Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 27 JUL 2024 09:10 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پێویستە سێ ڕێگای ستراتیجی بگرینەبەر
| KDP.info


زاگرۆس فه‌تاح

پاراستنی ژینگە بەواتا زانستییەکەی؛ بریتییە لە پاراستنی ھاوسەنگیی ئیکۆلۆژی و سەرچاوەی بەکاربردن لەڕێگەی کەمردنەوەی ھەردوو ڕێژەی بەکارھێنانی سەرچاوە سروشتییەکان و ھۆکارەکانی پیسبوون (Pollution) بەشێوەیەکی بەردەوام. ئەم پڕۆسەیە، ھەوڵێکی بەردەوام و ھاوتەریبە لەگەڵ پڕۆسەی گەشەسەندنی مرۆڤایەتی لەپێناو فراوانکردنی مەودای ژیان. ھاوکات لەڕوانگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ژینگەپارێزی واتا ئەو سیاسەتە یاخود ئەو ڕێوشوێنانەی دەگیرێنەبەر بۆ کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لەھۆکاری دەرەکی (ناسروشتی) کە کاریگەرییان لەسەر ژیان و مانەوە و گەشەکردنی زیندەوەران ھەیە.

لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوودا، ژینگەپارێزی لە کۆنتێکستی سیاسی و حکومڕانیدا، کەواتە چوارچێوەی کارە لەپێشینەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت لە پاش کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە کە لە ساڵی ١٩٧٢ لە ستۆکھۆڵم ئەنجامدرا و بە (جاڕنامەی ستۆکۆڵم) ناونرا، بووە یەکەمین کۆنفرانسی جیھانی، کە ژینگەی کردە پرسێکی سەرەکی و بەشداربووان کۆمەڵێک بنەمایان بۆ بەڕێوەبردنی دروستی ژینگە پەسەند کرد، ئەوانیش بریتی بوون لە جاڕنامەی ستۆکھۆڵم و پلانی کارکردن بۆ ژینگەی مرۆیی و چەند بڕیارنامەیەک.

لەم ڕوانگەیەوە، ژینگەپارێزی لە نێو کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا، وەکو نۆرمێک بووە جێی بایەخی ھاووڵاتیان و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داینامیکییەتی ئابووری و ڕامیاری دروستکردووە، ھەربۆیە پارتە سیاسییەکانی دڵخوازی خەڵک، ئەوانەن کەوا کارو خزمەت لەسەر ژینگە دەکەن، زۆرترین پشتگیریی ھاونیشتیمانیان بەدەست دەھێنن، وە ئەو پارتە سیاسیانە کە خزمەت بە ژینگە و سروشت ناکەن و لە پێناو بەرژەوەندی و پڕۆژە سیاسیەکانیان، بنەماکانی پاراستنی ژینگە دەشێوێنن، دەکەونە بەر سزای ھاونیشتیمانیان و ڕوبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایی دەبنەوە.

دەردانی گازەکان لەژینگەدا:

ژینگەپارێزی بە گشتی سێ ڕەھەند لەخۆ دەگرێت، پاراستنی (ئاو، ھەوا و خاک)، بەکاربردنی مرۆڤ (Human Destructions) کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەھەندەکانی ژینگە ھەیە و ئەم کاریگەریانەیش لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا بە ڕێژەیەکی زۆر ناتەندروست زیادیان کردووە. لێرەدا باری سەرنج دەخەمە سەر (ھەوا)، وەک یەکێک لە ڕەھەندەکانی ژینگە، کە بەڕێگای جیاواز ھەم ژینگەی ماڵەکانمان و ھەم ژینگەی دەرەوەمان پیس دەبێت،. مرۆڤ لەئەنجامی بەکاربردن چەند گازێک دەخزێنێتە نێو ژینگەوە، یەکێک لەوانە کە ھۆکاری پیسبوونە بۆ ژینگە، بریتییە لە گازی (دووەم ئۆکسیدی کاربۆنCO٢ یاخود یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنCO )، کە ئەمەش بە ناو ژینگە و ھەوادا بەڕێگای سوتاندنی دار، نەوت و بەنزین و گازوایل بڵاو دەبێتەوە، بەرئەنجامی ئەم سوتانە، گازێک بەرھەم دێت پێ دەوترێت (کاربۆن دایۆکساید یاخود دوانە ئۆکسیدی کاربۆن)، بێگومان ئەمەش زیانێکی زۆری لەسەر ژینگە بەگشتی و تەندروستی مروڤ بە تایبەتی ھەیە.

لەساڵی (١٩٥٠) بڕی ٦ ملیار تۆن دەردانی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لەجیھاندا ھەبوو، لەپاشان تا ساڵی ١٩٩٠ ئەم ڕێژەیە چوار ھێندە زیادی کردووە و گەیشتە زیاتر لە ٢٠ ملیار تۆن، دەردانی ئەم گازە بەردەوام لە گەشەی خێرابوو بەڕادەیەک گەیشتە ئەوەی ئێستا ساڵانە زیاتر لە ٣٥ ملیار تۆن گاز دەردەچێت، ئەم ژمارەیە لە ساڵەکانی ١٩٩٠ لە عێراق ٤٩ ملیۆن تەنی دروستکردووە و لە ساڵی ٢٠٢٢ دەگاتە نزیکی ١٨٠ ملیۆن تەن.

دروستبوونی گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن، سەرچاوەی زۆرە، بەڵام بەرچاوترینیان ئەوەیە کە لە ئەنجامی سوتانی ماددە فۆسیلییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت وەکو سوتانی نەوت، بەنزین، و گازوایل. ڕێژەی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە عێراقدا لەنیوان ساڵانی (٢٠٠٠ - ٢٠٢١) دوو ھێندەی زیادی کردووە، لە کاتێکدا لە کیشوەری ئەورووپا بە ڕێژەی ٢٢٪ کەمی کردووە، ھەروەھا لە جیھان نزیکی ٤٠٪ زیادی کردووە.

بەگشتی، لە ٨٧٪ـی ھەموو دەردراوەکانی گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن، بەھۆی سووتانی سووتەمەنییە بەردینەکانی وەک خەڵوز، گازی سروشتی و نەوتەوە بەرھەم دێت. ئەوەی دەمێنێتەوە ٩٪ لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی تری بەکارھێنانی زەوی و کەمکردنەوەی چڕی دارستانەکانەوەیە، ھەروەھا ٤٪ـیش بەھۆی ھەندێک پیشەسازییەوەیە وەک درووستکردنی چیمەنتۆ.

بەپێ پێوەرەکان، ڕێژەی سوتانەکان و دەردانی ئەم گازانە لە شاری ھەولێر بە بەراورد لەگەڵ بەغداد زۆر باشترە و ھەروەھا ژینگەکەی پاکترە، لەھەمانکاتدا دەکرێت کاری جدی زیاتر بکرێت بۆ پاراستنی ژینگە، بەتایبەت کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرھەمھێنانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن و زیادکردنی ڕێژەی ئۆکسجین. خۆشبەختانە، بۆ برەوەدان بە ژینگەی کوردستان، حکوومەتی ھەرێم بەتایبەت لە کابینەی نۆیەمدا ڕێکاری پاراستنی ژینگەی لەچوارچێوەی دوو پلانی یەک ساڵی و چوار ساڵی دەستەبەر کردووە، لە ھەموو شار و قەزاکانی کوردستان فەرمانگەی ژینگەی کردۆتەوە، بەئامانجی ھەوڵدان بۆ بە کەلتورکردنی چەمکی ژینگەپارێزی لەڕێگەی ھۆشیارکردنەوە و کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان لەڕێگەی یاساو ڕێنماییەکانەوە.

بۆ نەتەوەی کورد، چەمکی پاراستنی ژینگە لە نێو فەلسەفەی شۆڕش و نیشتیمانسازیدا، لەشۆڕشی بارزانەوە چەمکێکی دانەبڕاوبووە، بەدیاریکراوی لەناوچەکانی بارزان بەدرێژایی شۆڕش و بەردەوام تا ئێستایش، تۆماری ژینگەپارێزی و مانەوەی سروشتەکەی بە جوانی لە ئاستێکی بەرزدایە. بە لەبەر چاوگرتنی ژینگەدۆستی لە فەرھەنگی ڕێبازی بارزانیدا، تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ لە دەڤەری بارزان، داربڕینەوە نەبووە و ڕێگری لێکراوە. ئەم فەرھەنگی پاراستنی ژینگە و سروشتە بۆ ھەموو ناوچەکانی کوردستان ئامانجێکی ھاوتەریب بووە لەگەڵ ئامانجە نیشتیمانییەکانی دیکەی شۆڕش.

ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ساڵی ١٩٧٢ بەدواوە، گرنگی ئەوتۆیان بە ژینگەپارێزی داوە، ئەوا لەکوردستان سەد ساڵ لەمەوبەر لە شۆڕشی بارزانەوە، لە مەنھەجیەتی شۆڕش و ناوچەی بارزان ژینگەپارێزی یەکێک لە کۆڵەکە و غەمی گەورە و جێگەی بایەخی شۆڕش بووە.  

ئەگەر ئێمە وا تێبگەین، پاراستنی ژینگە بۆ نەوەکانی داھاتوومانە و لە ئێستادا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە بۆیە گرنگی پێنادرێت! ئەوا ھەڵەیەکی گەورە دەکەین، بەپێچەوانەوە پیسبوونی ھەوا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەدیدەکرێت و ھەوای دەوروبەرمان کاریگەریی ھەیە لە توشبوونمان بە نەخۆشییەکانی دڵ و ھەناسە تەنگی و سییەکان و چەندین نەخۆشی قورس، ھەربۆیە پێویستە سێ ڕێگای ستراتیجی بگرینەبەر:

یەکەم : کەمکردنەوەی ئاستی دەرکردنی CO٢، کە بە زۆر ڕێگا ئەنجام دەدرێت، ھەر لە بەڕێوەبردنی ماڵ و ماڵداری تا ھاتوچۆ و ھۆیەکانی گواستنەوە و بەکار‌ھێنانی وزە نوێبووەکانی وەکو دەستخستنی وزەی خۆر (الگاقە الشمسیە).

دووەم: زۆرکردنی ڕێژەی سەوزایی لە ڕێگەی ڕواندنی دار لەشوێنی کار و ماڵەکان، بەتایبەت ئەو دارانەی ڕێژەیەکی زیاتر ئۆکسجین بەرھەمدەھێنن، لە پێناو کەمکردنەوەی گازی زیانبەخشی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن کە ڕۆژانە بەرھەمی دەھێنین.

سێیەم: زۆر گرنگە فەرھەنگی ژینگەپارێزی لە ھەڵسوکەوتی رۆژانەی ھەموو تاکێکدا رەنگبداتەوە. واتا، ھاونیشتمانیان پێویستە فێری ڕێگاکانی ژینگە پارێزی و لە مەترسییەکانی پیسبوونی تێبگەن و کار لەسەر شێوازی ژیانیان بکەن، بە شێوازێک ھەوڵبدەن کەمترین کاربۆن دروست بکەن و زۆرترین ئۆکسجین بەرھەم بھێنن.

ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن:

ناوەندەکانی زانستی ژینگەپارێزی، ملیۆنان توێژینەوە و بڵاوکراوەی زانستیان لە جیھانی ئینتەرنێت پەخش کردووە، کە پێمان دەڵێت بە چی شێواز و ڕێکارێک دەتوانین کاربکەین بۆ ژینگەپاریزی، ھەندێک لە مانە بەم شێوەیە رێنماییمان دەکەن.

١. کەمکردنەوەی گەشتەکان: گەشتی فڕۆکەوانی، ساڵانە نزیکەی یەک ملیار تۆن لە دەردانی CO٢ـدا بەشداری دەکات.

٢. خواردن: مرۆڤێک کە ڕووەکخۆرە، ھەفتانە ١٧ کیلۆ کاربۆن بەرھەمدەھێنێت، لەکاتێکدا کەسێک کە گۆشتیش دەخوات ھەفتانە نزیکەی ٥٠ کیلۆ کاربۆن بەرھەم دەھێنێت.

٣. شێوازی ماڵداری: بەکاربردنی نێوماڵەکان بەئاراستەی ژینگەپارێزی، وەک ئامڕازەکانی گەرمکەرەوە بەتایبەت ئەو وڵاتانەی سوتەمەنییە بەردینەکان بەکاردەبەن، یەکێکە لەسەرچاوەی سەرەکی دەردانی گازی ژەھراوی.

٤. پیشەسازی جل و بەرگ (Textile): ساڵانە زیاتر لە ١٠٠ ملیار بابەتی پۆشاک بەرھەمدەھێنرێت کە ٦٥٪ـی ئەو پۆشاکانە لەماوەی یەک ساڵدا دەبنەوە بە خاشاک. پیشەسازی پۆشاک بەڕێژەی ٨-١٠٪ دەردانی کاربۆنییە لەجیھاندا، ئەم ڕێژەیەش زیاترە لە دەردانی کاربۆن بەبەراورد بە فڕۆکەوانی و کەشتیوانی.

٥. گۆڕێنی سەرچاوەی دەستخستنی وزە لە بەکارھێنانی مۆلیدەوە بۆ وزە نوێبوەکان (الگاقە الشمسیە).

٦. کەمکردنەوەی ئاستی بەکارھێنانی ئۆتۆمبێل و ھۆیەکانی گواستنەوە، لەبەرامبەردا کەلتوری پیادەڕۆیی پەرەبسێنێت.

٧. ڕێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو و کەم بەکارھێنانی.

٨. کەمکردنەوەی پاشەڕۆ.

ئەوەی جێگای سەرنجە، پاراستنی سروشت و ژینگەی کوردستان، ئەرکی سێ لایەنەی حکوومەت، کەرتی تایبەت و ھاونیشتیمانیانە. وەک چۆن ھەموومان پێکەوە بەو ھەوایە دەژین لەژینگەدا، بەو شێوازەیش پێویستە ھەموومان پێکەوە پارێزەری پڕۆسەی ژینگەپارێزی بین، ھیچ یەک لەو لایەنانە بە تەنھا ناتوانن ژینگە لە پیسبوون ڕزگار بکەن بەڵکو پێویستی بە ھەوڵی ھەمەلایەنە ھەیە. بۆیە ھۆشیاری ژینگەپارێزی واتا ھۆشیاری پاراستنی ژیان و تەندروستی مرۆڤ و ھاوکات پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانیمان.

ھەر بۆیە لەلایەن دەستەی ژینگەی شار و قەزاکانەوە بەپێی رێنماییەکانی ژمارە یەک و دوو، ڕێکخستنی ڕاوکردن و بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی کردۆتە سەرپێچیە ژینگەییەکان.

لەلایەکی ترەوە، پارتە سیاسییەکانی کوردستان بەرپرسیارێتی ژینگەپارێزییان لەسەر دەبێت، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پارتێکی نیشتیمانی پارێزەری سروشت و ژینگەی کوردستان نەک نەبۆتە ھۆی تێکدانی سروشتی کوردستان، بەڵکو لە بەشێکی پەیڕەوی ناوخۆیدا، گرنگیدان بە بابەتی ژینگەی بە ٧ ماددە وەک بەشێک لە کاری سەرەکی حزب لەپێناو پاراستنی ژینگەی کوردستاندا جێگیرکردووە، پابەندبوونی خۆی بەبڕیارە نێودەوڵەتییەکان کە تایبەتن بە پاراستنی ژینگە و دورخستنەوەی لە پیسبوون و قەتیسمانی گەرمایی، پاراستنی سروشت و سەوزکردنی خاکی کورستان بە ستاندارە جیھانییەکان، لەڕێگەی بەشداریکردنی ھەرێمی کوردستان لەو کۆنگرە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتییانەدا. ھەر لەو جیھانبینییەوە، بەشداری و چالاکییەکانی سەرۆکوەزیران لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی وەک دیالۆگی (مەنامە) لە وڵاتی بەحرەین و کۆنفرانسی گۆڕانی کەش و ھەوا (کۆپ ٢٨) لە وڵاتی ئیمارات، ھەروەھا بەشداربوونی ئەفسەرانی پێشمەرگەی زێرەڤانی لەخولی تایبەت بە ژینگە و گۆڕانی کەش و ھەوا، ھەموو ئەمانە ھاوئاھەنگن لەگەڵ ستاندارە جیھانییەکانی تایبەت بە ئاڵانگارییەکانی گۆڕانی کەش و ھەواو و پاراستنی ژینگە.

کارنامەی حزبە سیاسیەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر ژینگە و ژیانی ھاونیشتیمانیان. ھەرلایەنێکی سیاسی، ھۆکاربێت بۆ تێکدانی سروشتی جوانی کوردستان، ئەوا بەرپرسە بەرامبەر مێژوو و سەرمایەی نیستیمانیمان، کە ژیان و تەندروستی ھاونیشتمانیان دەخاتە مەترسییەوە. پێویستە ھەموو لایەک ڕێگربن لە تێکدانی ھەڵکەوتەی سروشتی شارەکان، نابێت سیمای شار بۆ پرۆژەی بازرگانی بەکاربھێنرێت.  نۆرمی ژینگەپارێزی بەرپرسیارێتی نیشتمانییە، ئەو بەرپرسیارێتییە لە چاکسازییەکانی شێخ عەبدوسەلامی بارزانەوە گواستراوەتەوە بۆ شێخ ئەحمەد و پاشان بۆ مەلا مستەفای بارزان و تا ھەنووکە، دەڤەری بارزان نموونەی باڵای ژینگەدۆستییە. لەداڕشتنەوەی پێناسەی ڕێبازی بارزان لەلایەن شێخ عەبدوسەلامی بارزان،  فەرھەنگی ژینگەپارێزی چەسپێنرا، ئەگەر ئەو فەرھەنگە لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان پەیڕەو بکرێت و ڕێگنەدرێت چیاکانی کوردستان ببڕدرێنەوە و بە بازرگانی بکرێن، ، ئەوا ھەموو شارەکانی کوردستان دەبنە دۆستی ژینگە و ناوچەکەش لە مەترسییەکانی تێکچونی ژینگە و پاراستنی تەندروستیمان پارێزراو دەبێت.

ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

 




دوایین هەواڵەکان

سەرۆكی فەرەنسا پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان کرد

FRIDAY, 26 JULY 2024 19:07:21

فەرەنسا-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئێلیزێ لەلایەن ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێشوازی لێکرا.

 
نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی سەربەست بامەڕنی دەکات

FRIDAY, 26 JULY 2024 17:07:55

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی نووسەر و ڕۆژنامەڤان، سەربەست بامەڕنی بە تەلەفۆن لەگەڵ ماڵباتەکەی قسەی کرد و سەرەخۆشی لێکردن و هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆی بۆ دەربڕین.

 

بیرەوەرییەکانی د. ڕۆژ نوری شاوەیس بڵاوکرایەوە

FRIDAY, 26 JULY 2024 13:07:30

ھەولێر-KDP.info- د. ڕۆژ نوری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەر لە کۆچی دوایی کتێبێکی ٦٥٤ لاپەڕەیی بە نێونیشانی گەشتێک بە ژیانی پێشمەرگایەتییم نووسیووە، کە لە کتێبەکەیدا زۆرترین بیرەوەری لە خۆگرتووە و نووسەر یاداشتەکانی خۆی لەبارەی چەندین ڕووداوی گرنگ لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد بە ڕاستگۆیانە و بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە تۆمار کردووە

 
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی سه‌ردانى فه‌ره‌نسا ده‌كات

FRIDAY, 26 JULY 2024 10:07:02

فەرەنسا-KDP.info- ئه‌مڕۆ هه‌ینی ٢٠٢٤/٧/٢٦ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رمیى به‌ڕێز ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا، ده‌گاته‌ پاریس.

 
ئاگادارییەک لە وەزارەتی داراییەوە بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر خانەنشیناندا

THURSDAY, 25 JULY 2024 21:07:51

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەپێناو بەرژەوەندی و کارئاسانی زیاتر بۆ توێژی خانەنشینان بڕیاردرا وەرگرتنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی لەڕێی ئەو بانکانەوە بێت کە مووچەی خانەنشینی لێ دابەش دەکرێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact