Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 8 DEC 2024 10:06 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە پرسی هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی شکستی هەناردەکردنی نەوت بخەنە پاڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

لە ڕاگەیەنداوەکەدا هاتووە، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو لێدوانە فەرمییانەیە کە لەم دواییانەدا لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان خراوەتە ڕوو. ئەو لێدوانانە هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی شکستی هەناردەکردنی نەوت بخەنە پاڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان".

دەقی بەیاننامەكە:

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو لێدوانە فەرمییانەیە کە لەم دواییانەدا لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان خراوەتە ڕوو. ئەو لێدوانانە هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی شکستی هەناردەکردنی نەوت بخەنە پاڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

بە تایبەتی وەزارەتی نەوتی عێراقدا ئاماژە بەوە دەکات کە "بەردەوامە لە پێداگری لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا بە زووترین کات، لە هەمان کاتدا پابەندە بە بڕگەکانی دەستوور و یاساکە، "بەڵام گرێبەستە پەیوەندیدارەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی حکوومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە پەسەند نەکراون، چونکە بنەمای دەستووری و یاسایی دروستیان نییە".

وەک وەزارەتی نەوتی عێراق باش دەزانێت، هیچ بڕگەیەک لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراقدا نییە کە دەسەڵات بە حکوومەتی فیدراڵی عێراق بدات بۆ "پەسەندکردنی" ئەو گرێبەستانەی کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە دەرکراون.

بنەمای یاسایی ئەو گرێبەستە نەوتییانە یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستانە لە ساڵی ٢٠٠٧، بە کۆی دەنگ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کراوە. ئەم یاسایەی ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن پارێزەرانی باڵای دەستووری و نێودەوڵەتیی جیهانەوە دانیان پێ دانراوە کە بنەمایەکی تۆکمەی لە دەستووری ٢٠٠٥ی عێراقدا هەیە. ئەو پارێزەرانەش بریتین لە پڕۆفیسۆری کۆچکردوو جەیمس کراوفۆرد، دادوەری دادگای نێودەوڵەتی، و لەم دوایانەدا دادوەر ستیڤن شوبێل، سەرۆکی پێشووی دادگای نێودەوڵەتی. هەر دوو پارێزەرەکە بۆچوونی خۆیان بڵاو کردووەتەوە. ئەم بۆچوونانە بە شێوەیەکی دروست بوونەتە بنەمای تەواوی وەبەرهێنانەکان کە کۆی گشتیی سەدان ملیار دۆلارە، کە بەشێکی بەرچاوی لە وەبەرهێنە ڕۆژئاواییەکانەوە هاتووەتە کوردستانی عێراق.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی نەوتی عێراق تەنیا پشت بە بڕیارێک دەبەستێت کە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ لەلایەن لیژنەیەک یاخود کۆمەڵێک لە ڕاسپێردراوی سیاسی لە بەغدا دەرچووە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە یاسای ٢٠٠٧ی حکوومەتی هەرێم نادەستوورییە. لە کاتێکدا کە وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی ئەو لیژنەیە بە "دادگای باڵای فیدراڵی" ناو دەبات، هەمووان دەزانن کە شتێکی لەو جۆرە نییە. ئەو بەناو "دادگایە" بەپێی بڕگە پەیوەندیدارەکانی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ دانەمەزراوە.

ئاشکرایە کە وەزارەتی نەوتی عێراق تەنانەت قسە لەسەر شەرعیەتی ئەو لیژنەیە ناکات. هەر وەک چاوەڕوان دەکرا ئەو "بڕیارە"ی شوباتی ٢٠٢٢ی ئەو لیژنە سیاسییە وەک بڕیارەکانی سەردەمی رژێمی سەدامە کە لەسەری دیزاین کراوە، تەنانەت هیچ تێگەیشتنێکی یاسایی بنەڕەتی نییە. بۆتە جێی شەرمەزاری بۆ خەڵکی عێراق.

سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر زوو لەگەڵ دەرچوونی ئەو "بڕیارە" ئەم ڕاستییە ڕوونەی ئاشکرا کرد و دواتر دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریی حکوومەتی هەرێمیش بەدوایدا هەمان ڕاستییان ئاشکرا کرد.

دەسەڵاتی دادوەریی حکوومەتی هەرێم بە شێوەیەکی دروست پێکهێنراوە، بڕیاری ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ وەک بڕیاری دادگایەک ناناسێت هەروەها ئاشکرایە کە پەرلەمانی عێراق بە پێچەوانەی پەرلەمانی کوردستانەوە تا ئێستا یاسایەکی نەوت و غازی دەرنەکردووە کە لەگەڵ دەستووری ساڵی ٢٠٠٥دا بگونجێت. لە ڕاستیدا، حکوومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک نەیتوانیوە، یان ئامادە نییە هیچ یاسایەکی نەوت و غاز دەربکات. کەرتی نەوتی حکوومەتی عێراق پڕە لە گەندەڵی و زیادەڕەوی لە مەرکەزییەت و نەبوونی شەرعیەت، لە ئێستادا پشت بە فەرمانە بەسەرچووەکانی ڕژێمی سەدام حوسێن دەبەستێت. ڕاستییەکە ئەوەیە کە هیچ دامەزراوەیەکی فیدراڵیی عێراق بە هیچ "دادگا"یەکەوە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ یان یاساکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی نییە.

لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، هەر دوو شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کۆبوونەوە، بەبێ ئەوەی زیان بە مافە دەستوورییەکانی خۆمان بگەیەنین، و لەسەر مەرجەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی ڕێککەوتن کە باس لە بابەتی تەکنیکی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەکات لە هەرێمی کوردستان. لێکتێگەیشتنی هاوبەشمان بوو کە یاساکە جێبەجێ دەکرێت و هەناردەکردن بەبێ دواکەوتنی زیاتر دەست پێ دەکاتەوە.

ئێمە هانی حکوومەتی عێراق دەدەین پابەند بێت بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی مانگی یەک و ئاسانکاری بکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن. هیچ پاساوێک نییە، نە لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ یان لە هەر شوێنێکی تر، بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق بەربەست بخاتە بەردەم هەناردەکردنی نەوت. ئەو هەناردەکردنانە بۆ خۆشگوزەرانیی هەموو گەلانی عێراق گرنگن. هەروەها بۆ ئاشتی و ئاسایشی وزەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر گرنگن.

لە هەمان کاتدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردن و هاندانی جێبەجێکردنی یاسا. حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکپارچەیی و سەربەخۆیی و دەسەڵاتی دەستووریی دادگاکانی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت. یاسای نەوت و غازی ٢٠٠٧ی هەرێم و هەموو یاساکانی حکوومەتی هەرێم بە تەواوی جێبەجێ دەکرێن. حکوومەتی هەرێم وەک هەمیشە دەستووری ٢٠٠٥ دەپارێزێت و یاسای ساڵی ٢٠٠٧ بەرز ڕادەگرێت و پابەند دەبێت بە مەرجەکانی ئەو گرێبەستانەی کە بەپێی ئەو یاسایە کراوە.




دوایین هەواڵەکان

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شێخ خەمیس خەنجەر دەکات

SATURDAY, 07 DECEMBER 2024 21:12:23

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی لەگەڵ شێخ خەمیس خەنجەر کەسایەتیی دیاری سیاسی عێراق، دوا پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن.

 
پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

SATURDAY, 07 DECEMBER 2024 14:12:37

ھەولێر-KDP.info-  سەرۆک بارزانی پەیامێکی لەبارەی دۆخی ئەم دواییەی سووریا راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:

کارگەی زووم بۆ بەرھەمی شیرەمەنی ٢٦ لقی تازە لە ھەرێم دەکاتەوە

SATURDAY, 07 DECEMBER 2024 14:12:16

مێرگەسۆر-KDP.info- بەڕێوەبەری کارگەی زووم بۆ بەرھەمھێنانی شیرەمەنی ڕایگەیاند، کەلوپەل و پێداویستییان کڕیوە و بڕیارە ٢٦ لقی تازەی کارگەی زووم لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە.

"ھەمواری یاسای بودجە گرنگە بۆ ئەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم دەست پێبکاتەوە"

SATURDAY, 07 DECEMBER 2024 13:12:29

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پێویست بوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و تێیدا خوێندنەوەی دووەم بۆ ھەمواری یاسای بودجە بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ پەرلەمان کۆ نابێتەوە و چاوەڕێ دەکرێت سبەی کۆبێتەوە و تێیدا خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای بودجە بکرێت.

 
مامۆستایانی خۆبه‌شی قوتابخانه‌ ئایینییه‌كان ده‌كرێنه‌ گرێبه‌ست

SATURDAY, 07 DECEMBER 2024 12:12:55

هه‌ولێر-KDP.info- گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، مامۆستایانی خۆبه‌ش له‌ قوتابخانه‌ ئایینییه‌كان ده‌كرێنه‌ گرێبه‌ست و ده‌شڵێ، له ‌هه‌رێمی كوردستان 21 قوتابخانه‌ی ئایینی هه‌ن‌.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact