Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 20 APR 2024 14:52 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ڕاگەیاندراوی كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
| KDP.info


ئه‌مڕۆ چوارشەممە، ١٨ـی ١ـی ٢٠٢٣ مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیمان به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا سه‌باره‌ت به‌ پێشهات و گۆڕانكارییه‌ سیاسی و حكومی (ئیداری)ەکان له‌ هه‌رێم و ناوچه‌كه‌دا، له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا پارتیمان جەختی له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ و گرژیه‌كانی كه‌ هه‌ن له‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان کردەوە به‌گوێره‌ی پره‌نسیپ و مادده‌كانی رێككه‌وتنی سیاسی و ئیداری نێوانمان و كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حکومەت كه‌ به‌ڕه‌زامه‌ندی هه‌ردوولامان نووسراون و ئیمزاكراون.

 لە کۆبوونەوەدا ئه‌م ته‌وه‌رانه‌ی خواره‌وه‌ مناقه‌شه‌كران و بڕیاری پێویستیان له‌باره‌‌وه‌ درا:

یه‌كه‌م/ ته‌وه‌ری ناوخۆی كوردستان: پارتیمان له‌ ڕوانگه‌ی پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان كه‌ به‌خوێن و خه‌بات به‌ده‌ست هاتوون و هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تی و ئه‌زموونی ده‌یان ساڵه‌ی خه‌باتی بێوچان له‌پێناو ماف و ئامانجه‌ڕه‌واكانماندا، هه‌روه‌ها له‌پێناو پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و ئاسایشی هاوڵاتیان، هه‌میشه‌ كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ و گرفته‌كانی به‌ڕێگای دروست و راست زانیوه‌، هه‌روه‌ها له‌ڕوانگه‌ی باوه‌ڕبوون به‌ پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و سیاسی و پاراستنی مافی مرۆڤ، هه‌وڵی دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی و پێكه‌وه‌ كاركردن و متمانه‌ دروستكردنی داوه‌.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ و به‌ پڕاكتیككردنی ئه‌م باوه‌ڕ و تێگه‌یشتنه‌مان و، بۆ یه‌كڕیزی گه‌لی كوردستان به‌رانبه‌ر ئاڵه‌نگاری و گرفته‌كان و جێبه‌جێكردنی بڕیاری كۆنگره‌ی ١٤ی پارتیمان و بڕیاری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێمان له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانماندا راگەیاند‌، بۆیه‌ لێره‌وه‌ هه‌ر وه‌ك پێشتریش ده‌ستپێشخه‌ریمان كردووه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی دووقۆڵی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و له‌ وه‌ڵامی بروسكه‌شیان به‌ڕوونی ئاماژه‌مان پێداوه‌ كه‌ هه‌بوونی تێبینی و گرفت به‌ بروسكە یان باسكردن له‌ ڕاگه‌یاندن چاره‌ناكرێت، بەڵکو ڕێگای سیاسی و مه‌ده‌نیانه‌ كۆبوونه‌وه‌ی دووقۆڵی و باسكردن و مناقه‌شه‌كردنی ته‌واوی تێبینی و گرفته‌كانمانه‌ به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر، ئێستایش دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده‌ین بۆ كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆ‌ و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان، هەر ئەمەش به‌ڕێگایه‌كی دروست و هاوچه‌رخ ده‌زانین کە لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی و ته‌واوی لایه‌نه ‌سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌ستده‌كه‌ین به‌ گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینه‌وه‌.

دووه‌م/ ته‌وه‌ری حكومه‌ت: هه‌روه‌ك له‌ خاڵی (٤)ه‌می رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌كه‌ی نێوان پارتیمان و یه‌كێتی ـدا هاتووه‌، ده‌بوو هه‌ردوولامان پاڵپشتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ نه‌ك پشتیوانی حكومه‌ت نه‌كرا، به‌ڵكو‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زۆر ئاسته‌نگی بۆ دروستكرا و ئیستایش كێشه‌ و گرفته‌كان به‌شێوه‌یه‌ك نیشانی هاوڵاتیانی كوردستان ده‌درێن كه‌ گوایه‌ ئه‌م بابه‌تانه‌ له‌گه‌ڵ شه‌خسی به‌ڕێز سه‌رۆكی حکومەتە‌، لێره‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین ئێمە دژی به‌ شه‌خسه‌نه‌كردنی كێشه‌كانین و ئه‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌ ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه. سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌گوێره‌ی مادده‌ و بڕگه‌كانی رێككه‌وتنی‌ سیاسی و ئیداری، هه‌روه‌ها كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م ڕه‌فتاریكردووه‌، ئه‌م هه‌وڵانه‌یان بۆ په‌رده‌پۆشكردنی ئه‌م كه‌موكوڕیانه‌یه‌ كه‌ دروستیده‌كه‌ن و ڕێگا له‌ چاكسازی و شه‌فافیه‌ت ده‌گیرێ، بۆیە رایده‌گه‌یه‌نین کە ئه‌م جۆره‌ ڕه‌فتار و مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌ كاروباری حكومه‌ت خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ ڕێككه‌وتنی سیاسی و ئیداری و كارنامه‌ی كابینەی نۆیەم كه‌ هه‌رسێكیان به‌هاوبه‌شی و به‌ په‌سندی هه‌ردوولامان ئاماده‌كراون و ئیمزاكراون.

شایه‌نی باسە كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی به‌ته‌واوی توانا پاڵپشتی هه‌ڤاڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كابینه‌كه‌ی ده‌كات و، رێگای چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌رده‌وامیدانه‌ به‌ گفتوگۆ له‌ كۆبوونه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران نه‌ك خۆ په‌راوێزخستن و به‌كارهێنانی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن.

سێیه‌م/ ته‌وه‌ری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان: زۆر هه‌وڵماندا، پڕۆژه‌مان ئامادەکرد و پێشکەشمانکرد لەو كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شانەی كه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم پێكیده‌هێنا و سه‌رپه‌رشتی ده‌كردن، هەروەها لەو كۆبوونه‌وانه‌ش كه‌ نوێنه‌ری UNبه‌شدارده‌بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دواجار له‌ڕووی ناچاری و لەپێناو پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم بژارده‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانمان په‌سه‌ندكرد، ئێستایش مه‌كته‌بی سیاسی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت چیدی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبونه‌وه‌كانی په‌كنه‌خرێ و له‌ زووترین كاتدا كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌نجامبدات و ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بگرێته‌ به‌ر:

-هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن ئه‌وله‌ویه‌تی پێبدرێت لەگەڵ چه‌سپاندنی بابه‌تی چوار بازنه‌یی و به‌كارهێنانی تۆماری بایۆمه‌تری دوایین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.

-هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی كارابكرێته‌وه‌ و پۆسته‌ فه‌ڕاغه‌كانی نێو كۆمسیۆن پڕبكرێنه‌وه‌.

-داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین پێداویستییه‌ ئیدارییەکان و بودجه‌ی پێویست بۆ هه‌ڵبژاردن له‌م ساڵدا دابین بكات.

-داوا له‌ به‌ڕێز سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین به‌گوێره‌ی رێککارە یاساییه‌كان رۆژی هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا ده‌ستنیشان بكات.

-هه‌روه‌ها داوا له‌ ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ین پاڵپشت بن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵی 2023 لەو ‌واده‌ یاساییەدا كه‌ دیاریده‌كرێت.

چواره‌م/ سه‌باره‌ت به‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ و په‌یوه‌ندییه‌كانی هەولێر و بەغداد: ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ دروستكردنی په‌یوه‌ندی دروست و ئاسایین له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕاڵ به‌گوێره‌ی مادده‌ و بڕگه‌كانی ده‌ستوور بۆ چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌ و گرفته‌كان كه‌ ئێستا هه‌ن یا دێنه‌پێش له‌ڕووی یاسایی و سیاسی و شایسته‌ داراییه‌كانەوە، پێمانوایە توندوتۆڵكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و ئه‌م ڕێبازه‌ خزمه‌تی زیاتر به‌ تەواوی گه‌لانی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كات و سه‌رجه‌م بابه‌تەكان له‌ ڕێككه‌وتنی سیاسیی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت و كارنامه‌ی كابینەی حکومەتی فیدراڵ‌ به‌ڕوونی ئاماژەیان پێكراوه‌ و چه‌سپێندراون، بۆیە به‌ پێویستی ده‌زانین ئیلتیزام به‌م رێككه‌وتنانه‌ بكرێ و بكه‌ونه‌ بواری جێبه‌جێكردنەوە.

لەکۆتاییدا بە دانه‌واندنی سه‌ری رێز و نەوازش بۆ شه‌هیدانی كورد و كوردستان كۆتایی به‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ هێنرا.

 

مه‌كته‌بی سیاسیی

پارتی دیموكراتی كوردستان

١٨ـی ١ـی ٢٠٢٣

 




دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی پەروەردە بۆ قوتابیان و خوێندكاران: دووربن لەو فریودانانە

SATURDAY, 20 APRIL 2024 11:04:15

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، لەڕێی چەند پەیج و ئەكاونتێكەوە قوتابیان فریو دەدرێن، بۆیە لەگەڵ ئاسایش هاوئاهەنگی دەكرێ‌ بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانكاری لەو شێوەیە.

 
وەزیری بازرگانی ھەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بۆ KDP ئاشکرا دەکات

FRIDAY, 19 APRIL 2024 21:04:30

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.

 
شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact