ھەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەک خۆیان حەشار داوە و دەشڵێت، تێکچوونی ڕەوشی عێراق و پەککەوتنی پرۆسەی سیاسی کاریگەریی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش ھەبووە.
لیوا محەمەد ڕۆستەم، جێگری بەرپرسی میحوەری قەرەتەپە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داعش ھێشتا مەترسییە لەسەر عێراق، ھاوکات لەو سنوورەی من شارەزاییم ھەیە چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی نەھرەوان و قەرەتەپە و خوارووی خانەقینن، ھەروەھا سوودیان لە ڕووباری دیالە و چەمی سیروان بینیوە بۆ خۆحەشاردان و ڕۆژانە خۆیان دەگۆڕن و لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە تێکەڵ بوون، ھەرچەندە لە نێوان خورماتوو و کفری چەکداری تێدایە، بەڵام ئێستا ژمارەیان کەمە و تەنیا دوو مەفرەزەیان ماوە''.
بەرپرسەکەی پێشمەرگە گوتیشی: "داعش لە ناوچەی قەرەتەپە بۆمبێکی بە کاروانێکی سەربازیی عێراقدا تەقاندووەتەوە لە گوندی سەید سەعد و لە ئەنجامدا زیانی ماددی و گیانیی بە ھێزەکەی عێراق گەیاندووە، ھەروەھا مەبەستی ھێرشەکانی ڕۆژانی ڕابردووی داعش ئەوەیە کە بەھۆی ئەو ڕەوشە تایبەتەی عێراق تێدایە، دەیانەوێت وەھا پێشانی خەڵکی بدەن کە ئەوان ماون و داعش لە توانایدایە لە کاتی گونجاو ھەموو شتێک بکات و ھەبوونی خۆیان دەسەلمێنن''.
لیوا محەمەد ڕۆستەم ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ڕەوشی ئێستای عێراق کاریگەریی ھەبووە، چونکە تێکچوونی ڕەوشی سیاسی و ئابووری کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ئەمنی ھەیە لە ھەموو ڕوویەکەوە، ھەتا ئێمە بەنیازی ئۆپەڕاسیۆنێکی گەورە بووین بەھۆی تێکچوونی ڕەوشی بەغدا نەک نەمانتوانی ئۆپەڕاسیۆنەکە ئەنجام بدەین، ھەتا نەمانتوانی لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان کۆبوونەوەش بکەین بۆ ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆن".
قائید میرۆ