دهۆک -KDP.info- بەھۆی باشبوونی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە جووڵەی بازرگانیی نێوان ھەولێر و بەغدا کاریگەریی کردووەتە سەر ڕەوشی بازرگانی و سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی دھۆکیش دەڵێت، دوای ھەڵبژاردن، جووڵەی بازرگانی گەشەی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت.
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوشی جووڵەی بازرگانیی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر زیادی کردووە، بەتایبەتی جووڵەی بازرگانیی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا لە ڕێگەی ئیبراھیم خەلیلەوە پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە و قەبارەی بازرگانیی ئێستا لەگەڵ ماوەکانی ڕابردوو بەراورد ناکرێت، ھەرچەندە بە ژمارە لەبەردەستماندا نییە، بەڵام بەپێی ئەو جووڵە بازرگانییەی ڕۆژانە ھەیە، بەراورد ناکرێت.''
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک گوتیشی: "باشبوونی پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق کاریگەریی کردووەتە سەر جووڵەی بازرگانی و ئێستا ٨٠%ی ئەو کەلوپەلانەی لە ڕێگەی تورکیاوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێن، ڕەوانەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێن و، ئەو بەربەستانەی پێشتر لەلایەن عێراقەوە هەبوون، نەماون.''
ئەیاد حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "دوای ھەڵبژاردنەکان جووڵەی بازرگانی گەشەی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت، چونکە کابینەی حکوومەتی فیدڕاڵ گۆڕانی بەسەردا دێت و ڕەوشی بازاڕیش بەھۆی سەقامگیری و کەمبوونەوەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە باشتر دەبێت.''
قائید میرۆ