ھەولێر-KDP.info- د. ڕۆژ نوری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەر لە کۆچی دوایی کتێبێکی ٦٥٤ لاپەڕەیی بە نێونیشانی گەشتێک بە ژیانی پێشمەرگایەتییم نووسیووە، کە لە کتێبەکەیدا زۆرترین بیرەوەری لە خۆگرتووە و نووسەر یاداشتەکانی خۆی لەبارەی چەندین ڕووداوی گرنگ لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد بە ڕاستگۆیانە و بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە تۆمار کردووە
"گەشتێک بە ژیانی پێشمەرگایەتییم" نێونیشانی کتێبێکی ٦٥٤ لاپەڕەیی قەبارە مامناوەندییە، خوالێخۆشبوو د. ڕۆژ نوری شاوەیس ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەر لە کۆچی دوایی نووسیوویەتی و ئەمساڵ بە تیژاری ١٠٠٠ دانە چاپکراوە.
سەرۆک بارزانی لە لاپەڕە ٥ـی کتێبەکەدا پەیامێکی بەھاداری بۆ ئەم بیرەوەرییانەی پێشمەرگە و سیاسەتمەدار د. ڕۆژ نوری شاوەیس نووسیووە، ھاوکات "گەشتێک بە ژیانی پێشمەرگایەتییم" زۆرترین بیرەوەری لە خۆگرتووە و نووسەر یاداشتەکانی خۆی لەبارەی چەندین ڕووداوی گرنگ لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد بە ڕاستگۆیانە و بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە تۆمار کردووە، کە ھەموویان شایستەی ئەوەن خوێنەر و سیاسەتمەدارانی کورد پێی ئاشنابن و سوود لە ئەزموونی پڕ بایەخی ئەم سەرکردە و سیاسەتمەدارەی نیشتمان وەربگرن.
لە بەرگی دواوەی کتێبەکەیدا، د. ڕۆژ نوری شاوەیس نووسیوویەتی: "من پێموایە کاتێک ڕووداوەکان دەنووسرێتەوە، واباشترە بەر لە نووسینەوەیان ماوەیەکی باشی بەسەردا تێپەڕ بووبێت، ئەوکاتە ڕووداوەکە باشتر دەکەوێتە بەرچاو و ھەڵسەنگاندن".
د. ڕۆژ نوری شاوەیس لە ساڵی ١٩٤٧ لە شاری سلێمانی لە خانەوادەیەکی نیشتیمانپەروەر لەدایکبووە، ڕۆژی ١٥ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢١ کۆچی دوایی کردووە. لە زانکۆی مووسڵ کۆلێژی ئەندازیاری تەواو کردووە و بڕوانامەی دکتۆرای ئەندازیاری لە وڵاتی ئەڵمانیا بەدەست ھێناوە، وێڕای ژیانی پێشمەرگایەتی و بەشداریکردنی لە شۆڕش و بەرخودانەکانی گەلی کوردستان.

له دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ د. ڕۆژ نوری شاوەیس چەندین پلە و پێگەی ھەستیاری لە حزب و حکوومەت وەرگرتووە، لەوانەش:
-سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
-سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
-جێگری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق
-ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان.