كوردن لە بنیاتنانی عێراقی نوێدا. ئەمە حەقیقەتێكە كە بەداخەوە هەر خۆشمان وا خەریكە لەبیری دەكەین و بایەخی پێ نادەین. 

بایەخی سەرەكیی كتێبەكەی سەرۆك بارزانی لەوەدایە كە بەبیر خوێنەران و توێژەران و نوخبەی فكری و سیاسی و میدیایی كورد دەهێنێتەوە كە باش بزانن، بەبێ كورد عێراقی نوێ دانەمەزرا. بە خوێندنەوەی ئەو كتێبە بۆمان دەردەكەوێت كە چۆن كورد پێداگری كردووە لە مافە مەدەنیەكانی هاووڵاتیان و چەسپاندنی مافی پێكهاتەكان و چەمكی شەراكەت و تەوافوق و تێپەڕاندنی لاپەڕە شوومەكانی پێشووی مێژووی عێراق. 

پێشمان دەڵێت، ئەوەی گەلانی عێراق تەمەننایان دەكرد و كورد زۆر هەوڵی بۆ دا، زۆر دەستی دەرەكی و ناوخۆیی هەبوون، نەیانهێشت بێتە دی. پێشێلكردنی دەستوور و نەفەسی تایفەگەری و پشتكردن لە بەڵێن و ڕێككەوتنەكان و گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و جێبەجێكردنی ئەجێندای دەرەكی و بەڵای تیرۆر و باڵادەستبوونی میلیشیاكان و ئەو دۆخە نالەبارە ئابووری و سیاسی و ئەمنیەی لە عێراقدا هەموومان پێیەوە دەناڵێنین، بووە وێنەی گشتیی عێراق و دەوڵەتی عێراق كەوتە سەرلیستی دەوڵەتە هەرە هەژار و گەندەڵ و ناسەقامگیرەكانی ناوچەكە. بەڵام ئەو هەڵگەڕانەوەیە چۆن ڕووی دا؟ كێ بوونە هۆكار بۆ ئەوەی عێراق بەو دەردە بچێت و خەڵك خۆزگە بە ڕابردوو بخوازێ؟ خوێندنەوەی بەرگی شەشەمی كتێبەكەی سەرۆك بارزانی وەڵامی ئەو پرسیارانەی بە ڕوونی تێدایە.

لەبارەی دەركەوتنی داعش و قارەمانێتی و گیانفیدایی پێشمەرگە و ڕۆڵی خەڵكی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا كتێبەكەی سەرۆك بارزانی زانیاریی ورد و مێژوویی بۆ هەموومان دەخاتەڕوو. ئەو پێمان دەڵێ چۆنچۆنی پێشمەرگە دەرگیری شەڕێكی زۆر ئاڵۆز و دژوار بوو لەگەڵ دوژمنێكی تازەنەفس و دڕندە كە باشترین چەكەكانی سەردەمی لە هەردوو سوپای عێراق و سووریا كەوتبووە دەست. هاتنی داعش بەو فراوانیە و هەبوونی دەیانهەزار چەكداری بیانی لەناو ڕیزەكانی و پەلاماری دڕندانەیان بۆ كوردستان پڕۆژەیەكی شوومی هەواڵگریی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بوو و، ویسترا وەك چەكێكی كوشندە لەدژی كوردستان بەكار بهێنرێت. ئەویش بە مەبەستی وەستاندنی گەشەی كوردستان و خنكاندن و تێكشكاندنی خەون و ئازادیخوازیی گەلی كوردستان. لەو كتێبەدا لەوە تێدەگەین كە چۆن كورد بەرگریی كرد و شانازیی خوڵقاند و ئەفسانەی داعشی شكاند. لە شەڕی شكاندنی داعشدا پێشمەرگە لە بەرەیەكی 1000 كیلۆمەتریدا 14 هەزار شەهید و برینداری دا. لەباسكردنی شەڕی داعشدا پەیامی كتێبەكەی سەرۆك بارزانی ئەوەیە كە كورد خۆی بەدەستەوە نەدا و ئیرادەی هەبوو و بەرگریی كرد و سەرئەنجام بەسەر تیرۆردا سەركەوت. 

لەو جەنجاڵە سیاسی و میدیاییەی ئێستا هەیە دەیانەوێ كورد هەمیشە لە قەپێلكی خۆبەكەمزانین و بێئیرادەییدا بمێنێتەوە و مێژووی دوور و نزیكی خۆی نەزانێ و شەیدای ئەویتر بێت، یانیش گاڵتەی پێ بكات. شانازی و ڕۆڵ و قوربانیدانەكانی بەهەند وەرنەگرێ و فەرامۆشی بكات و بە سەرگەردانی و بێ هەدەفی بمێنێتەوە. بەڵام سەرۆك بارزانی لەو كتێبەیدا دەیەوێ بڵێت ئێمە هەبووین و هەین و دەشمێنین. دەبێ مێژووی خۆمان بزانین و قوربانیدانەكانمان هەرگیز لەیادی نەكەین. ئەگەر خۆمان قەدری خۆمان نەزانین و بایەخ بە شانازی و دەستكەوت و مێژوو و هەوڵ و دەستكەوتەكانمان نەدەین، كەس ناچار نیە بایەخمان پێ بدات و مێژوومان بە دروستی بۆ بنووسێتەوە... و سەرئەنجام دەكەوینە پەراوێزی پەراوێزەكان و نامێنین...




دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە گەل و حکوومەتی هیندستان دەکات

THURSDAY, 12 JUNE 2025 15:06:44

ھەولێر-KDP. info - مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی هاوخەمی و هاوسۆزیی بە گەل و حکوومەتی هیندستان و ئەو وڵاتانە گەیاند کە لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەک لە شاری ئەحمەد ئابادی هیندستان بوونە قوربانی.

 
ھێمن میرانی زانیاری نوێ له‌ باره‌ی نوێكردنه‌وه‌ی لۆگۆی تاکسی بۆ KDP ده‌خاته‌ڕوو

THURSDAY, 12 JUNE 2025 11:06:00

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، لۆگۆی تاکسی لە بەرژەوەندی شۆفێر و ھاووڵاتیان دایە و بۆ سەلامەتی سەرنشین و ھاووڵاتیانە، بۆیە ئومێدەوارم سەرجەم شۆفێرەکان پابەندبن.

 

وەزیری ناوخۆ پۆلیسی نەوجەوانانی ڕاسپارد بۆ جێبەجێ کردنی پلانەکە

WEDNESDAY, 11 JUNE 2025 21:06:09

هەولێر-KDP.info- ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، پاڵپشتی خۆی بۆ وەزارەتی کار ڕاگەیاند بۆ نەهێشتنی دیاردەی کار کردن و دەرۆزەکردنی منداڵان لەسەر شەقام و لە ترافیکلایتەکان و پۆلیسی نەجەوانانی ڕاسپارد بۆ هاوکار بوون لە جێبەجێ کردنی پلانەکە.

 
پێویسته‌ هاووڵاتییان په‌له‌ بكه‌ن له‌ بەئه‌لیكترۆنیكردنی فۆرمی خۆراك

WEDNESDAY, 11 JUNE 2025 19:06:31

هه‌ولێر-KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد "پێویسته‌ هاووڵاتییان په‌له‌ بكه‌ن له‌ به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی فۆرمی خۆراك، دەنا به‌شه‌ خۆراکیان ڕاده‌گیرێت." 

"کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ بەردەوامە"

WEDNESDAY, 11 JUNE 2025 17:06:10

چەمچەماڵ -KDP.info- قایمقامی قەزای چەمچەماڵ گوتی "کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ بەردەوامە و بەتەواوبوونی تا ٥٠ ساڵی دیکە کێشەی کەم ئاوی چارەسەر دەبێت، کە زیاتر لە ٢٠٠ھەزار کەس سوودی لێ وەردەگرن." 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact