ئاکرێ-KDP.info- لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاردرا پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ تەواو بکرێت کە ئاو لە بێخمە بۆ ئاکرێ و بجیل و گوندەکانی دەوروبەری، دابین دەکرێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاکرێ پڕۆژەیەکی گەورەیە و زیاتر لە٦٠%ی تەواو بووە، سەرمایەی پڕۆژەکە نزیکەی ١٠٠ملیار دینارە و ماوەیەک بەھۆی ھەندێک گرفت پڕۆژەکە وەستابوو، بەڵام بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەکە تەواو دەکرێت.
ئاری ئەحمەد گوتیشی: پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ ئێستا لە قۆناغی دانانی بۆڕی ئاو و تۆڕی ئاو و دابینکردنی کارەبا دایە، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆمپانیای جێبەجێکار لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە تەواوکردنی پڕۆژەکە دەکات.
دەشڵێت: بەتەواوبوونی پڕۆژەکە گرفتی ئاو لەئاکرێ و بجیل و دەورووبەری چارە دەبێت و چیتر گرفتی ئاویان نامێنێت.
سەنتەری قەزای ئاکرێ و ناحیەی بجیل و زیاتر لە٢٠ گوند سوود لە پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاکرێ وەردەگرن کە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردن دایە.
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆر بە کەرتی ئاو دراوە و ھەوڵدراوە لە ھەر ناوچەیەک گرفتی ئاو ھەبێت چارە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە دەیان پڕۆژەی ئاو جێبەجێکراون، بەتایبەت لەو ناوچانەی پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن.
بڵند ئیبراھیم