تورکیا-KDP.info- سەرکردەیەکی ئاکەپە ڕایگەیاند، ماوەی چەندێکە سەرۆک ئەردۆغان خەریکی سەردانێک بوو بۆ عێراق و سەردانیشیان بە گرنگییەوە دەبینم بۆ ھەرێمی کوردستان.
محەممەد دارا ئاکار، سەرکردەی ئاکەپە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمە زیاتر لە دوو ساڵە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و تورکیا زۆر باشبوون و بەتایبەت پەیوەندیە ئابووری، سیاسی و ئەمنیەکان، زیاتر بەرەو پێشچوون بە خۆییەوە دەبینێت".
ناوبراو ئاماژەیشیدا: "تورکیا دەیەوێ لە سێ بوارەوە پەیوەندییەکانی بەھێز بکات، بەتایبەت لە بوارەکانی بازرگانی، ھیوادارم ئەم پەیوەندیەی نێوان ھەولێر و بەغدا و ئەنقەرە بەھێزتر بێ چونکە بۆ ھەموو لایەنێک گرنگە".
سەرکردەکەی ئاکەپە، دەشڵێ: "تورکیا دەیەوێ لە خاڵی دووەم و سێیەمیش لە بوارەکانی ئەمنی و کەلتووری و زانستی پەیوەندییەکانی بەھێز بێت، ھەروەھا گوتیشی، ھیوادارم پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و تورکیا زیاتر ڕۆڵی خۆیان ببینن، و کوردستانیش ڕۆڵی خۆی باش ببینێت و دواتر دەرئەنجامەکان دیاردەبێت".
"پێویستە ھەرێمی کوردستان زیاتر یەکگرتووبن بە ناوچە دابڕێنراوەکانیشەوە و تەواوی حزبەکانیەوە یەکگرتووبن و ھەموو لایەنێک چاکسازی ئەنجام بدەن و ستاتۆی کوردستان بەھێزتر بێت لەنێو ھەموو لایەنەکان و تورکیاش دەیانەوێت ئەم یەکگرتوو و یەکڕیزیە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی مەترسی زیاتر ڕوو نەدات" لە کۆتایدا ئاکار وای گوت.
کاروان باعەدری