هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان گوتی، بەردەوام گرنگی بە ئافرەتان دەدەن کە بێن لە بواری بازرگانیدا کار بکەن و ببنە خاوەنی ئابووریی سەربەخۆی خۆیان و ئێستا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەی ئەو ئافرەتانەی لە بواری بازرگانیدا کار دەکەن، زیادی کردووە.
ئەسکەندەر محەمەد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''وەکوو یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵ دەدەین ڕێژەی ئافرەتان زیاد بکرێت بۆ کارکردن لە بواری بازرگانی و ببنە خاوەن کۆمپانیای خۆیان و ئابووریی سەربەخۆی خۆیان، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پێشانگای کاری دەستی و بەرهەمی ئافرەتان کراونەتەوە، بۆ ئەوەی کارەکانی خۆیان پێشان بدەن لەو پێشانگایانە و ببنە خاوەنی کاری خۆیان و چەندین خولیش بە هاوکاریی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ ئافرەتان کراونەتەوە، بۆیە هەموو ڕێگایەک دەگرینە بەر بۆ ئەوەی ئافرەتان ڕابکێشین بۆ کاری بازرگانی و ڕێژەکە زیاتر بێت.''
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی گوتیشی: ''بەردەوام چالاکیمان هەیە بۆ پێشخستنی بیرۆکەی ئافرەتان و ساڵانی ڕابردوو پشتگیریی چەند ئافرەتێک کراوە، خواردنگە بکەنەوە لە سلێمانی و هەولێر کە خۆیان سەرپەرشتییان دەکرد و ئێمە بە هاوکاریی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی پشتگیریی داراییمان کردن.''
گوتیشی: ''لە هەموو ڕوویەکەوە بەردەوام پاڵپشتیی ئافرەتان دەکەین ببنە خاوەن کار و ئابووریی سەربەخۆی خۆیان، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ڕێژەی ئافرەتان لە بواری بازرگانی زیاد بێت.''
بڵند ئیبراهیم