Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 11:30 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

مه‌ریوان قه‌ره‌نی: دادگای فیدراڵی بەپێی ده‌ستوور هه‌ڵوه‌شاوه‌یه‌
| KDP.info


به‌غدا -KDP.info- ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ دادگای فیدراڵیی عێراق بەپێی ده‌ستوور هه‌ڵوه‌شاوه‌یه‌ و ئه‌م دادگایه‌ له‌ ساڵانی ڕابردوودا چاوی له‌ ده‌یان پێشێلكاریی ده‌ستووری نوقاندووه‌، به‌ڵام هه‌ر بابه‌تێك بۆ دژایه‌تیی گه‌لی كوردستان بووبێت كاری له‌سه‌ر كردووه‌ و بریاری ناده‌ستووریی دژی كوردستان تێدا داوه‌، به‌ڵام نۆ دادوه‌ر ناتوانن تا سه‌ر دژی ملیۆنان مرۆڤ له‌ عێراق بوه‌ستن.

مه‌ریوان قه‌ره‌نی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: دەوڵەتی عێراق كە لە ساڵی 2003 بە بەشداریی سەركردە سیاسییەكانی عێراق لە نێویشیاندا سەرۆك بارزانی دووبارە دامەزرێندرایەوە، سیستەمی فیدراڵیی تەبەنی كرد. سیستەمی فیدراڵی بە مانای ئەوە دێت كە دەوڵەتەكە لە یەك ناوەندەوە ئیدارە نادرێت، بەڵكوو چەند ناوەندێكی ئیدارەدان هەیە كە لە دەستووری عێراقدا ناویان نراوە هەرێمەكان. بەداخەوە ئەم فیدراڵیەتە لەوە دەچێت تەنیا كورد لە عێراق باوەڕی پێی هەبووبێت، بۆیە دەبینین جگە لە هەرێمی كوردستان، سیاسییەكانی دیكەی عێراق ڕێگەیان نەدا هیچ هەرێمێكی دیكە لە وڵاتەكەدا دابمەزرێت، هەرچەندە بینیمان ماوەیەك عەرەبە سوننەكان لە سەڵاحەدین و چەند پارێزگایەك، هەروەها عەرەبە شیعەكان لە بەسڕە و چەند پارێزگایەك داوای هەرێمی سەربەخۆیان دەكرد، بەڵام هەردووكیان بە ئاگر و ئاسن وەڵام درانەوە!

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێویستیی كاراكردنی ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵی ڕوونی كرده‌وه‌‌: كاتێك دەوڵەتێكی فیدراڵی هەبێت، عورف وایە كە دەسەڵاتی یاسادانان لەو دەوڵەتە فیدراڵییە تەنیا پەرلەمان (واتە ئەنجوومەنی نوێنەران) نابێت، بۆچی؟ چونكە عادەتەن لەم حاڵەتەدا مەترسیی ئەوە هەیە لەلایەن ناوەندگەراكانەوە مافی هەرێمەكان پێشێل بكرێت، بۆیە دەستووری عێراقی بڕیاری داوە دەسەڵاتی یاسادانان لە وڵاتەكەدا لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدراڵی پێك بێت، وەك چۆن كۆنگرێسی ئەمەریكا لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران پێك هاتووە. ئەم ئەنجوومەنە فیدراڵییە ڕۆڵێكی گرنگی دەبێت لە گەرەنتیكردنی مافی هەرێمەكان، چونكە تێیدا ناتواندرێت لەسەر بنەمای زۆرینە و كەمینە كە ئەنجوومەنی نوێنەران كاری پێ دەكات، بڕیار بدرێت و بەداخەوە وەك چۆن پێشتریش جەنابی سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێ داوە، زیاتر لە 55 ماددەی دەستووری هەمیشەییی عێراق پێشێل كراون، یان جێبەجێ نەكراون، لە نێویشیاندا بابەتی ئەنجوومەنی فیدراڵی كە هەرچەندە پێشتر بەڵێنیان داوە و دەستووریش واجبی كردووە، بەڵام هێشتا یاساكەی دەرنەكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە كارنامەی كابینەكەی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی كە پەرلەمانی عێراقیش دەنگی لەسەر دا، یەكێك لەو یاسایانەی كە بڕیارە لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی تەمەنی كابینەكەدا بڕیاری لێ بدرێت، بابەتی دەركردنی یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵییه‌.

مه‌ریوان قه‌ره‌نی هه‌روه‌ها لەبارەی زاڵبوونی سیاسەتی شۆڤێنیستی بەسەر بڕیاری دادوەری و خستنە خزمەتی دەزگایەكی دادوەری بۆ خزمەتی سیاسی گوتی: هیچ گومانێك لەوە نییە كە بڕیارەكانی دادگای بەناو فیدراڵی بڕیاری سیاسین و نەك هەر سیاسیشن، بەڵكوو لە ڕوانگەی عەقڵیەتێكی قووڵی شۆڤێنییانەوە بەرامبەر بە گەلی كوردستان دەركراون. ئەگینا دادگایەك خۆی لەسەر بنەمای یاسایەكی هەڵوەشاوە كار بكات چۆن دەتوانێت گەرەنتیی دەستووریبوونی یاسا و بڕیارەكان بدات؟ ڕەنگە كەسانێك بڵێن چۆن؟ پێویسته‌ بڵێین كه‌ دادگای فیدراڵی بەپێی یاسایەكی سەردەمی ئیدارەی كاتیی ساڵی ٢٠٠٣ دامەزراوە، دواتر لە ساڵی ٢٠٢١دا یاساكە هەموار كراوەتەوە، جارێكی دیكە (كە لەو هەمواركردنەوەیەدا فراكسیۆنەكانی پارتی، یەكگرتوو و گۆڕان بایكۆتیان كردووە). بنەمایەكی یاسایی هەیە و دەڵێ (ما بنی على باطل فهو باطل)، واتە هەموو ئەو شتانەی لەسەر شتێكی باتڵ و هەڵوەشاوە بنیاد دەنرێن، باتڵن، یاساكەی سەردەمی ئیدارەی كاتی بەپێی دەستوور هەڵوەشاوەتەوە، هەمواركردنەوەی یاسایەكی هەڵوەشاوەش خۆی لە خۆیدا نادەستوورییە، ئەرێ خێرە ئەو دادگا بەناو دەستوورییە هیچ هەڵوێستێكی لەسەر ئەمە نییە و بە نادەستووری نازانێت؟ ئینجا سەیری دەستووری عێراق بكەن، ماددەكانی ٩٢ و ٩٣ بەڕوونی دەبینین ئەو دادگا فیدراڵییەی دەستوور داوای كردووە، هەمان ئەو دادگایە نییە كە لە عیراقدا هەیە و پێك هاتووە، دەستوور دەڵێ دادگای فیدراڵی دەبێ لە سێ توێژ پێك بێت كە ئەمانەن (دادوەر، شارەزای یاسا، شارەزای فیقهی ئیسلامی)، كەچی دادگای بەناو فیدراڵی تەنیا لە نۆ دادوەر پێك هاتووە. بۆیە پێش ئەوەی ئەو دادگایە پێمان بڵێ چ یاسا و بڕیارێك دەستوورییە، یان نا، با ئێمە پێیان بڵێین دادگاكە خۆی دەستووری نییە و ئەسڵ ئەوەیە ئەو دادگایە هەڵبوەشێتەوە، هەروەك لە كارنامەی حكوومەتەكەی سوودانیدا هاتووە و ڕێككەوتنی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتیشە، لە شەش مانگدا یاسای دادگای فیدراڵی دەربكرێت و دادگاكە بەو جۆرەی دەستوور دەیەوێت، پێك بهێندرێتەوە.

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ هه‌روه‌ها ڕوونی كرده‌وه‌: له‌ بابەتی ڕوانگەی شۆڤێنییش بە دڵنییاییەوە كە سەیر دەكەین هەموو بڕیارەكانی ئەو دادگایە، لە دژی كوردستانە و تەنیا خزمەت بە گرووپێكی بچووكی باڵادەستی نێو عێراق دەكات كە بەداخەوە ئەو گرووپە لە خزمەتی ئەجێندای وڵاتێكی هەرێمی كار دەكەن، بۆمان دەردەكەوێت كە ئەوە عەقڵیەتی دادوەری نییە لە پشت ئەم بڕیارانەوە، بەڵكوو هەمان ئەو عەقڵیەتە شۆڤێنییەیە كە كاتی خۆی دادگای شۆڕشی هەڵدەسووڕاند.

مه‌ریوان قه‌ره‌نی لەباره‌ی پێشێلكردنی بابەتە دەستوورییەكان، بەتایبەتی ماددەی ١٤٠ باسی ئه‌وه‌ی كرد: جەنابی سەرۆك بارزانی گوتوویەتی كە زیاتر لە ٥٥ ماددەی دەستووری عێراق پێشێل كراون، پێشتریش بەوردی یەك بە یەكی ئەو ماددانە خرانە ڕوو. گرنگترین ماددەی دەستووری بە نسبەت هەموو عێراق كە پەیوەندیی بە چارەنووسی ملیۆنەها كەسە و سەقامگیریی ناوچەیەكی فراوانەوە هەیە، ماددەی ١٤٠ی دەستوورە كە چەند قۆناغێك لەخۆی دەگرێت، وەك ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و ناوچەكانی دیكەی سنووری ماددەی ١٤٠، قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەی ماددەكە دەیانگرێتەوە، دواتر ئەنجامدانی ڕاپرسی، به‌ڵام دادگای بەناو فیدراڵی نەك هەڵوێستی لەسەر جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە و ماددەكانی دیكە نییە، بەڵكوو ئەو دادگایە لەسەر داوای ئەوانە هەڵدەسووڕێت كە كاریان لەسەر پەكخستنی ماددەی ١٤٠ كردووە. ئێمە بینیمان پەرلەمانتار حەنان فەتلاوی بەئاشكرا گوتی كە من ڕێگر بووم لە جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ و شانازیشی پێوە كرد، بڕۆ بزانە دادگای فیدراڵی چی بەرامبەر بە فەتلاوی كردووە؟

مه‌ریوان هه‌ره‌نی سەبارەت بە یاسای نەوت و غاز گوتیشی: ناكرێ وڵاتێك ٩٥٪ی داهاتەكەی لەسەر نەوت و غاز بێ، كەچی بە یاسایەك نەوتەكەی بفرۆشێ كە كەس نازانێ هی چ سەردەمێكە! كەچی دادگای فیدراڵی لە ئاست ئەویش بێدەنگە. بۆچی؟ چونكە دەزانن ئەگەر هەڵوێست لەسەر جێبەجێنەكردنی ئەو ماددانەی دەستوور دەرببڕن، هەڵوێستەكەیان دەچێتە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و لەبەر ئەوەی ئەوان خەڵكی كوردستان بە بەشێك لە گەلی عێراق نازانن و لە ڕوانگەیەكی شۆڤێنییانەوە سەیری دەكەن، بۆیە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان بە زیانی گەلی عێراقیش دەزانن و ئامادە نین بە یەك وشەش بڕیارێك لە قازانجی هەرێمی كوردستان دەربكەن.

له‌ كۆتایی گوته‌كانیدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر سه‌ركێشی و بڕیاره‌ ناده‌ستوورییه‌كانی دادگای فیدراڵی گوتی: بە دڵنیاییەوە بێئومێد نین، گەلی كوردستان خاوەنی ڕابەرێكی مەزنی وەك سەرۆك بارزانییە، كورد پێگەیەكی كاریگەری لە عێراق هەیە، پارتییش بەتایبەتی وەك یەكەمین حزبی عێراقی، پێگەیەكی گەورەی هەیە و نۆ دادوەر كە شەرعیەتێكی دەستووریشیان نییە، تاسەر ناتوانن پێچەوانەی ئیرادەی گەلی كوردستان هەڵسوكەوت بكەن. بەڵكوو ئومێدێكی گەورەمان هەیە بەوەی لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەكانمان و ئەوانەی كە ئینتیمایان بۆ عێراق زیاترە لەو ئینتیمایەی بۆ وڵاتانی دیكە هەیانە، یاسایەكی نوێ بۆ دادگای فیدراڵی دەربكەین و خۆمان لەو دادگا نادەستوورییە ستەمكارانەیە دەرباز بكەین.

سه‌لاح جه‌لال




دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact