سلێمانی -KDP.info- پسپۆڕێکى زانسته ئابوورییه‌کان له زانکۆى سلێمانى ده‌ڵێت، زانکۆ وه‌ک ناوه‌ندێکى ئاکادیمى و مه‌عریفى ڕۆڵێکى گرنگ ده‌بینێت له به‌رهه‌مهێنانى فکر و پێشکه‌شکردنى کادرى تایبەتمەندی بازاڕى کار، بۆیە پێویسته له نێوان پێداویستییه‌کانى بازاڕ و به‌شه ئابوورییه‌کاندا جۆرێک هه‌ماهه‌نگى و په‌یوه‌ندى هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى سوود له شاره‌زایى و تواناییی ده‌رچووان وه‌ربگیرێت، چونکه کێشه‌ى به‌شێک له ده‌رچووان، به ئێستاشه‌وه، ئه‌وه بووه که زۆر جار ئه‌وه‌ى قوتابى وه‌ریگرتووه، ناچێته خزمه‌تى بازاڕ و کایه ئابوورییه‌کانەوە، که گرنگه ئه‌مه نه‌مێنێت.
د. خالد حه‌یده‌ر، مامۆستاى به‌شى ئابووریى زانکۆى سلێمانى، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "خۆشبه‌ختانه له کابینه‌ى نۆیه‌مدا ستراتیژیى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا گۆڕاوه، گرنگیى زیاتر به کردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌شانه ده‌دات که بازاڕ و ئابووریى ئێمه پێویستى پێیانه، واته به‌شێک نه‌بێت ساڵانه ته‌نها قوتابی لێی دەربچێت، بێ ئه‌وه‌ی ڕۆڵى هه‌بێت له بازاڕ و بابه‌تى سه‌رمایه‌گوزاریدا. ئێستا به‌خۆشحاڵییه‌وه ئه‌م بابه‌ته بووه به پرۆژه و زیاتر ڕزامه‌ندى له‌سه‌ر کردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌شانه ده‌درێت که کۆمه‌ڵگه پێویستى پێیانه. به‌ده‌ر له‌وه‌ش، دەکرێت هه‌ندێک له‌و به‌شانه‌ى که ئێستا له زانکۆکان‌دا هەن، پێداچوونه‌وه به ستراتیژیى خوێندنه‌که‌یاندا بکرێت، نه‌ک دابخرێن، بە واتایەکی ڕوونتر، گرنگیى زیاتر به‌و به‌شانه بدرێت که بازاڕى کارى ئێمه داوامان لێ ده‌کات".
ئەو پسپۆڕە گوتیشى: "له هه‌ر زانکۆیه‌ک کە بڕیار له کردنه‌وه‌ى بەشێک ده‌درێت، ده‌بێت بزانرێت که ڕۆڵ و گرنگیى ئه‌م به‌شه و ئه‌و پسپۆڕییه‌ى لێوەی به‌ده‌ست دێت چ کاریگه‌رییه‌کى له کایه‌ى ئابوورى و کۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌نانه‌ت کایه‌ی سیاسی‌دا هه‌یه، واته له ڕووه ئابوورییه‌که‌وه جۆرێک له شیکاریى بۆ بکرێت، چونکه هه‌میشه گله‌ییى به‌شێک له ده‌رچووان ئه‌وه بووە که ئه‌و شاره‌زایی و پسپۆڕییه‌ى به‌ده‌ستیان هێناوه، وه‌ک پێویست ده‌رفه‌تى کاریان بۆ فه‌راهه‌م ناکات".
د. خالد حه‌یده‌ر ڕوونیشى کرده‌وه: ''ئێستا سیستمى پۆلۆنیایى ده‌خوێنرێت، قوتابى بۆخۆى چه‌قى بابه‌ته‌کانه و بووه به سه‌نته‌رى بابه‌ته‌کان، ڕۆڵى سه‌ره‌کى له سیستمه‌کەدا بۆ قوتابییه، به‌پێچه‌وانه‌ى پرۆسه‌کانى تر که مامۆستا سه‌ره‌تا و کۆتاییى پرۆسه‌که بوو که ئه‌مه گۆڕانێکى نه‌وعى بوو، بۆیه به ڕوئیای من بابه‌تى گرنگیدان به زانکۆ و خوێندنى زانکۆیی، هه‌نگاوى باشى ناوه و له داهاتوودا بۆ کابینه‌کانى دیکه‌ش دڵنیام له‌سه‌ر ئه‌م ڕێڕه‌وه بڕۆین، باشتر ده‌بێت، چونکه زانکۆ ده‌روازه‌یه‌کى گرنگه بۆ هه‌ر گۆڕانێک له کۆمه‌ڵگه‌دا".
ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د