بڵند نه‌وڕه‌س
له سیاسەتدا به‌ڵێن گرنگه، به‌ڵام له به‌ڵێن گرنگتر جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانه، راسته دروشمی سیاسی كه‌ره‌سته‌یه‌كی گرنگی هه‌موو جۆره بانگه‌شه‌یه‌كه بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی خه‌ڵك، به‌ڵام كاتێك خه‌ڵك و په‌رله‌مان متمانه‌ت پێده‌دات و دواتر چاو‌دێر ده‌بێت به‌سه‌ر به‌جێگه‌یاندنی به‌ڵێنه‌كانته‌وه، ئه‌و كاته سه‌نگی مه‌حه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌یان پێت چەسپاوبێت، یان متمانه‌یان پێت نه‌مێنێت.
نێچیرڤان بارزانی له ماوه‌ی 3 ساڵه‌ی ئه‌ركیدا وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به ئێستاشه‌وه شانازی به رۆژی سوێندخواردنییه‌وه ده‌كات كاتێك فه‌رمووی: (سه‌رجه‌م كوردستانییانی ئازیز دڵنیاده‌كه‌مه‌وه، كه سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم چه‌تری یه‌كریزی و كۆكه‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان و پێكهاته ئیتنی و ئاینییه‌كان ده‌بێت، به جیاوازی بیر و بۆچونه‌كانییانه‌وه له پێناو پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه و ئارامی گه‌لی كوردستان، هه‌رێمی كوردستان موڵكی هه‌موو كوردستانییانه به هه‌موو جیاوازییه‌كانه‌وه، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش سه‌كۆی ئیراده و خواست و مافه‌كانییان ده‌بێت به بێ هیچ جیاكارییه‌ك و بۆ هه‌موومان ده‌بێت و به‌یه‌ك چاو سه‌یری هه‌مووان ده‌كه‌ین).
ئێستا‌و دوای 3 ساڵ له به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركی خۆیدا وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نه‌ك خاوه‌نی به‌ڵێنه‌كانی خۆی بووه، به‌ڵكو جێگای ستایش و ده‌ستخۆشی و گرنگی پێدانی سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق بووه، له گۆڕه‌پانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیشدا هێمایه‌ك بووه بۆ ئاشتی و به لایه‌نگرێكی هه‌میشه‌یی ئاسایشی ناوچه‌كه و جیهان ناسراوه.
خه‌سڵه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه كه له تاریكترین چركه‌ساتدا رووناكی ده‌هێنێت و له ئاڵۆزترین تێكئاڵاندا به ده‌ست و په‌نجه نه‌رمكردن یه‌ك یه‌ك گرێ كوێره‌كان ده‌كاته‌وه و هێڵه راسته‌كه ده‌دۆزێته‌وه و هه‌مووان ده‌خاته‌وه سه‌ر هه‌مان هێڵ، كه هاوكات هێڵه دروسته‌كه‌یه.
بۆیه پێی ده‌گوترێت ده‌وڵه‌تمه‌دار، چونكه دنیابینییه‌كی فراوانی هه‌یه، فراوانتر له سنووری پارته سیاسییه‌كان و فراوانتر له به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كان، دنیابینی ئه‌و خۆی له كۆكردنه‌وه‌ی هه‌مووان و یه‌كڕیزی گشتی و تێگه‌یشتنی هاوبه‌شدا ده‌بینێته‌وه، هه‌میشه و له ئه‌وپه‌ڕی گرژی و ئاڵۆزییه‌كانیشدا دانیشتن و گفتوگۆ به رێگه‌چاره‌ی گونجاو ده‌زانێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتووی خۆی گه‌یشتووه به‌و بڕوایه‌ی كه ناكۆكییه‌كان چه‌ند قوڵبن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان چه‌ند به‌هێزبن و دابڕانه‌كان چه‌ند دووربن له‌یه‌كه‌وه، دواجار هه‌ر ده‌بێت به دانوستاندن خاڵی هاوبه‌ش بدۆزرێته‌وه و سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌كانیش به یه‌كتر قبوڵكردن بگه‌ینه‌وه به‌یه‌كتری.
هه‌نگاوه‌كانی نێچیرڤان بارزانی جێگای چاوه‌ڕوانی هه‌مووانه، كه هه‌نگاویش ده‌نێت هه‌م دیواری به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سك ده‌رووخێنێت هه‌م به‌سته‌ڵه‌كی نێوان لایه‌نه‌كان ده‌توێنێته‌وه هه‌م كه‌شێكی ئاشتیانه‌ش ده‌خولقێنێت كه نه‌ك لایه‌نه ناكۆكه‌كان، به‌ڵكو خه‌ڵكی كوردستانیش دڵخۆش ده‌كات و ئارامی به ناخییان ده‌به‌خشێت و ژیانیش به‌ره‌و ئاساییبوونه‌وه ده‌بات و بازاڕیش ئاهێكی به‌به‌ردا دێته‌وه.
له ماوه‌ی سێ ساڵه‌ی سه‌رۆكایه‌تی خۆیدا، له چه‌ندین وێستگه و چه‌ندین بۆنه‌ی گرنگدا رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی بینیوه كه رزگاركه‌ر و ده‌ستپێشخه‌ر بووە.
داخرانی سیاسی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا دوای 16ـی ئۆكتۆبه‌ر، له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و كرایه‌وه و په‌یوه‌ندییه‌كان ئاسایی بوونه‌وه و ره‌وشی گشتیش به‌ره‌و ئارامبوونه‌وه رۆشت، له ده‌ستپێشخه‌ریشدا چه‌ندین ده‌ستپێشخه‌ری به‌رچاوی هه‌بووه بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق كه دواهه‌مینییان ره‌وینه‌وه‌ی گرژی و كێشه‌كانی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان بوو به تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی، كه به سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ سلێمانی و به كۆكردنه‌وه‌یان و كۆبونه‌وه‌یان له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا مژده‌ی ئاشته‌وایی و دڵنیایی دایه‌وه به خه‌ڵكی كوردستان.
ئه‌م جۆره له كاره‌كته‌ری سیاسی پێویستییه‌كی كوردستانییه، به‌و پێیه‌ی میكانیزمه‌كانی مامه‌ڵه‌كردنی له سیاسه‌تدا یه‌كانگیرن له‌گه‌ڵ خواستی زۆرینه‌ی ره‌های خه‌ڵكی كوردستاندا و دروستكه‌ری ده‌رفه‌تیشه بۆ لایه‌نه سیاسییه‌كان كه له بری تۆره‌بوون له یه‌كتری و په‌نابردن بۆ فۆڕمی جیاواز له دژی یه‌كتر، مێزی گفتوگۆ بكه‌نه مه‌یدانی كێبڕكێی سیاسی‌یان و كێشه و گرفت و ره‌خنه‌كانییان له‌وێدا به‌یه‌كتری بڵێن، ئەوەش لەپێناو تێکنەچوونی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و بەخشینی ئارامی بە دەروونی خەڵك.
ئاسان نییه له‌ناو ئه‌و هه‌موو گێژاوه سیاسی و هاوكێشه ئاڵۆز و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ت و گه‌ورانه‌دا بتوانیت هاوسه‌نگی هه‌مووان رابگریت و به یه‌ك ئاراسته و به یه‌ك مه‌ودا له‌گه‌ڵ هه‌موواندا هه‌ڵبكه‌یت و په‌یامه‌كانت گوێلێگیراوبن و به‌ڵێنه‌كانیشت بڕواپێكراوبن و بڕیاره‌كانیشت جێبه‌جێكراوبن، ئه‌م خه‌سڵه‌تانه ته‌نها ده‌وڵه‌تمه‌دار و قاڵبوویه‌كی سیاسی و دنیابینێكی به ئه‌زموون و بیرفراوانێكی وه‌ك سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ده‌توانێت به‌رجه‌سته‌ی بكات و بیانهێنێته دی.