Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 9 JUL 2025 12:39 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

دوو به‌شداربووی داستانی خواكوڕك بۆ KDP: ھەموو پێشبینییەکانی سەرۆک بارزانی هاتنە دی
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- دوو بەشداربووی داستانی خواکوڕک، بەشداریی خۆیان لەو داستانەدا دەگێڕنه‌وە و ئاماژە دەدەن: کاتێک چووین بۆ بەشداری لەو داستانەدا، پێمان وابوو بۆ "شایی" دەچین. چیرۆكی زۆر جیاواز له‌ داستانه‌كه‌ هه‌یه‌ و دەشڵێن، ھەموو پێشبینییەکانی سەرۆک بارزانی هاتنە دی.

سوپای بەعسی گۆڕبەگۆڕ لە 19ی تەممووزی ساڵی 1988، ھێرشێکی بەرفراوانی بۆ سه‌ر ناوچە ڕزگارکراوەکانی کوردستان لە دەڤەری خواکوڕک دەست پێکرد. لەو هێرشه‌دا سوپای بەعس بە بەشداریی زیاتر لە پازدە لیوای سەربازی، تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگی و، تەنانەت چەکی کیمیایشی بەکار ھێنا، له‌ ڕۆژى 5ی ئەیلوولى ساڵى 1988، پاش 46 ڕۆژ لە خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، داستانی خواکوڕک تۆمار کرا، داستانی خواکوڕک لە داستانە بەناوبانگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرکردایەتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک مەسعوود بارزانی، توانی چۆک بە سوپای عێراقی ئەوکات دابدات.

شەڕەکە لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ستراتیژییەوە، بایەخێکی مەزنی ھەبوو، چونکە پێشمەرگە له‌ ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ توانی دەستکەوتێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی بەدەست بهێنێت، لە ڕووی سیاسیشەوە لەگۆڕنانی ئەو خەونەی به‌عس بوو، کە باوەڕی وابوو بە کۆتاییهاتنی جەنگی عێراق-ئێران، گیانى بەرگریی نه‌ته‌وه‌ى كورد و شۆڕشی کوردستانیش لەناو دەچێ، بەڵام بەرگریی پێشمەرگەى كوردستان لە خواکوڕک خەونەکانی ڕژێمی بەعسی لە گۆڕنا.

سەرۆک مەسعوود بارزانی، لە سەنگەرەکانی شەڕی خواکوڕکدا، گوتارێكی مێژوویی پێشكه‌ش كرد و  ئاماژەی دا، كه‌ لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بارودۆخی ناوخۆى عێراق گۆڕانی بەسەردا دێت و دوژمن ناچار دەبێ لە بەرامبەر ئەم جۆرە بەرگرییەی پێشمەرگەدا بەخۆیدا بچێتەوە.

داستانی خواکوڕک بوو به‌ هەوێنێک بۆ گیانی بەرگری و وه‌ستانه‌وه‌ به‌ ڕووى زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس و ڕاپەڕینه‌ شکۆدارەکەی ئاداری ساڵى 1991ى لێ هاتە بەرهەم.

ڕزگار سه‌جادی، بەشداربووی شەڕی داستانی خواکوڕک، کە یەکێک بووە لە پێشمەرگە بچووکەکان و ئەوکات تەمەنی ١٩ ساڵ بووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کاتێک بەشداریمان لە شەڕی خواکوڕکدا کرد، تەمەنمان بچووک بوو، من تەمەنم ١٩ ساڵ بوو، ئەو کات ورەیەکی بەرزمان ھەبوو، ھەر پێشمەرگەیەک لە ڕووی ورەوە بە فەوجێک حیساب بوو، بۆیە کە لە شاری مەریوانی سه‌ر به‌ پارێزگای سنه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، بەڕێکەوتین، وەکو ئەوە ودابوو بۆ "شایی" دەڕۆین نەک بۆ شەڕکردن، لە ڕێگە گۆرانیمان دەگوت تا گەیشتینە لای سەرۆک بارزانی لە سێگۆشەی (عێراق-تورکیا-ئێران)، لەوێ سەرۆک بارزانی ئامۆژگاری کردین و قسەی بۆ کردین، دواتر بۆ شەڕکردن بەڕێكەوتین.

ناوبراو دەیگێڕێتەوە: سەرۆک بارزانی بەردەوام لەگەڵ ھەموو میحوەرەکان بە سەردان و لاسلکی (بێتەل) لەگەڵماندا بوو، ئەوکات ڕه‌حمه‌تی حەمید ئەفەندی سەرپەرشتیی دەکردین، لە ڕێگەی ئەوەوە جەنابی سەرۆک پەیامی دەنارد: "ئاگاتان لە خۆتان بێت و خۆتان بپارێزن، پێویستە سەرکەوتنی گەورە بە کەمترین زیان بەدەست بێت، ئەو شەڕە بۆ گەلی کوردە و ھەوڵ بدەن قوربانی نەبێت".

سەجادی باسی لەوەش کرد: ئەوەی ئێمەی سەر خست، ئیرادەی بەھێزمان بوو، ھەستمان دەکرد کلاشینکۆف ئارپێچییە بەدەستمانەوە، بەو شێوەیە توانیمان بەسەر ئەو ھێزە گەورەیەدا سەرکەوین، چونکە لاشەی دوژمن ھێندە کەوتبوو لە ھەژمار نەدەھات، زۆرمان بەدیل گرتن و چەکی زۆرمان دەست بەسەردا گرت.

هاوكات بەشداربوویەکی دیكه‌ی داستانی بەناوبانگی خواکوڕک محەممەد حاجی عەبدوڵڵا،  ناسراو بە (محەممەد کۆنفۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای کۆتاییھاتنی شەڕی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران و پڕۆسەی ئەنفال، حکوومەتی عێراق ھەموو ھێزەکانی کۆکردبووەوە تا ھێرشێکی بەرفراوان بکاتە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی خواکوڕک، سەرۆک بارزانی بروسکەی بۆ لێژنه‌ی ناوچەکانی لقەکانی (یەک و دوو و سێ و چوار) کرد ھەر ناوچەیەک پەنجا پێشمەرگە بنێرن بۆ بەرەکانی شەڕ، ئێمەش وەک لیژنەی ناوچەی قەڵادزێ خۆمان ئاماده‌ كرد و نزیکەی ١٩ کاتژمێر بەڕێكەوتین و گەیشتنە ناوچەی زێوەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لە زێوە دوای وەرگرتنی پشوو، بە ڕێکكەوتین بۆ ناوچەی خواکوڕک، كه‌ ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە بەشدارییان لە داستانی خواکوڕكدا کردووە، چونکە جگە لەو ھێزانەی لقەکانی پارتی، چەندین ھێزی دیکە و ھەتا خەڵکی خۆبەخش ھاتبوونە بەرەکانی شەڕ لە خواکوڕک شەڕێکی یەکجار دژوار بوو، لەبەر ئەوەی ئەوکات سوپای عێراق پێنجەمین سوپای جیھان بوو.

(محەممەد کۆنفۆ) دەشڵێت: "لە داستانی خواکوڕكدا زیانێکی ئێجگار گەورە بە ھێزەکانی بەعس گەیشت و بە دەیان سەرباز و چەکداری بەکرێگیراو و ئەفسەری بەعس کوژران، شەوی ١٢ لەسەر ١٣ی ١٩٨٨ سەرۆک بارزانی بە ئامێری بێتەل پەیوەندی بە سەنگەرەکانی پێشەوە کرد، کە ڕژێم نیازی ھێرشێکی زۆر گەورەی ھەیە و لە ئامادەباشیدا بن، ئەو شەوە ھێرشی دوژمن دەستی پێکرد و تەنیا لەو شوێنەی ئێمە وەک لیژنەی ناوچەی قەڵادزێ لێی بووین، ١٦ تەرمی سەربازانی دوژمن کەوتبووە سەر زەوی".

زیاتر قسه‌ی كرد و ده‌ڵێت: "ژمارەیەکی زۆری سەربازانی ڕژێم کەوتنە دەست ھێزەکانی پێشمەرگە و دەستگیر کران، بە چاوی خۆم بینم و ژماردم كه‌ 51 كه‌س بوون، ھەرچەندە ئەوان دوژمن بوون و ئێمە شەھیدمان ھەبوو، بەڵام کاک (قادر قادر) فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ لقی 4ی پارتی، پێی گوتین دەستیان لێ مەدەن، ئەوانە میوانی جەنابی سەرۆکن، واتە سەرەڕای ئەو ھەموو کوشت و بڕەی ھێزەکانی ڕژێم بەرامبەر بە کورد و پێشمەرگە، مامەڵەیەکی زۆر مرۆڤانە لەگەڵ دیلەکان دەکرا".

لەبارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە داستانی خواکوڕک، محەممەد عەبدوڵڵا گوتی: "سەرۆک بارزانی بەردەوام ھێزەکانی پێشمەرگەی بەسەر دەکرده‌وە و سەرپەرشتیی بەرەکانی شەڕی دەکرد، بە درێژایی ڕۆژانی داستانی خواکوڕک کە نزیکەی دوو مانگی خایاند، باوەڕ ناکەم لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا سەرۆک بارزانی دوو کاتژمێر پشووی دابێت، بەردەوام لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ پێشمەرگە، لە کاتی سەرکەوتنی داستانی خواکوڕک سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ڕەوشەکە دەگۆڕێت و ھەموو پێشبینییەکانی سەرۆکیش بەدیھاتن و ئەوەندەی نەبرد ڕاپەڕین دەستی پێکرد.

 

قائید میرۆ و بڵند ئیبراهیم




دوایین هەواڵەکان

ماڵپەڕی KDP کاتی دابەشکردنی ٩ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بڵاو دەکاتەوە

WEDNESDAY, 09 JULY 2025 12:07:14

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ئامادەکاریی تەواو کراوە و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەست بە دابەشکردنی زیاتر لە ٩ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت دەکرێت، کە دابەشکردنیشی لە ڕێگەی تیروپشکەوە دەبێت.

 
مەسروور بارزانی: تا کۆتایی 2026 پڕۆژەی ڕووناکی دەگاتە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان

WEDNESDAY, 09 JULY 2025 11:07:38

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی فراوان بوونی پڕۆژەی ڕووناکی و سوودمەندبوونی زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی لە کارەبای 24 کاتژمێری لە ئێکس نووسیویەتی، "تا کۆتایی 2026 پڕۆژەی ڕووناکی دەگاتە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

 
پڕۆژەی ڕووناکی گەیشتە زیاتر لە 2 ملیۆن هاووڵاتی

WEDNESDAY, 09 JULY 2025 09:07:18

هەولێر-KDP.info- وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، زیاتر لە دو ملیۆن هاووڵاتی و 544 هەزار هاوبەش ئێستا سومەندن لە کارەبای 24 کاتژمێری، هەرروەها، زیاتر لە دوو هه‌زار و 100 مۆلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە و تا کۆتایی ساڵی 2026یش، حکوومەتی هەرێم لە پلانیدایە زیاتر لە حه‌وت هه‌زار مۆلیدە بکوژێنێتەوە. 

 
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ره‌خۆشی له‌ توركیا ده‌كات

TUESDAY, 08 JULY 2025 18:07:58

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نامەیەکدا، سه‌ره‌خۆشى له‌ توركیا، خێزان و كه‌سوكارى ئه‌و سه‌ربازانه‌ى وڵاته‌كه‌ كرد، كه‌ ڕۆژانى ڕابردوو له‌ ئه‌شكه‌وتێكى ناوچه‌ شاخاوییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، گیانیان له‌ده‌ست دابوو.

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی کرد

TUESDAY, 08 JULY 2025 16:07:46

هەولێر-KDP.info- سێشەممە 8ـی تەممووزی 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە حەمەسەعید حەسەن نووسەر و ڕەخنەگری ناسراو و سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی کرد.

 
 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact