ھەولێر -KDP.info- وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، فشارەکانی حکوومەتی عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ ناکرێن و پێویستە بە گفتوگۆ و بەپێی دەستوور کێشەکان لە نێوان ھەردوولا چارەسەر بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش یاسایەکی نەوت و غاز دەربکرێت کە گونجاو بێت لەگەڵ دەستووری عێراق، بۆ ئەوەی ھیچ لایەنێک زیانی بەر نەکەوێت، چونکە حکوومەتی عێراق خۆی دانی بە یاساییبوونی ٨٠%ی گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکان ناوە.
شێروان حەیدەری، وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە لایەک حکوومەتی عێراق باس لەوە دەکات ٨٠%ی گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێم بێکێشە و یاسایین و لە لایەکیش داوا دەکات ئەو کۆمپانیایانەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان پەیوەندییان هەیە، پەیوەندییەکانیان هەڵوەشێنن، کە ئەم دوو ھەڵوێستە دژی یەکن، بۆیە ئەو بڕیار و فشارانەی حکوومەتی عێراق و دادگای فیدراڵی جێبەجێ ناکرێن و پێویستە کێشەکە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، نەک تەنھا نەوت، ھەموو کێشەکانی دیکە.''
شێروان حەیدەری گوتیشی: ''باشتر وایە لەسەر یاسایەکی نەوت و غاز بگەنە ڕێککەوتن کە گونجاو بێت بەپێی دەستووری عێراق بۆ ئەوەی ھیچ لایەک زەرەرمەند نەبێت، بۆیە ئەو فشار و بڕیارانەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ ناکرێن و ئەو کێشانە پێویستە بەپێی دەستوور بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، ئەمەش باشترین چارەسەرە بۆ ھەردوولا بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک.''
بڵند ئیبراھیم