ھەولێر-KDP.info- بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک ئاسانکاریی بۆ قوتابییانی ڕزگاربووی دەستی داعش دەکات، بە مەبەستی گەڕاندنەوەیان بۆ سەر پرۆسەی خوێندن.
پێنجشەممە، 18-07-2024، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا و بە ئامادەبوونی سێ ڕزگاربووی کوردی ئێزدی، باسی لە بڕیارێکی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی کرد کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی قوتابییانی ڕزگاربووی دهستی داعش بۆ سەر پرۆسەی خوێندن.
وەزیری پەروەردە ڕوونی کردەوە، لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، ڕزگاربووانی شاڵاوی تیرۆرستانی داعش کە ناویان لە لیستی ڕزگاربووان تۆمارکراوە و لە خوێندن دابڕاون، تەواوی ئاسانکارییان بۆ بکرێت تاوەکو دەست بە خوێندن بکەنەوە.
لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکوەزیران، ئەم فەرمانە وەزارییە دەرکراوە:
1- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان خۆیان سەرپەرشتیی لیژنەیەکی تایبەتمەند بکەن بۆ ئەو بوارە، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەو پێیەی زۆرینەی ڕزگاربووان لەو سنوورە نیشتەجێن.
2- تەواوی دەسەڵاتەکان بۆ بەدەرکردن لە مەرجەکانی تەمەن، دەبەخشرێتە بەڕێوەبەری گشتیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان بۆ بابەتی ئاماژە پێ کراو بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ڕزگاربووان بۆ سەر خوێندن.
3- هەموو ئەو ڕزگاربووانەی پۆلی 9ـی بنەڕەتییان تەواو کردووە، بەڵام دواتر کەوتوونەتە دەستی داعش، لە خوێندن دابڕاون و دوای ئازادکردنیان تەمەنی یاساییان تێپەڕیوە، بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، هەموویان لە مەرجەکان دەبەخشرێن و دەتوانن لە هەر پەیمانگەیەکی حکوومی کە بیانەوێت بخوێنن.
4- هەموو ڕزگاربووانی دەستی داعش ئەوانەی ناویان لە لیستی ڕزگاربووان تۆمار کراوە و دەرچووی پۆلی 9ـی بنەڕەتی بن، مافیان هەیە لە هەموو پەیمانگە ئەهلییەکان بخوێنن بەبێ بەرامبەر بۆ هەر پێنج ساڵی خوێندن.
بڕیارەکە بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 جێبەجێ دەکرێت
بە گوتەی وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو فەرمانە لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە، 18-07-2024، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و بۆ ساڵی خوێندنی 2024 – 2025 پەیڕەو دەکرێت.
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە "هەرچی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش بکەین هەر کەمە، بەڵام ئەم بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بەو پێیەی پەیوەندی بە بابەتی خوێندنەوە هەیە".