هەولێر -KDP.info- پڕۆژەی شوقەکانی کرێنشینان لە ھەولێر کۆتاییی ھاتووە و سەرۆکی کۆمەڵەی کرێشنینانیش دەڵێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا شوقەکان بەسەر فەرمانبەر و کرێنشینانی ھەولێردا دابەش دەکرێن.
گۆران عەوێنەیی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی شوقەکانی کرێنشینان لە ھەولێر تەواو بووە و بڕیارە یەکەکان لەسەر فەرمانبەران و کرێنشینانی سنووری شاری ھەولێر دابەش بکرێن، کە پێک ھاتووە لە ٣٩٦ شوقەی نیشتەجێبوون و دەکەوێتە شارۆچکەی بنەسڵاوەی نزیک ھەولێر.''
سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان گوتیشی: "پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە و تایبەتە بە چینی فەرمانبەر و کرێنشینان''.
گۆران عەوێنەیی ڕوونی کردەوە: "ژمارەی کرێنشینان لە ھەرێمی کوردستان بەدروستی دیار نییە، چونکە لە ھەموو وەزارەتەکان ٢٥٠ ھەزار کەس فۆڕمی وەرگرتنی زەوییان پڕ کردووەتەوە، بەڵام ئەوانەی کرێنشینن ژمارەیان زۆر کەمترە و تەنیا ئەوانەی لای ئێمە تۆمار کراون، ژمارەیان ١١ ھەزار کەسە.''
قائید میرۆ