هەولێر -KDP.info- بڕیارە ئەم حەفتەیە چەند کۆبوونەوەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێت، فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان کۆ دەبنەوە و دواتر لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆبوونەوە دەکرێت.
خەدیجە عومەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەستی پێ کردووە و بڕیارە ئەم حەفتەیە ھەندێک کۆبوونەوە بکرێت، لە ھەنگاوی یەکەمدا سەرۆکی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان کۆ دەبنەوە و دواتر کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت بۆ ئەوەی دەرچەیەک ھەبێت پەرلەمان دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: ''پارتی ھیچ مەرجێکی نییە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و تەنیا مەبەستی ئێمە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان ئەوەیە پەرلەمان وەک دەزگایەکی گرینگ پەک نەخرێت و ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، من گەشبینم بەوەی دەبێت لە ڕێگەی دانوستانەوە لێکتێگەیشتن ھەبێت و پەرلەمان کۆ ببێتەوە.''
خەدیجە عومەر ڕوونیشی کردەوە: بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن پێویستی بە یەکلاکردنەوە ھەیە، ئەوەیش لە ڕووی یاساییەوە پێویستی بە بۆچوونی پەرلەمان ھەیە، ھەروەھا چەندین پرس و پڕۆژەی دیکە ھەن کە دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکرێت و ئێمە لەگەڵ پەکخستنی پەرلەمان نین، چونکە ئەو پڕۆژانەی ماون دەبێت یەکلا بکرێنەوە.''
قائید میرۆ