بەرپرسێکی پارتی لە مووسڵ پێشبینی دەکات پارتی لە ھەڵبژاردنی مانگی داھاتوودا ھەشت کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەست بێنێ، دەشڵێ: لیستی پارتی لیستی ھەموو پێکهاتەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایە.
عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لیستی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە ٥٢ کاندید پێک ھاتووە و کاندیدانی پارتیش لە کەسانی شایستە و ناسراون، واتە لیستی پارتی لیستی ھەموو پێکھاتەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایە و ٢٥%یشیان ئافرەتن.
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: بانگەشەی پارتی لە مووسڵ بەشێوەیەکی زۆر ھێمنانە دەستی پێکردووە، ڕۆژانە کادیر و کاندیدانی ئێمە بەرنامەیەی پارتی بۆ ھەڵبژاردن دەگەیەننە ھاووڵاتییانی سنووری مووسڵ و ئەوانیش پێشوازیەکی زۆر گەرم لە لیستی پارتی و کاندیدانی دەکەن.
عەلی خەلیل ئاشکرایکرد: لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەکۆی ٣٦ کورسی ئەنجوومەن پارتی ھەشت کورسی ھەبوو، ئێستا ژمارەی کۆرسییەکانی ئەنجوومەنەکە کەم کراوەتەوە بۆ ٢٦ کورسی ئێمە پێشبینی دەکەین ھەشت کورسی خۆمان جارێکی دیکە بەدەست بێنینەوە، کاریش دەکەین بۆ ئەوەی کورسی زیاتر بەدەست بێنین.
قائید میرۆ