ههولێر-KDP.info- شاندێکی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لەسەر پرسی کۆچی نایاسایی، لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەماهەنگی و کاری هاوبەش دەکەن.
سروە ڕەسوڵ، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و شاندێکی یاوەری، لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لەگەڵ عەبدوڵڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی ھەرێمی کوردستان، بەشیر حەداد سەرۆکی بۆردی باڵای ووتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف، فارس جەوهەر بەرێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ئەوقاف، جەلال خەیلانی، جێگری سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان و ئەمیر عوسمان بەرێوەبەری پێکەوەژیانی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف، کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هەماهەنگیی بەردەوام لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ئەوقاف کراوە، بەتایبەت پرسی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لەو مەترسیانەی کە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، لەگەڵ پرسی کۆچی نایاسایی.
سروە ڕەسوڵ لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد تایبەت بە کەمکردنەوەی دیاردەی کۆچ و هێنانی چەندین سیستەمی نێودەوڵەتی بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و چۆنیەتی سوودبینین لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بەشیر حەداد و عەبدوڵڵا وەیسی، پشتیوانیی وەزارەتەکەیان بۆ پرسی کۆچی نایاسایی دووپات کردەوه، هاوکات بەفەرمی بڕیاردرا بەشێک لە وتاری ڕۆژی هەینی تایبەت بکرێت بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی و لێکەوتەکانی لە ڕوانگەی شەرع و ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا.
بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان سوپاسی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کرد لە بەرامبەر پشتیوانییەکانیان، هاوکات بڕیاردرا کە لە نزیکەوە هەردوولا لەگەڵ یەکتر کار بکەن لەو بابەتانەی پەیوەستن بە بەرژەوەندی هاووڵاتیان.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا لەگەڵ چەند وەزارەتێکی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کار بۆ فراوانکردنی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە لە چوارچێوەی سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچ وەک پرۆگرامێکی گرنگی کابینەی نۆیەم بکەن کە هێنراوەتە هەرێمی کوردستان تاوەکو خزمەتی هاووڵاتیانی پێ بکرێت.
