Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 25 APR 2024 00:32 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

هەڵبژاردن... بە مەرجی چەقۆی ئەوان؟!!
| KDP.info


ئازاد جندیانی

مەبەستی سەرەکیم لەم کورتە گوتارەدا ئەوە نییە کە رێکلام بۆ تێزێکی زۆر پێشووتری خۆم بکەم، کە لە چەند ساڵێک لەمەو بەرەوە لەبارەیەوە ئەدوێم، پوختەی تێزەکەش بەمجۆرەیە: (هەڵبژاردن کۆکەرەوەی کوردەواری نییە، بەڵکوو پەرتکەرە، ئەو ڕاستییە تاڵەشمان هەر لە یەکەم ئەزموونی هەڵبژاردنی کوردستانەوە بۆ دەرکەوت، کە ئەوسا پەرتبوونەکە شەڕێکی ناوخۆی خوێناوی بەدوای خۆیدا هێنا). هەرچەندە هەڵبژاردنی کوردستان لە سەرەتاوە بڕیار و پرۆسەیەکی خۆکردبوو بەرەو دەسەڵاتێکی ڕەوایەتیداری دیموکراتیک، بەڵام بەوجۆرەش نە (یەکی خستین) و نە (ڕێکیشی خستین) .

ئێستاش لە سەروبەندی گەڕێکی دیکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داین، بەڵام پێش ئەنجامدانی و پێش دەرکەوتنی ئەنجامەکانی، پەرتبوون بووەتە نیشانە، سیما و دیاردەیەکی تەواو مەترسیداری لێکترازانێکی قووڵتر. هاوکات لێکەوتە سەرەتاییەکانی ئەم گەڕی هەڵبژاردنە هەر بەتەنیا پەرتکردن نابێت، بەڵکوو بێ پرەستیژکردنی پەڕلەمانیشە، ئەویش بەهۆی لابردن و بەنادەستووری زانینی بڕگەی (2) لە ماددەی (56)ـی یاسای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان، کە تیایدا هاتووە (هاتبوو) پەرلەمان تاکە مەرجەعی سیاسی و دەستوورییە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی گەلی کوردستانی عیراق. هەڵبەت بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕالیش نە تانەیان لێ دەدرێت و نە ڕەتیش دەکرێنەوە!

بەو پێیە و بە زۆر هۆکاری دیکەش، کە پسپۆڕ و شارەزایان و هەروەها ئاگاداران، لەم چەند ڕۆژەدا ڕوونیان کردووەتەوە کە ئەو ڕستە بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی داویەتی لە هەردوو مەودای دوور و نزیکدا زیانی گەورە لە ئێستا و داهاتووی کوردستان و ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەدەن، کە قەرەبووکردنەوەیان زۆر زەحمەت دەبێت، بەتایبەت وەک هەندێک لە پسپۆڕان ئاماژەیان پێداوە ئەو بڕیارانەی دادگاکە بناغەن بۆ زۆر بڕیاری دیکە، کە دامەزراوەکانی کوردستان هەڵدەتەکێنن و ئەگەر واش بڕوا ئەوا لە باشترین حاڵەتدا ڕەنگە سیستمێکی (فیدڕاڵی کارتۆنی) جێی ئەگرێتەوە.

ئێستا بەغدا (دەوڵەتی عیراق) وەک داگیرکەر و پشتیوانە ناوخۆیی و دەرکییەکانی، بەو بڕیار و سیاسەتانەی کاریان پێ دەکات، گەرەکی نییە تەنیا ئەلتەرناتیڤی کارتۆنیمان بەسەردا بسەپێنێت، بەڵکوو بەهەموو ئامراز و فرت و فێڵی نایاسایی و یاسامەندکراو و میکانیزمەکانی ملپێکەچکردنی نەتەوەی کورد کار دەکات تا پێش نیشتنەوەی ئەو تۆفانەی تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە و زۆریش لە لرفەلرفی تۆفانەکە ئەترسن مەسەلەی کورد، کە لە دیدی ستراتیژی و جیۆپۆلەتیکی بەغدا و هاوپەیمان و هاوبەرژەوەندە ناوچەییەکانیدا (چوار داگیرکەرەکە) گەورەترین چاڵنج و هەڕەشەیە و دەیەوێت نەک لە ئێستادا بەڵکو بۆ دۆخی کۆتایی و نیشتنەوەی تۆفانەکە، کورد تا ئەو ئەندازەیە دەستەپاچە و بێ دەرەتان و پارچەپارچە و بێ شنگ بکات تا وەک سەردەمی دوای جەنگی یەکەمی جیهان ئەمجارەش کورد بێ دەرفەت بمێنێتەوە و بخرێتە دەرەوەی هاوکێشەکان و بەدەستی بەتاڵەوە لێی بێتەدەر و مایەپووچ بێت، بەڵام ئەگەر لافاوەکە دۆخێکی جیای لێ کەوتەوە، کە بۆ زاڵ بوون بەسەر فاکتەرەکانی ناسەقامگیری پێویست بە گۆڕینی ئەم جیۆپۆلەتیکە ناسەقامگیر و نائارامەی ناوچەکە بکات و سەرلەنوێ ئەم زۆنە بوغرنج و بەردەوام ئاڵۆز و شلەژاوە دیزاین بکرێتەوە، کە سەدساڵ پترە وەک خۆیەتی، ئەوا چانسی دووبارە بوونەوەی سیناریۆی لۆزان زۆرکەم ئەبێت.

وەک لە دنیای ئێستا سیاسەتدا بووەتە دەستەواژە و چەمک، ئایا بۆ ڕۆژانی دوای نیشتنەوەی لافاوەکە، کورد پێشمەرج و پێویستی و ئامرازەکانی ململانێ قورسەکەی ئەو وەختە و بەڕێوەبردنەکەی چین (چی ئەبن)؟ باش ئەزانم کە تێزگەلی نەک هەر جیاجیا بەڵکو تێزگەلی دژبەیەک و یەکتربەتاڵکەرەوە هەر لەدوای ئەو پرسیارەمەوە کورد گوتەنی کلاشە ئەکەن، بەخوێندنەوەی کەم و زۆر ئەزموونداری خۆم پێش مەرجی بنەڕەتی بۆ ئەو قۆناخە هەبوونی (لێڤەگەڕ)ە، کە لە سەردەمی بەرەی کوردستانیدا (دوای ڕاپەڕینی باشوور لە 1991) ئەو لێڤەگەڕە بە (ڕابەر) ناودێرکراو دەنگیشی لەسەردرا، بەڵام دۆخی پەرتبوون و ئاڵۆزی دوای یەکەم هەڵبژاردن ئەو ئامرازە ستراتیژیەی کوردایەتی نەک هەر پشتگوێ خرا بەڵکو مرێندرا. لێرەوە و لەم بارەیەوە مەبەستمە و زۆریش مەبەستمە کە مەسەلەی (لێڤەگەڕ) مشتومڕی فیکری و سیاسی لە ئاستی هەموو کوردستان و دیاسپۆڕاشدا دەست پێ بکەین.

ئێستا دابەشبوونێک لە جۆرێکی دیکە لە کوردستانی (باشوور)دا دروست بووە، بەشێوەیەک کە زۆرینەیەک لە لایەنە سیاسییەکان بەوەندە نەوەستاون کە بە گەرم وگوڕیەوە لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕالی دابن سەبارەت بەیاسای هەڵبژاردن، کە دادگاکە لەخۆیەوە و بەمەبەستێکی دوژمنکارانەی فێڵبازانەوە بڕگەی (2)ی لە ماددەی (56) ڕەتکردووەتەوە، کە بەوجۆرە پەڕلەمانی لە سەروەرترین دەسەڵاتەکەی بێبەشکرد، بەڵکوو هەمان گوتاری وەلائی گرووپە شیعەکانیان بۆ بەرگریکردن لە دادگاکە و سەرۆکی دادگاکەیان پەیڕەو کردووە و سەنگەری دەرەوەی کوردیان توندتر و بەهێزتر کردووە.

لەبەرامبەردا پارتی و ژمارەیەک پارت و گرووپی دیکەی کوردستان، بەتایبەت هی پێکهاتەکان بەو بڕیارانەی دادگاکە ڕازی نین، چونکە دادگاکە بە دەستوورمەند نازانن، بۆیە پێچەوانەی (ئەوان) هەڵوێستیان بەڕوونی و ڕاشکاوی لە دژی بڕیارەکە نیشان داوە. هەڵوێستی پارتی وەک هێزی یەکەمی کوردستان (هەرێم) دۆخە سیاسیەکەی بەتایبەت لە بەغدا بەتوندی شڵەقاندووە و بە هۆیەوە بزاوتێکی دپلۆماسی لە ئاستی سێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق و پارت و گرووپە سیاسی و میلیشیاییەکانی و نوێنەرایەتی هەندێک لە زلهێزەکانی لێکەوتەوە کە هێشتاش هەر بەردەوامە، بەڵام ڕوون نییە ئەم کێشمەکێشەی کە دادگای باڵای فیدڕاڵی و لایەنگرانی دروستیان کردووە چی لێ ئەکەوێتەوە.

لە کوردستاندا ئه‌وه ‌ڕوونە كه‌ لەم دۆخە زۆر هەستیارەدا بەرەکان (بەرەی کوردستان و بەرەی بەغدا) لێک هەڵاوێرد بوو، بە جۆرێک کە پارتی بە پێچەوانەی بەرەکەی دیکە (بەرەی بەغدا) هەڵبژاردنەکە بە مەرجی (چەقۆی ئەوان) پەسند ناکات، چونکە هەڵبژاردن بەم شێواز و میکانیزم و فەلسەفەیەی دادگای فیدڕالی و هاوقەتار و هاوئامانجە کوردەکانی، گەرچی هەر لەئێستاوە هەندێ کەس و لایەن خۆیان بەبراوە نیشان ئەدەن کە ئەو بردنەوەیان بەتامی دۆڕاندنە چونکە کەم و زۆر خەمخۆری نەدۆڕانی کوردیان پێوە دیار نیە!

دوا سەرنجی ئەم نووسینەم پیشاندانی پەرۆشی دڵسۆزانەمە بۆ هەندێ لەو لایەن و بەتایبەت کەسایەتیانەیە کە بەکاردانەوەی تووڕەیی و بەدیدێکی تەواو تاکتیکیانە (نامەوێ پێیان بڵێم کورتبینانە) بەغدایان کردە ڕووگەی خۆیان، پەرۆشیم بۆیان لەوەوەیە کە دڵنیام ئەو ڕەوتەی ئەوانیش چوونەتە پاڵی نزاکەی هێمنی مەهابادی ئەیانگرێتەوە کە کاتی خۆی له‌دوای كوده‌تاكه‌ی موسه‌ده‌ق له‌ساڵی 1953دا بە شای ئێرانی ووت (بەغدا نیوەی ڕێگەت بێ) .




دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی ناوخۆ ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 00:04:55

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات كە بی مۆڵەتی خوێندن بڕوانامەیان بەدەست هیناوە و تاوەكوو ئێستا بۆیان هەژمار نەكراوە.

 
ھەرێمی کوردستان بەشداری لە دیداری ئەبوزەبی بۆ وەبەرھێنان دەکات

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:39

ھەولێر -KDP.info- دەستەی گشتی وەبەرھێنان بەشداری لە سێزدەمین دیداری وەبەرھێنان لە ئەبوزەبی دەکات و سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنانیش دەڵێ، ھەرێمی کوردستان بۆ جاری یەکەمە بەشداری لە دیدارەکە دەکات.

 
ئەنجومەنی وەزیران: بەپێی یاسا بەرکارە فیدڕاڵییەکان، بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:56

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 
مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 18:04:37

مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

 
راوێژکارێکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کاریگەری ھەبووە"

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 17:04:54

ھەولێر-KDP.info- دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرانەوەیەک ھەیە لەنێوان ھەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم و دەنگەکانی کورد لە کەرکووک و نەینەوا و خانەقین گۆڕانکاریان پەیداکردوە. 

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact