ھەولێر_KDP.info- جێگری بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ھەولێر گوتی ، پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران تاوەکو ٢٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و ھەموو ئاسانکاریەک بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کارتی دەنگدانیان نیە ، بە تایبەت ئەوانەی لەساڵی ٢٠٠٦لە دایکبوون ، بۆیە داواکارین ئەو کەسانەی کارتی دەنگدانیان نیە بێن خۆیان لەپرۆسەی بایۆمەتری تۆمار بکەن و ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن.
جێگری بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ھەولێر ، بۆتان شێرکۆ ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی ، ٢٠رۆژ دانراوە بۆ تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران لەپرۆسەی بایۆمەتری و دەنگدەران بەردەوام ئێستا سەردانی بنکەکانی ئێمە دەکەن و ئێمەش ناویان تۆمار دەکەین و ئەمەش بۆ ئەو کەسانەیە بایۆمەتریان نەکردووە و ئەوانەی لەدایکبووی ٢٠٠٦ن ، کە تازە تەمەنیان بۆ دەنگدان دەبێت ، بۆیە ھەموو ئاسانکاریەکیان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی ناوی خۆیان تۆمار بکەن و پرۆسەی بایۆمەتریان بۆ ئەنجامبدرێت و تیمی گەرۆکیشمان ھەیە بۆ ئەوکەسانەی ناتوانن سەردانمان بکەن سەرادانیان دەکەین ، بۆیە رۆژانە خەڵکێکی باشیش سەردانمان دەکەن وھیوادارین خەڵکیش ئەم دەرفتە لەدەست خۆی نەدات و بێن خۆیان تۆمار بکەن ، چونکە نازانرێت وادەکە درێژدەکرێتەوە یاخودنا و دواین وادەی ٢٠ی ئەم مانگەیە.
بۆتان شێرکۆ گوتیشی ، ھەر کەسێک کارتی بایۆمەتری نەبێت بە وێنەوە مافی دەنگدانی نابێت ، ھەر بۆیە پێویستە ئەوەی کارتی دەنگدانی نەبێت سەردانمان بکات بۆ خۆ تۆمارکردن و رۆژانە تەنانەت رۆژانی پشوو و ھەینیش بنکەکانمان کراوەن لەسعات٨:٠٠ی بەیانی تاوەکو سعات٣:٠٠ی ئێوارە .
دەشڵێت ، کارتێکی زۆری دەنگدان لەبەغدایە وچاوەرێ دەکرێت پێش ھەڵبژاردنەکان بگەرێتەوە و بەسەر دەنگدەران دابەش بکرێت ، چونکە تاوەکو ئێستا بۆمان نەگەراوەتەوە.
بڵند ئیبراھیم