سلێمانی-KDP.info- ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دهڵێ، سەرەڕای ھەبوونی کێشە لەنێوانی پارتی و یەکێتی پەیوەندیان نەپچراوە و دەشڵێ، کێشە ھەیە و ھەموو کێشەیەکیش قابیلی چارەسەرکردنە.
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە رێگەی لێدوانی رۆژنامەوانی چارەسەر ناکرێن و پێویستی بە کۆبوونەوە و دانوستان ھەیە بۆ چارەسەرکردنی ھەموو پرسێک لە رێكکەوتنی ستراتیژی کاک مەسعوود و مام جەلال توانیان کۆتایی بە ھەموو کێشەکان بێنن، پێویستە ئێستاش کێشەکان چارەسەربکرێن و ھەموو کێشەیەکیش قابیلی چارەسەرکردنه و رێگەی چارەسەرکردنیش ھەیە ئومێدم ھەیە ئەو کێشەو گرفتانەی ئێستا ھەن بەرەو چارەسەر دەچن.
لەبارەی پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی گوتی، "لەسەر زاری بەرپرسانی ھەردوولا گوێمان لێیە ھەردوولا دەڵێن پەیوەندیمان نەپچڕاوە خۆ قۆناغی زۆر دژوارتر تێپەڕیوە و پەیوەندی ھەر ھەبووە لە نێوان پارتی و یەکێتی.
پەیوەست بە کۆبوونەوەی ھەردوو حزب مستەفا چاوڕەش ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "کاتی کۆبوونەوەکە نازانم، بەڵام دەبێت ھەر کۆببنەوە ھەردوو حزب وەک گووتم جگە لە رێكکەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان ھیچ رێگەیەکی دیکەمان لەبەردەمدا نیە، ئێستا رەوشەکە ھەندێک ھێوربوتەوە و زەمینەسازیش ھەیە بۆ کۆبوونەوە ئەگەر ئیرادەیەکی بەھێزیش ھەبێت کێشەکانی چارەسەر دەبن و ھەرێمی کوردستان ئەو قۆناغە تێدەپەڕێنێ.
قائید میرۆ