هه‌ولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە زانای کورد، د. فەریاد فازیل ڕایگەیاند، ڕێزلێنان لە هەر زانا و داهێنەرێکمان، ڕێزگرتنە لە ناسنامە و مێژووی گەلەکەمان.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی 01ـی 2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە زانای كورد دكتۆر فەریاد فازیل عومەردا كرد كه لەلایەن ئه‌كادیماى كوردى، زانكۆی سەڵاحەدین و پارێزگاى هه‌ولێره‌وه ڕێكخرابوو.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسان و كەسایەتیی ئەكادیمی و ڕۆشنبیرانی هەرێمی كوردستان ئاماده‌ى بوون، نێچیرڤان بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
ئامادەبووانی بەڕێز
ڕۆژتان باش..
هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن.
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێکدا ئامادە دەبم بۆ ڕێزلێنان لە زانایەکی دیارى گه‌له‌كه‌مان کە خزمەتێکی زۆری زمان و وێژه و مێژووی كوردى کردووە. دەستخۆشی لە ڕێکخەران و ئامادەکارانی ئەم ڕێوڕەسمە دەکەم.
ڕێزلێنان لە توانا و بەهرە و بەرهەمی هەر زانا و داهێنەرێکمان، ڕێزگرتنە لە ناسنامە و مێژووی گەلەکەمان. وەفادارییە بۆ هەموو ئەو ماندووبوون و تێکۆشانەی کەسانی دڵسۆز و خۆشەویست، كە لەپێناو خزمەتکردنی گەل و نیشتمانەکەیاندا، لە هەر بوارێک‌دا، له هه‌ر كوێ بێت، پێشکەشیان كردووه.
هەر بەم بۆنەیەوە، دەستخۆشی لە زانکۆی سەڵاحەدین دەکەم، بۆ بەخشینی بڕوانامەی دکتۆرای شانازی بە دکتۆر فەریاد فازیل، بۆ ئەو خزمەتەی كە کردووتەتى.
ئامادەبووانی بەڕێز..
دکتۆر فەریاد، یەکێکە لەو ناوە دیارانەی کە دڵسۆزانە، خزمەتێکی به‌رچاوى بە گەل و نیشتمانەکەی کردووە. زیاتر لە نیو سەدە، بە شیعر و وتار، توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمی، وانەگوتنەوە، وەرگێڕان و پرۆژەی ڕۆشنبیری، بەردەوام بووە لە پاراستن و خزمەتکردنی زمان و فەرهەنگ و مێژووی گەلەکەمان.
کە هێشتا قوتابیی زانکۆ بووە، پاراستن و خزمەتکردنی زمان و فەرهەنگ و مێژووی كوردستانى کردووه‌تە ئامانجێکی سەرەکیی خۆى و به‌رده‌وام لەو بوارەشدا كاری كردووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی باڵا و بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا لە ئەڵمانیا، وێڕای ڕۆڵی ئەکادیمی و دەیان ساڵ مامۆستایه‌تى، لە زانکۆی (ئازاد) لە بەرلین، ئینستیتووتی خوێندنی کوردى دامەزراند کە زیاتر لە 33 ساڵە لە خزمەتکردن بە زمان و وێژه و مێژوومان بەردەوامە.
دکتۆر فەریاد جگه له پێشکەشكردنى 44 کتێب بە کتێبخانەی کوردی، لە ڕێگەی وەرگێڕانیشەوە پردێکی پەیوەندیی بەهێز بووە بۆ ناساندنی هزر و بیری نەتەوەکەمان بە جیهانی دەرەوە، بەتایبه‌تیش بۆ کۆمەڵگای ڕۆژئاوا. ئه‌مه وێڕای دانانی فەرهەنگی ئەکادیمیی کوردی بە هەردوو زاراوەی کرمانجی و سۆرانی، فەرهەنگی کوردی ـ ئەڵمانی و ڕێزمانی کوردی بە زمانی ئەڵمانی و چەندین بەرهەمی زمانەوانیی گرنگی دیکە.
هه‌روه‌ها وەرگێڕانی شاكارى ئەحمەدی خانی (مەم و زین)، لەگەڵ دیوانی نالی، شیعرەکانی گۆران و شێخ نووری شێخ ساڵح، بۆ زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی، لە کارە به‌نرخه‌كانى دکتۆر فەریادن، بۆ ناساندنی وێژه‌ى باڵا و زمانە زیندووەکەمان. بۆ ناساندنی وێنەی ڕاستەقینەی گەلى كوردستان بە هزر و ویژدانی گەلانی جیهان. گەلێک کە خاوەنی زمانێکی زیندوو، وێژه‌یه‌كى باڵا، فەرهەنگێکی دەوڵەمەند بە بەهای جوانی و مرۆیی.
لێره‌دا دووباره پیرۆزبایى له د. فه‌ریاد ده‌كه‌م كه به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ى له بوارى ئه‌كادیمى و زمان و ئه‌ده‌ب و كولتوورى كوردیدا كردوویه‌تى، كۆتاییى ساڵى ڕابردوو، خەڵاتی لێهاتووییی سەرکۆماری ئەڵمانیاى پێ به‌خشرا. هه‌روه‌ها دەمەوێ هەر لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایى له هه‌ردوو به‌ڕێزان نیهاد قۆجه و سه‌ڵاح ئه‌حمه‌د بكه‌م كه پێشتر هه‌مان خه‌ڵاتیان به ده‌ست هێناوه، بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ى له بوارى مرۆیى و دۆستایه‌تیدا پێشكه‌شیان كردووه.
بەڕێزان..
وێنەی کورد و خه‌ڵكى كوردستان، پێشتر تەنها لە ڕێگەی ڕۆژهەڵاتناسان و کوردناسانی بیانییەوە بۆ گەلانی دیکە گواستراوەتەوە. لە باشترین حاڵەتیشدا، وێنەی (جەنگاوەرێکی ئازا)یان پێ بەخشیوین، ئەمەش وێنەیەکی ناکامڵە دەرهەق بە ناسنامە و دەرهەق بە مێژوومان.
بۆیە، گرنگە ئەو وێنانەی پێشوو لە زەینی جیهانی دەرەوە کاڵ بکرێتەوە، تاكو وێنەی ڕاستەقینەی خۆمان ببینن كه له ڕێگه‌ى گه‌یاندنى بیر و وێژه و كولتووره‌كه‌مانه‌وه ده‌بێت. دەبێ جیهانی دەرەوە هزر و بیری کوردی ببینن و بیخوێننەوە، ئەمەش بەر لە هەمووان ئەرکی زانایان، ئەکادیمستان و ڕۆشنبیرانی گەلەكەمانە. گرنگە بۆ ئەم ئه‌ركه، دامەزراوەی کارامان هەبێت، لە کەسانی شارەزا و خاوەن توانا و به ئەزموون، لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش.
بەڕێزان..
ئەمڕۆ لە سەردەمێکداین کە هیچ چەکێک، هێندەی زانست و زانیاری، کاریگەر نییە بۆ مانەوە و پاراستن و بەهێزبوونمان. مانەوە و پێشکەوتنی هەر گەلێک لە جیهان، پەیوەستە بە ئاستی بەرهەم و توانای داهێنانی ڕۆڵەکانییانەوە و لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا، بە میتۆدی زانستی و سەردەمییانە. بۆیە زانایان، داهێنەران، خاوەن توانا و بەهرەداران سامانێکی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانەكەمانن.
دەبێ سیستمی پەروەردە و خوێندن لە کوردستان لە سەرجەم قۆناغەکاندا، لە باخچەی ساوایانەوە تا قۆناغی زانکۆ، لە ئاستێک‌دا بێت کە وەڵامدەرەوەی پێداویستی و پرسەکانی ئەم سەردەمە بێت و ده‌رگاى بیر و داهێنان و ئافراندن به‌سه‌ر قوتابیاندا بكاته‌وه.
زمان کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ناسنامەی نه‌ته‌وه‌كانه و دەبێ لەو ڕوانگەیەوە لێی بڕوانین و بایەخی پێ بدەین. دەبێ زانستیش وەک بەهایەکی گرنگ لێی بڕوانرێت. خوێندن تەنها بۆ وەدەستهێنانی بڕوانامە نەبێت، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی زانست و زانیاری و لەپێناو پێشکەوتن و گەشەپێدانی کۆمەڵگاشدا بێت.
لەنێو کوردستانییانی تاراوگه و له كوردستانیش له زۆر بواردا، توانا و بەهرەی لێهاتوومان هەیە و هەموویان پێكەوە سامانێکی گرنگی ئەم گەلە و ئەم نیشتمانەن كە دەبێت ڕێزیان لێ بگرین و كاری جددیش لەسەر ئەو بابەتانە بكەین. هەر یەکێکیان دەتوانێ باڵیۆزی هزر و بیر و فەرهەنگی گەلەکەی بێت، لەپێناو ناساندنی وێنە و ناسنامەی ڕاستەقینەی گەلەکەیدا، بە میتۆدی زانستی و زمانی سەردەم كه ئه‌مه هێزێكی نه‌رمه و كاریگه‌رییه‌كى گه‌وره‌ى له جیهانى ئه‌مڕۆدا هه‌یه.
فەرهەنگی کوردی دەوڵەمەندە و خاوەن چەندین ناو و بەرهەمی مەزنە كه نەک تەنها خزمەتیان بە کورد، بەڵکو خزمەتی زۆریشیان بە نەتەوەکانی دیكه و سەرجەم مرۆڤایەتیش كردووه و دەیکەن. دەبێ ئەو بەها جوانانەی کە لەنێو فەرهەنگەکەماندا هەن، پێكه‌وه‌ژیان، یه‌كترقبووڵكردن، لێبورده‌یى، ئاشتیخوازى، ژیاندۆستى، دوڕ و گه‌وهه‌ره‌كانى نێو هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات و وێژه‌ى قووڵ و ده‌وڵه‌مه‌ندى كوردى، بابەتێک بن بۆ بینین و خوێندنەوە لای گەلانی جیهان، تا ڕوونتر ڕەسەنایەتیی فەرهەنگمان، زیندووییی زمان و مێژوومان، باڵاییی وێژه و هونەرمان، تایبەتمەندیی ناسنامە و کەسایەتیی نەتەوەییمان ببینن و ڕێزی لێ بگرن.
له كۆتاییدا دووباره ده‌ستخۆشى له ڕێكخهرانى ئه‌م ڕێوڕه‌سمه دەكەم، دەستخۆشی لە ئه‌كادیمیاى كوردى، زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین و پارێزگاى هه‌ولێر ده‌كه‌م كە زۆر زەحمەتی كێشا بۆ سازدانی ئەم ڕێوڕەسمە، بۆ ده‌ستپێشخه‌رییان و بۆ خه‌ڵاتكردنى د. فه‌ریاد. سوپاسیان ده‌كه‌ین.
هه‌ر له‌م ده‌رفه‌ته‌دا ده‌مه‌وێ بڵێم ئێمه ده‌مانه‌وێت له سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ڕێزلێنان و خه‌ڵاتكردنى زانا و نووسه‌ران و ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان و به‌هره‌مه‌ندانى كوردستان له هه‌ر بوارێكدا، چ له وڵات و چ له ده‌ره‌وه‌ى وڵات بن، بكه‌ینه كولتوورێك و پێزانینمان بۆ به‌رهه‌م و داهێنانیان ده‌رببڕین، پشتیوانی‌یان لێ بكه‌ین و یارمەتیدەریان بین لە چاپكردن و بڵاوكردنەوە و وەرگێڕانی بەرهەمەكانیان.
هیواى ته‌مه‌ندرێژى و ته‌ندروستیى باش و به‌رده‌وامى و سه‌ركه‌وتن بۆ د. فه‌ریاد فازیل عومه‌ر و ڕۆژێكى خۆشیش بۆ هه‌موو ئێوەی بەڕێز ده‌خوازم. زۆر بەخێر بێن.
زۆر سوپاس..