ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ لیژنەی باڵای ڕێکخستنەوەی باج لە حکوومەتی فیدڕاڵی لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتوون کە دەبنە هۆی کارئاسانی بۆ ئەو کارگە و کۆمپانیا و بانکانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
دوای سەردانی لیژنەی باڵای ڕێکخستنەوەی باج لە حکوومەتی فیدڕاڵی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێزان وەزیری دارایی و دکتۆر کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرەی میری و بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمـی کوردستان لە بەغداد لەسەر چەند خاڵێک لە بواری باج گەیشتنە ڕێککەوتن کە دەبێتە کارئاسانی بۆ ئەو کارگە و کۆمپانیا و بانکانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن لە گرنگترینیان.
١- دانان بە پاکانەی باجی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵیەوە کە پێشتر هیچ بایەخێکیان بۆ دانەدەنا.
٢- چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکانی کوردستان، کە پێشتر داوای باجیان لێ دەکردن بە بیانووی ئەوەی بەرهەمەکانیان لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ساغ دەکەنەوە، بۆ لەمەودوا ئەو کارگانەی لە کوردستانن دەبێت باجی داهاتەکانیشیان لە کوردستان بدەن.
٣- چارەسەرکردنی کێشەی پێدانی سووتەمەنی بۆ کارگەکانی هەرێمی کوردستان بە نرخی هاندراو کە ماوەیەکە پێدانی سووتەمەنییان بەو کارگانە ڕاگرتووە بەبیانووی نەدانی باج بە حکوومەتی فیدڕاڵی.
٤- ڕێککەوتن لەسەر یەکخستنی ڕێکار و ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنی باج کرا بە میکانیزمی هاوبەش.
٥- هەردوولا لەسەر بانکەکان ڕێککەوتن کە بارەگای سەرەکی بانکەکە بکرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی باج.
٦- هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر هەماهەنگی پێویست و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ڕێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باج.