مووسڵ-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ گوتی: پارێزگاری مووسڵ بە فەرمی بڕیاری ئەنجوومنی پارێزگای مووسڵی بۆ گۆڕینی بەرپرسی یەکە ئیدارییەکانی ڕەت کردەوە، ئەمەش هەنگاوێكی دڵخۆشكەرە، چونكە ئێمە لەسەر ھەڵوێستی خۆمان سوورین و بەمەرج دەگەڕێینەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا.
ئەندازیار ئەحمەد کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: دوای ئەوەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بە شێوەیەکی نایاسایی و بەبێ هاوئاهەنگی، ٢١ پۆستی ئیدارییان لە مووسڵ یەکلایی کردەوە، ئێمەش بڕیارمان دا بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن بکەین، تاوەکوو ئەو بڕیارانە بەتەواوی ھەڵدەوەشێنەوە و سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکەشی کە کاری نایاسایی دەکەن لابدرێن و ڕێککەوتنێکی سیاسی بکرێت، ئەوکات دەگەڕێینەوە بۆ ئەنجوومەن.
ئەوەشی خستە ڕوو: دوای ڕاگرتنی بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پارێزگاری مووسڵیش ئەو بڕیارەی ڕەت کردەوە، بۆیە بەنیازن سبەی جارێکی دیکە کۆبوونەوە بکەن و بڕیارێک بدەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ باسی لەوەش کرد، پارێزگاری مووسڵ دەستپێشخەرییەکی کرد بۆ ئەوەی ھەموو لایەنەکان کۆببنەوە و پێکەوە بە گفتوگۆ ئەوکێشەیە چارەسەر بکەن، ئێمە و چەند لایەنێک قەبووڵمان کرد، بەڵام ئەو ١٦ کەسەی بڕیاری ئەنجوومەنیان دابوو، دەستپێشخەرییەکیان ڕەت کردەوە و سوورن لەسەر ھەڵوێستی خۆیان، ئێمە لەپێناو بەرژوەندیی مووسڵ ئامادەین به گفتوگۆ و یاسا بۆ مافی خۆمان رێککەوتن بکەین، چونکە ئەوان باس لەوە دەکەن ئەو ٢١ پۆستەی بڕیاری لێ دراوە تەواو بووە و ١١ پۆست ماوە گفتوگۆیان لەسەر بکەین.
بڵند ئیبراھیم