Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 25 APR 2024 13:10 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پە‌ڕینە‌وە‌ لە‌ ئاراس..مێژووی تە‌سلیم نە‌بوون
| KDP.info


د. عمر نوردەینی

لە هەژدەی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٧ بارزانی نەمر لە گەڵ زیاتر لە (٥٠٠) هاوەڵی پێشمەرگەی لە ڕووباری ئاراس دەپەڕنەوە و ڕوودەکەنە یەکێتی سۆڤیەتی جاران، بۆ گەلی کوردستان و نەتەوەی کورد ئەم داستانە ئاڵقەیەکی گەش و مانادارە و خاوەن چەندین بەهاو پەندی سیاسی و مێژووی و نەتەوەیی جۆراوجۆرە و دەبێ بۆی بگەڕێینەوە، چونکە دواڕۆژ هێز لە ڕابردوو وەردەگرێ و ئێستاش لە هەردووکیان.

لە سەردەمی کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی و لە سەرەتای وەدەرکەوتنی نیشانەکانی جەنگی سارد، ئەو کاتەی ڕێکخراوی جیهانی نەتەوەیەکگرتووەکان تازە دامەزرابوو، یەکەم پرس کە خرایە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بریتی بوو لە کشانەوەی سوپای سوری یەکێتی سۆڤیەت لە ئێران و دەستهەڵگرتنی مۆسکۆ لە پشتیوانی کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجان، لەو ڕۆژگارە ئێران بە پشتیوانی واشنتۆن و لەندەن توانی فشار بۆ سەر یەکێتی سۆڤیەت دروست بکات، سەرۆکی ئەمەریکا ریتشارد نیکسن لە یاداشتەکانی دا بە ڕوونی باسی ئەوە دەکات کە ئەمریکا هۆشداری ئەوەی داوە بە مۆسکۆ ئەگەر سوپاکەی لە ئێران نەکێشێتەوەو دەست لە پشتیوانی کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجان هەڵنەگرێ ئەوا پەنا بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەبا، لە سەردەمێکی ئاوا دژواردا کە هاوکێشە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان دۆزی کوردیان خستبووە ناو بەرداشی ململانێیە ئایدۆلۆجی و سیاسی و سەربازیەکانی خۆیانەوە و لە ناوخۆشدا کۆماری کوردستان بە دەست دەردەکوردی وەک خۆکوژی و خۆشکاندن و خۆخۆری دەیناڵاند و سەرەنجام هێزیان لێ بڕی و کەواندیان، شاهەنشای گۆڕبەگۆڕ پێشەوای سەرۆک کۆماری کوردستان لە سێدارەدەدا، تاریکی و بێ ئومێدی باڵ بەسەر کوردستانا دەکێشێ، لەوەش زیاتر دوژمنان هەموو هەوڵیان ئەوەبوو بە تەواوەتی کورد تەسلیم بە ئیرادەی ئەوان بێ، بەڵام بارزانی نەمر لەڕێگای مەسیرەیەکی مێژوویی پڕ لە ئازایەتی و قارەمانیەتی و سەرکێشی شۆڕشگێرڕانە بە دوژمنان دەڵێ: نا ئێمە تەسلیم نابین و خۆمان بەدەستەوە نادەین، ستەم و زۆرداری و ژێردەستەیی قبوڵ ناکەین و درێژە بە بزاڤی ئازادیخوازی دەدەین.

ئەم کاروانە شۆڕشگێڕی و داستانە مێژووییەی بارزانی نەمر هەڵگری ئەو پەیامە بوو کە درەختی ئیرادەی گەلی کوردستان و نەتەوەی کورد ئەگەر لق و گەڵا و چڵ و پۆپیشی لەسەرەوە بشکێنرێ بەڵام هەرگیز ناتوانرێ لە ڕەگەوە دەربهێنرێ و وشک بکرێ، واتا بارزانی نەمر لە گەڵ خۆی دۆزی نەتەوەیەکی لە ڕووباری ئاراس بەرەو شکۆمەندی و سەرفرازی پەڕاندەوە و نەیهێشت تەسلیم بە دوژمنان ببێ، بەم شێوەیە ناسنامە و ناسیۆنالیزمی کوردی یەکێک لە توخمە هەرە بەهێزەکانی وا دەچەسپێ کە بۆی ببێتە سیما و خەسڵەتێکی سەرەکی ئەویش توخمی ملنەدان و چۆک دانەدان و تەسلیم نەبوونە.

لەڕۆژانی پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس بارزانی نەمر لە (١٥/٦/١٩٤٧) نامەیەک بۆ ستالین سەرۆکی ئەوکاتی یەکێتی سۆڤیەت دەنوسێ و پێی دەڵێ: ئێوە دەزانن ئێمە لە پێناو ئازادی کوردان شۆڕش و ڕاپەڕینمان لە دژی حکومەتی عیراق کرد، پاشان هاتینە ئێران و لەوێش بەشداریمان لە شۆڕشی ئازادیخوازی گەلانی کورد و ئازەری کرد.

بەم شێوەیە لە یەکەم نامەی دا بارزانی نەمر وەک ڕابەر و پێشمەرگەی خاوەن قەزیە و پەیام خۆی بە ستالێن دەناسێنێ نەک هەڵگری کەیسێکی شەخسی.

نابێ ئەوە نادیدە بگیرێ کە لە داستانی ئاراس دا، بارزانی نەمر و هاوەڵانی روحی ئینسانی کوردی بە هێزی ئازادیخوازی و ڕەتکردنەوەی ژێردەستی زاخاو دەدەن و ئامادەی دەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە ئیرادەوە خەبات و تێکۆشانی سیاسی و سەربازی و کلتوری درێژە پێ بدات و بە هیواوە بژی و بڕوای بە مانەوە و سەرکەوتن هەبێ .

ئەوەتا دوای حەفتاوپێنج ساڵ، لە بەرامبەر هەڕەشە و مەترسیەکانی سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆک مسعود بارزانی بە وەرگرتنی ئیلهام لە داستانی مێژوویی ئاراس و کەسایەتی قارەمانی نەتەوە بارزانی نەمر، پەیامی ئەوە بڵاودەکاتەوە کە ئێمە شەڕخواز نین و شەڕ بە خراپ دەزانین، بەڵام دەبێ هەموو لایەک ئەوە بزانێ کە تەسلیم نابین و گەلی کوردستان و نەتەوەی کورد بە هەر نرخێ بێ ناسنامە و شکۆمەندی خۆی دەپارێزێ و دەستبەرداریان نابێ.

 




دوایین هەواڵەکان

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە پارێزگاری پێشووی موسەننا کرد

THURSDAY, 25 APRIL 2024 12:04:06

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی پێشوازی لە پارێزگاری پێشووی موسەننا کرد و بارودۆخی سیاسیی عێراق و دۆخی پارێزگاکانیان تاوتوێ کرد.

وەزیری تەندروستی: ھەڵمەتەکە دەستی پێکردووە.. داوا لە دایک و باوکان دەکەین ھاوکارمان بن

THURSDAY, 25 APRIL 2024 10:04:16

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەزیری تەندروستی عێراق بەشداری لە کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی بۆ نەخۆشییەکانی منداڵان لە ھەولێر دەکات و ھەڵمەتەکانی کوتانی قوتابیانیش بەسەردەکاتەوە.

 

وەزارەتی ناوخۆ ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 00:04:55

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات كە بی مۆڵەتی خوێندن بڕوانامەیان بەدەست هیناوە و تاوەكوو ئێستا بۆیان هەژمار نەكراوە.

 
ھەرێمی کوردستان بەشداری لە دیداری ئەبوزەبی بۆ وەبەرھێنان دەکات

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:39

ھەولێر -KDP.info- دەستەی گشتی وەبەرھێنان بەشداری لە سێزدەمین دیداری وەبەرھێنان لە ئەبوزەبی دەکات و سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنانیش دەڵێ، ھەرێمی کوردستان بۆ جاری یەکەمە بەشداری لە دیدارەکە دەکات.

 
ئەنجومەنی وەزیران: بەپێی یاسا بەرکارە فیدڕاڵییەکان، بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:56

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact