ئاکرێ-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی بازاڕی هاوچەرخی سەوزە و میوەی ئاکرێ (عەلوە)ی دانا.
ئەمڕۆ سێشەممە 11/6/2024، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی بازاڕی هاوچەرخی سەوزە و میوەی ئاکرێ (عەلوە)ی دانا، لە وتارێكیشدا ڕایگەیاند: "جێگەی دڵخۆشییە هەر رۆژە و لە ناوچەیەک بەردی بناغەی ئاوەدانکردنەوەیەک دادەنرێت، خۆشخاڵم ئەمڕۆ هاتوومەتەوە ئاکرێ بۆ دانانی بەردی بناغەیەکی گرنگ کە بەردی بناغەی عەلوەی هاوچەرخی ئاکرێیە.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێم باسی لەوەکرد، ئاکرێ یەکێک لە کۆنترین شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە کە لە ڕووی جوگرافیاوە ناوچەیەکی هەرە گرنگە، لە بواری کشتوکاڵی و گەشتوگوزاریشەوە ناوچەیەکی گرنگە، هەروەها پلانی حکوومەتی ئێمەش ئەوەیە لەم دوو بوارەدا پەرەی زیاتر بەم دەڤەرە بدەین.
سەرۆكی حكوومەت گوتیشی: "بەر لەوەی بێمە ئێرە سەردانی هەندێک لە جووتیارانم کرد، لە کێڵگەی چاندنی پەتاتە و گفتوگۆم لەگەڵ کردن و گوێبیستی قسەکانیان بووم، کە جێگەی دڵخۆشییە ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات، کە زیاتر لە ئاستی خۆبژێوی بەرهەم دێت و شێوازێکی زانستی پەیڕەو دەکرێت، ئاماژەی بەوەشدا، بەرهەمی پەتاتە بەشی عێراقیش دەکات و بەشێکیشی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت و وادیارە داخوازیایەکی زۆریشی لەسەرە.
مەسروور بارزانی ڕاشیگەیاند، لە چوارچێوەی کارنامەی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستان، ئێمە بایەخێکی زۆرمان بە کەرتی کشتوکاڵداوە، بەمەش شۆڕشێکمان لە چاکسازی کشتوکاڵی دەستپێکردووە و ئەمەش سەرەتایەکە و هێشتا هەنگاوی زۆر ماوە بینێن بۆ ئەوەی کەرتی کشتوکاڵی کوردستان بگەینینە ئاستێکی ستانداردی جیهانی، کە نەک بدە تەنیا سوودەکەی بۆ ئەم دەڤەرە بێت بەڵکو ببێتە سەبەتەی خۆراک بۆ تەواوی عێراق و ناوچەکەش.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دەڵێت: کاتێک لەگەڵ ئەو جووتیارانە قسەمان کرد، هەندێکیان گلەیی و گازندەیان هەبوو کە لە هەندێک ناوچە سنوورییەکان بەرهەمی پەتاتەی دەرەوە هاوردە دەکرێت و ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی لە سەر بەرهەمی پەتاتەی ناوخۆیی کردووە، هەربۆیە وەکو حکوومەت بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە دەکەین، هەروەها بەڕێزان وەزیری کشتوکاڵ و وەزیری دارایی بەدواداچوون دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت بەو بەرهەمانەی دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان هەمان ئەو بەرهەمانە بن کە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێن، ئەمەش لە پێناو پشتیوانییکردنی جووتیارانە. هەروەها ئاگەر بینیمان ئەو کارانە بەشێوەیەکی نایاسایی دەکرێن، ئەوە ڕێکاری پێویست لە دژی ئەو کارانە دەگرینەبەر.
داواکارییەکی دیکەی جووتیارەکان چارەسەرکردنی ئاوی بەنداوەکان بوو، ئهمەش لە پلانی حکوومەتدایە چەند بەنداوێکی دیکەش دروست بکەین، یەکێک لە بەنداوەکانیش لە باکرمان دەبێت کە سوودێکی زۆری بۆ جووتیارانی دەشتی ناوکوڕ دەبێت و ئومێد دەکەین بەرهەمی کشتوکاڵی ئەو زەوییە بە پیتانە زۆر زیاتر بکات.