هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێت، سەرۆک بارزانی ڕێنوێنیی کردین ھەرچی لە دەستمان دێت لە ماوەی چوار ساڵی داھاتوودا بۆ گەلی کوردستان بیکەین و کار بۆ مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەین.
یادگار مەحموود، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ وەک فراکسیۆنی پارتی لە خزمەت سەرۆک بارزانی بووین و لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی پێشان دا بۆ دەستبەکاربوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و تیشکی خستە سەر ڕەوشی ئێستای عێراق، ھەروەھا سەرۆک بارزانی فەرمووی، پێویستە پەرلەمانتارانی پارتی نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بن لە پەرلەمانی عێراق.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: "سەرۆک بارزانی ڕێنوێنیی کردین لە ماوەی چوار ساڵی داھاتوودا زۆرترین کار بۆ بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین، چ وەک مافە نەتەوەییەکان، یان بودجە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ خەڵکی کوردستان درێغی نەکەین.''
یادگار مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پەیامێکی دیکەی سەرۆک بۆ فراکسیۆنی پارتی ئەوە بوو، لەنێو پەرلەمانی عێراق نەبینە لایەنگری ھیچ کەس و پێکھاتەیەک، بەڵکوو زیاتر لەو لایەنانە نزیک ببینەوە کە لەگەڵ مافەکانی خەڵکی کوردستانن و سەرۆک بارزانی پەرۆشە بۆ ڕەوشی ئێستای عێراق و پێی ڕاگەیاندین، لەگەڵ حکوومەتێکی دیموکراتییە بۆ عێراق کە کار بە دەستوور بکات.''
قائید میرۆ