بەغدا-KDP.info- وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، پڕۆسەی وردبینیکردن لە ناوی کاندیدانی لایەنەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامی ھەیە و تاوەکو تەواو نەبێت پڕۆسەکە ھیچ گۆڕانکاریەک ڕوونادات، چونکە بڕیارە ئەم ھەفتەیە بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی ھەردوو وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم و عێراق بکرێن.
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەلای، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پڕۆسەی وردبینیکردن لە ناوی کاندیدان بەردەوامی ھەیە و لە ڕۆژانی داھاتوو ناوەکان ڕەوانەی دەستەی نەزاھە و ھەردوو وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم و عێراق دەکرێت بۆ ئەوەی ئەوانیش لێکۆڵینەوەی خۆیان ئەنجامبدەن، بۆیە جارێ پڕۆسەکە بەردەوامی ھەیە و تاوەکو ئێستا ھیچ گۆڕانکاریەک ڕووینەداوە و دوای تەواوبوونی وردبینی و لێکۆڵینەوە ئەوکات ئەنجامەکان دیار دەبن.
جومانە غەلای گوتیشی: دوای دەستپێکردنی پڕۆسەی وردبینیکردن پێویستە دوای ڕەوانەکردنی بۆ لێکۆڵینەوە لە ماوەی ١٥ ڕۆژ کارەکان تەواوبن لەسەرجەم ناوەکان و دواتریش ئەنجامەکان دیار دەبن، بۆیە لەئێستادا پڕۆسەکە بەردەوامە و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبن و ئەنجامەکانیش ڕادەگەیندرێت، چونکە ئەم ھەفتەیە ناوەکان بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانە دەکرێن.
بە وتەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیارە لەدوای تەواوبوونی وردبینیکردن و لێکۆڵینەوە لە ناوی کاندیدان تیروپشک بۆ ژمارەی ناوی کاندید و لیست و ھاوپەیمانان بکرێت، کە بڕیارە لە ٢٠-١٠-٢٠٢٤ پڕۆسەی ھەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
ناوبراو دەشڵێت، لە ١-١-٢٠٢٤ تاوەکو ٢٥-٧-٢٠٢٤ لە ھەرێمی کوردستان لە دەنگدانی گشتی ٤٤٧ ھەزار و ٩٢٧ کارت دابەشکراون و ئەوانەی ماویشن ژمارەیان ٦٦٦ ھەزار و ٢٢٦ کارتە و لە دەنگدانی تایبەت ٤٢ ھەزار و ٨٣ کارت دابەشکراون و ١١٦ ھەزار و ١٤١ کارتیش ماون و لە دەنگدانی ئاوارە و پەنابەران ٢٢ ھەزار و ٤٨٧ کارت دابەشکراون و ٣٦ ھەزار و ٦٣٠ کارتیش ماون دابەش بکرێن، بۆیە بەگشتی ٨١٨ ھەزار و ٩٩٧ کارت ماون دابەش بکرێن و ٥١٢ ھەزار و ٤٩٧ کارتیش دابەش کراون، بۆیە داواکارین خەڵک بچێت کارتی خۆی وەربگرێتەوە لە بنکەکانی دابەشکردنی کارتەکان کە ژمارەیان ١٧٣ بنکەی دەنگدانە لە ھەرێمی کوردستان.
بڵند ئیبراھیم