جێگری سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق، پێی وایە لە دوو رۆژی داھاتوودا لەبارەی، پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە ڕێککەوتن دەکرێت و دەشڵێ، لەسەر چەند خالێک گەیشتووینەتە رێککەوتن.
مەریوان دزەیی، جێگری سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی: عێراق، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" لەگەل کۆتلەکانی دیکە، لەسەر ھەندێ خاڵی نێو پڕۆژە یاسای بودجە گەیشتووینەتە چارەسەر و تەنیا ھەندێ خاڵی جەوھەری ماون ، پێشبینی دەکەم ئەوانەش چارەسەر بکرێن و بگەینە رێکەوتنی تەواو، بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدان و پەسەند بکرێت.
جێگری سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد" دەمانەوێ ئەو دەقەی لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵیەوە ڕەوانەی پەرلەمان کراوە و پێشتر ڕێککەوتنی لەسەر کراوە ھەمان دەق لەنێو یاسای بودجە جێگیر بکرێت و پەسەند بکرێت.
لەبارەی وادەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەشەوە مەریوان دزەیی گوتی: پەرلەمان ڕۆژی پێنجشەممەی دیاری کردووە بۆ کۆبوونەوە و دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی، ھیوادارین ئەو دوو رۆژەی ماوە بگەینە رێکەوتن لەبارەی ئەو خاڵانەی پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستان.
قائید میرۆ