Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 21 OCT 2021 13:56 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

نێچیرڤان بارزانى: پارتى و کەرکووک لێک جیاناکرێنەوە
| KDP.info


لە چوراچێوەى بانگەشەى هەڵبژاردندا بۆ هەڵبژاردنەکانى 10ى ئەم مانگەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 2021/10/5 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە هەولێر بە وتارێک بەشدارى لە ڕێوڕەسمى بانگەشەى سەرکردایەتیى کەرکووک و گەرمیانى پارتیدا کرد، ئەمە دەقەکەیەتى:

كەركووكیانی خۆشەویست.. 

هەموولایەكتان بە خێر بێن..

ڕۆژتان باش. 

خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەناو ئێوەی كەركووكیدام. 

خۆشحاڵم كە لەگەڵ ئێوە و لە ڕێگەی ئێوەوە ئەمڕۆ دەتوانم لەگەڵ خەڵكی كەركووك قسە بكەین، زۆر بەداخەوە، زۆرمان پێخۆش بوو كە ئەم ڕێوڕەسمەمان لەناو شاری كەركووك ئەنجامدابا، بەڵام لەبەر ئەو بارودۆخەی كە هەیە و پێویست ناكات زۆر لەسەری بچم كاك دكتۆر كەمال باسی كرد، ناچار بووین لە هەولێر ئەم ڕیوڕسمە ئەنجام بدەین. 

لێرەوە سڵاوم هەیە بۆ هەموو نەتەوەكانی كەركووك، هەموو ئەو نەتەوانەی كە لە كەركووك دەژین، سڵاوم هەیە بۆ هەموو كەركووكییە ڕەسەنەكان لە كورد و توركمان و مەسیحی و عەرەب. سڵاوم هەیە بۆ هەموو كوردانی كاكەیی لە كەركووك و ناوچەكانی دیكە. هیوادارم هەمووتان دوور بن لە بەڵا و لە ناخۆشی. دەمەوێ سەرەخۆشیی خۆشم بۆ ئەو كەسانەی كە ئازیزانیان لەدەست دا لە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەرەخۆشیی خۆمان پێشكەش بە یەكە بە یەكەی ئێوەی خۆشەویست بكەم و هیوای چاكبوونەوە بۆ نەخۆشەكان لە خوای گەورە بخوازم و هیوادارم لە خواى مەزن جێگەی ئەو ئازیزانەی لە دستمان داون بەهەشت بێ و خوای گەورە سەبر و تەحەمول بداتە هەموو لایەكتان.

كەركووكییە خۆشەویستەكان...

ئێوە لە دوای دروستكردنی دەوڵەتی عێراقه‌وه‌، هەر لە سەردەمی پاشایەتییەوە ماندوو دەكرێن و ئازار دەدرێن و جوگرافییەكەتان ئازار دەدرێت و هەوڵی گۆڕینی دەدرێت، دیمۆگرافیای شارەكەتان دەگۆڕدرێت و بەعەرەب دەكرێت. بە ڕاستی ئێوە ماندوو كراون و هێشتاش هەر ماندوو دەكرێن. لەبەرئەوەش كوردستانیبوون و كەركووكیبوون زۆر سەختە، هەر لەبەرئەوەش ئێمە هەموومان لەگەڵ ئێوەین و، هەموومان بە هەست و سۆز و عەقڵەوە، هەموومان كەركووكین. 

ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، ئەوەی كە پارتی دەیەوێت، ئەوەی كە سەرۆكی پارتی مەبەستییەتی ئەوەیە كە ئێمە دەمانەوێت كەركووك و كەركووكییەكان بحەسێنەوە، نەوت و سامانی سروشتیی كەركووك ببێتە مایەی پێشكەوتن و دروستكردنی ده‌رفه‌تى كار بۆ گەنجانی كەركووك، نەك بكرێتە مایەی تەماحكاری لە كەركووك و هۆكاری گۆڕینی ناسنامەی كەركووك. 

شەڕی ئێمە لەسەر كەكووك شەڕ بووە لەسەر ناسنامەی نیشتمانی و ناسنامەی مێژووییی كەركووك، هەروەك خانەقین و شنگال و مەخموور، بەبێ ئەوەی ئێمە دژی هیچ نەتەویەك بین. داوای ئێمە بۆ نەوتی كەركووك نییە، داوای ئێمە لەسەر ناسنامەی كەركووكە. ئێمە نامانەوێت شەڕێكی نەتەوەیی بە كەركووكییەكان بكەین، هەرگیز ئێمە ئەوەمان ناوێت، نامانەوێت شەڕی نەتەوەیی لە كەركووك بكرێت. بە پێچەوانەی هەموو ڕژێمەكانی پێشووی عێراق و بە پێچەوانەی هەموو شۆڤێنییەك، بە پێچەوانەی ئەوان ئێمە دەمانەوێت ئارامی و خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و پێكەوەژیان و هاوبەشییەكی ڕاستەقینە لە كەركووك هەبێت لەنێوان هەموو ئەو پێكهاتانەی لەناو كەركووك دەژین. ئێمە نامانەوێت بە دەستبەسەرداگرتن و شەڕ و كودەتا، چارەنووسی كەركووك یەكلایی بكەینەوە. 

ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستووری عێراقەوە چارەنووسی كەركووك یەكلایی بكرێتەوە، ئەمە ویستێكی ڕەوا و یاسایییە، چونكە گەلی عێراق لە ساڵی 2005ەوە وەك بەشێك لە دەستووری عێراق بڕیاری لەسەر ئەم ماددە دەستوورییەش داوە و ئێمە لێرەوە دووبارە داوای جێبەجێكردنی دەكەین. ئەوانەی دژی جێبەجێكردنی مادەی 140ن،  ئەوانەن كە دژی ئاشتین و دژی دەستوورن، دژی سەقامگیریی عیراقن، دژی پێكەوەژیانن. ئەوانەی دژی جێبەجێكردنی مادەی 140ن،  دژی ئیرادەی ئازادی گەلی عیراقن كە سەدا هەشتایان دەنگیان بە دەستوور داوە. ئێمە ئاشتی و پێكەوەژیانی ئاشتیانەمان دەوێت. ئێمە دەمانەوێت ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوەش لەناو كەركووكدا هەبێت. نامەوێت هیچ نەتەوەیەك لە كەركووك بشكێت، دەمانەوێت هەموومان خۆمان بە سەركەوتوو بزانین لە كەركووك. پێكەوەژیانی ئاشتیانە، سەركەوتنە بۆ هەموو ئەو پێكهاتانەی كە لە كەركووكدا دەژین، ئەمەیە سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمەیە بینین و ڕوانگەى سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەی كەركووك. جێبەجێكردنی مادەی 140،  سەركەوتنە بۆ ئیرادەی گەلی عێراق. هەموو پێكهاتەكانی كەركووك پێكەوەژیان و كار و ژیانیان دەوێت، ئەگەر ئەوانەی سیاسەتی هەڵپەرست و بێ بەرنامەیان هەیە ڕێگە بدەن. 

هەڤاڵینە...

خەڵكی خۆشەویستی كەركووك..

ئێمە ئەوەندەی پێمانكرابێت لە بودجەی هەرێمی كوردستانەوە خزمەتگوزاریمان بۆ كەركووك دابین كردووە، تا ئەو كاتەی ئیدارەیەكی شەرعی و هاوبەش لە كەركووك هەبوو، لەسەر فەرمانى جەنابی سەرۆك بارزانی توانیمان زۆر پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەسەر بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ كەركووك دابین بكەین. هەروەها ئیدارەی كەركووك لەو پترۆدۆلارەی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەریدەگرت، زۆر پڕۆژەی لە كەركووك ئەنجام دان و جێی دەستی ئەو پرۆژانە و ئەو یارمەتییە ئەمڕۆ لە كەركووك دیارە و هەموو كەسێک شاهدە. ئێمە كەركووكمان وەك بەشێكی دانەبڕاو لە هەرێمی كوردستان سەیر كردووە، هەرچی لە هەرێمی كوردستان هەبووبێت، هەوڵمان داوە بەشی كەركووكمان لێداوە. بۆ نموونە، ئەگەر كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەرهەم هێنرابێت، بەشی كەركووكی لێدراوە وەك شارەكانی دیكە. ئێستاش پەرتووك و پێداویستییەكانی زۆر لە قوتابخانەكانی كەركووك، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێت، مووچەی مامۆستایانی قوتابخانە كوردییەكان لە كەركووك و مووچەی بەشێكی زۆری فەرمانبەرانی كەركووكی، لە بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێت، لە كاتێكدا ئەوە ئەركی حكوومەتی فیدرالە كە دەبێت جێبەجێیان بكات، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەو كارە هەڵدەستێت.

هەڤاڵانی خۆڕاگر

كەركووكییانی خۆشەویست..

پەیوەندیی نێوان كەركووك و پارتی، پەیوەندیی وەفاداری و دڵسۆزییە. هەر پەیوەندییەك بنچینەكەی وەفاداری و دڵسۆزی بێت، بە هیچ شێوەیەك تێكناچێت. لەبەر ئەوە لێرەوە بە كەركووكیانی خۆشەویست دەڵێم پەیوەندیی وەفاداری بۆ كەركووك لە هیچ كات و ساتێكدا ناپیچڕێ و بەردەوامیش دەبێت. بارزانیی نەمر بە كردەوە ئێمەی فێری خۆشەویستی و وەفاداری كردووە بۆ كەركووك،  لەبەرئەوە هیچ پارتییەك لە هیچ شوێنێكی دونیا، نە لە كوردستان و نە لە جیهان پارتییەك نادۆزییەوە دڵسۆز و وەفادار نەبێت بۆ كەركووك لە هەر شوێنێك بێت. بارزانیی نەمر ئەو كاتەی لە یەكێتیی سۆڤیەت گەڕایەوە بۆ عێراق، دوای سەردانی بەغدا، ڕاستەوخۆ سەردانی كەركووكی كرد، سەردانی شاری كەركووكی كرد و لەگەڵ خەڵكی كەركووك كۆبووەوە. چووە سەردانی ماڵی هەردوو كەسایەتیی كەركووك عەبدوڵڵا ئیخوان و حاجی ڕەشیدی ناسراو بە (مه‌غزه‌ن ڕەشید). 

لەكاتی ڕێككەوتننامەی 11ى ئادارى ساڵی 1970 و لەكاتی دانوستاندنەكانی ساڵی 1974دا، كێشەی پارتی لەگەڵ ڕژێمی عێراق و ئامانجی سەرەكیی پارتی ئەوەبوو، دەست لە كەركووك هەڵنەگیرێت. بارزانیی نەمر ڕازی نەبوو كەركووك بكرێتە دوو بەش، بارزانی ڕازی نەبوو دەست لە كەركووك هەڵبگرێت. ئەوە باوەڕێكی پۆڵایین و بەهێز بوو لەلای بارزانی و هەموو پێشمەرگەی كوردستان، بۆیەش دوای هەڵگیرسانەوەی شەڕ كە لەسەر كەركووك بوو، دەوڵەتی عێراق نەیتوانی پێشمەرگە و ئیرادەی پۆڵایینی خەڵكی كەركووك تێكبشكێنێت. لەبەرئەوەش ڕژێمی ئەوكاتی عیراق بۆ تێكشكاندنی شۆڕشی ئەیلوول، ڕێككەوتننامەی لەگەڵ ئێران مۆر كرد و شەتولعەربی دایە ئێران، لەپێناو ڕازیكردنی شای ئێران بۆ لێدانی شۆڕشی كوردستان لەپشتەوە، بە پشتیوانیی وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزانی جیهان، شۆڕشی كوردیان تووشی نسكۆ كرد. 

هەروەك سەرۆك مەسعوود بارزانی لە بەرگی چوارەمی كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد)دا دەڵێت:

دوایین كۆبوونەوەی شۆڕش لەگەڵ حكوومەتی عێراق، ڕۆژی 8ی ئادار بوو.ئەو ڕۆژە خوالێخۆشبوو كاك ئیدریس بارزانی لە بەغدا دوو پێشنیازی خستە بەردەم سەدام بۆ دواخستنی ڕاگەیاندنی یاسای ئۆتۆنۆمی بۆ یەك ساڵ تاكو هەردوولا دەگەنە ڕێككەوتن و ئیدارەیەكی هاوبەش بۆ كەركووك دابنرێت، بەڵام سەدام هەردوو پێشنیازەكەی رەت كردبووەوە و پێیگوتبوو: 

"بە باوكت بڵێ ئەگەر ناچار بم، بۆ شای ئێران دەست لە شەتولعەرەب هەڵدەگرم و، ئێوەش باجەكەی دەدەن".

لە بەرامبەردا جەنابی سەرۆك دەنووسێ و دەڵێت كاك ئیدریس پێیگوتبوو "باشتر وایە بۆ خەڵكی خۆت تەنازول بكەی، نەك بۆ خەڵكی بێگانە". 

هەڤاڵینە..

ڕاستە شۆڕشی ئەیلوول لەسەر كەركووك و لە ئەنجامی ئەو پیلانەدا تووشی نسكۆ بوو، بەڵام ئەنجامی ڕێكنەكەوتن لەگەڵ پارتی و تەنازولكردنی عیراق بۆ شای ئێران، شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران بوو، كە بووە هۆی زیانێكی گەورە و زیاتر لە یەك ملیۆن كوژراو لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەبوو، بەبێ ئەوەی بتوانن كورد لە كەركووك داببڕن و بەبێ ئەوەی بتوانن شۆڕشی كوردستانیش لەناو ببەن، ئەمە مێژوویەكی كۆن و دوور نییە.

بارزانیی نەمر و سەركردایەتیی پارتی لەگەڵ ئەوە بووە، ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركووك وەك سلێمانی و هەولێر و دهۆك قبووڵ بكرێت و بەشێك بێت لە ئیدارەی كوردستان،  بەبێ ئەوەی هیچ جیاوازییەك لەنێوان خەڵكی كەركووكدا دروست بكرێت، لەگەڵ هەموو نەتەوەكان. كەركووك ئەوكات و ئێستاش بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان،  یەكێكە لە داوا و بەها نیشتمانییەكان، بەبێ دروستكردنی هیچ جیاوازییەكی نەتەوەیی و، بەبێ پشتیوانیكردن لە هیچ بۆچوونێكی شۆڤینیانە دژی هیچ پێكهاتەیەكی ڕەسەنی كەركووك. ئەو تێڕوانینە دیموكراتیانەی پارتی دەیان نموونەی هەیە لە مێژوودا. كردارەكانی ئێستاشمان وەك ڕابردوومان شاهیدن.

ئێمە لە ساڵی 2014 پێشوازیمان لە سەدان هەزار ئاوارەی عەرەبی پارێزگاكانی مووسڵ، ئەنبار، تكریت و شارەكانی دیكەی عێراق كرد، ئێستاش سەدان خێزانی عەرەب لە شارەكانی دهۆك، هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە دەژین. ئێمە بە هیچ شێوەیەك لە مێژوودا دژی برا عەرەبەكان نەبووین و نابین، كێشەی ئێمە نەتەوەی عەرەب نییە، ئێمە وەكو دوو نەتەوە پەیوەندییەكی باشمان هەیە، كێشەی كورد لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا بووە، لەگەڵ ئەو نەتەوانە نەبووە كە لە كەركووكدا پێکەوە ژیاون، ئێمە ژیانێكی ئاشتیانەمان دەوێ بۆ هەموو ئەو پێكهاتانە. دڵنیاشین كە هیچ عەشیرەتێكی عەرەب نایەوێت ببێتە بەشێك لە سیاسەتی شۆڤینی و بەعەرەبكردن لە كەركووك لەوەدا دڵنیاین، چونكە كورد و عەرەب ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باشتر یەكتر دەناسن و ساڵی 2014شەوە زیاتر یەكترمان ناسـی و برایەتیمان توندوتۆڵتر بوو، ئەو كاتەی كە هەموو دەرگاكانیان لێ داخرابوو، هەرێمی كوردستان بوو كە دەرگای خۆی كردەوە بۆ ئەو ئاوارانەی لە شوێنەكانی دیكەی عیراقەوە هاتن و هەستێكی وایان پێبەخشین كە لە ماڵی خۆیانن، ئەمە شتێكە هەرێمی كوردستان هەمیشە شانازی پێوە دەكات. 

هەڤاڵانی خۆشەویست ...

مێژووی پارتی لە كەركووك و لەگەڵ كەركووك،  جێگەی شانازییە بۆ هەموومان وەك پارتی، وەك كوردستانی. پارتی لە كاتی شۆڕشی ئەیلوولدا زۆر بەهێز بووە لە كەركووك. ئەو لقەی ئەندامەكانی زۆرترین هاوكارییان بۆ شۆڕش ناردووە، لقی 3 بوو لە كەركووك. كەركووكی و گەرمیانییەكانی ناو پارتی، هەمیشە كاریگەرییەكی زۆریان هەبووە لە گەشەكردنی پارتیدا. كەركووكییەكانی ناو سەركردایەتیی پارتی، بە زانایی و لێهاتووییى خۆیان هەمیشە لەبەر چاوان و لەناو دڵان بوونە. هەندێك لەو ئەندامانەی سەركردایەتی كۆچیان كردووە و ناوەكانیان بە خەباتیانەوە، ناوەكانیان بە خەباتی پڕشنگداریانەوە لەناو مێژووی زێڕینی پارتیدا دەمێنێتەوە، هەندێكیشیان لەو سەركردایەتییانە كە لە گەنجێتیی خۆیانەوە خەباتیان بۆ ئەم پارتە كردووە و تا ئێستاش بەردەوامن، لێرە بەشدارن و جێی ڕێز و پێزانینی هەموولاكمانن كە خەباتیان لەپێناو كوردستان و لەژێر ئاڵای پارتی و سەركردایەتیی پارتیدا كردووە و هەموو ئەو بەڕێز و ئەو خەباتكارانەن كە ئەمڕۆ لێرەن و جێگەی ڕێز و پێزانینى هەموولایەكمانن. 

پێشمەرگە كەركووكییەكانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان،  به‌ هەستهەژێنیی كورد و دوژمنبەزێنی، بەناوبانگ بوون! فیداكاریی هەر یەكێك لە پێشمەرگە قارەمانە كەركووكییەكان، داستانی ئەفسانەیین كە لە مێژووی و پارتی و كوردستاندا تۆمار كراون. كەس نییە باسی مێژووی خەبات لە كەركووك بكات و ناوی شەهیدانی پارتی نەزانێت. قاره‌مانه‌كانى وەك شەهید ئەرپە، سەعید تۆماری، ئەحمەدە سوور، عەدنان كەمال، حوسێن یابە، حەمید شوانی، شەهید عیزەدین قەرە محەممەد و سەدان شەهیدی دیكەی پارتی لە كەركووك، ناوی درەوشاوەی مێژووی خەباتی پارتین لە كەركووكدا. مێژووی پارتی لە كەركووك، بە خەبات و دڵسۆزیی بارزانیی نەمر بۆ كەركووك و، خەباتی دەیان كادیر و خوێنی سەدان شەهید بۆ كەركووك،  نووسراوەتەوە. ئێمە ئەمڕۆ دەبێ لە ئاست ئەو مێژووەدا بین بۆ كەركووك. دەبێ وەك دڵسۆزیی بارزانیی نەمر بۆ كەركووك، خەبات بۆ چەسپاندنی ناسنامەی كەركووك بكەین، وەك دڵسۆزیی بارزانیی نەمر بۆ كەركووك، كار بۆ پێكەوەژیان و گوزەران و ئەمنیەتی هه‌موو پێكهاته‌كانى خەڵكی كەركووك بكەین. نابێ كەركووكی، هەست بەبێ پشتی و هەست بە بێكەسبوون بكات. تاكو پارتی هەیە،  تاكو سەركردایەتیی پارتی هەیە، تاكو سەرۆكی پارتی هەیە، نابێ هیچ كەركووكییەك لە كەركووك هەست بە بێكەسی بكات.

هەڤاڵانی بەڕێز ...

كەركووكیانی خۆشەویست..

ئێمە زۆر لە بارودۆخی ئێستای كەركووك و ئیدارەی ئێستای كەركووك ناڕازین. چونكە ئیدارەیەكی سەپێنراوە، نەك هەڵبژێردراوی خەڵكی كەركووك! چونكە ئیدارەیەكی هاوبەش نییە، كورد لێی بێبەشە و، بەشێكی زۆری برا توركمانەكانیشمان، لێی ڕازی نین! 

هەروەها چونكە ئەو ئیدارەیە ئاستی خزمەتگوزارییەكانی لە كەركووك زۆر دابەزاندووە. جگه‌ له‌وه‌ى دەیان كورد لە پۆست و كارەكانیان دوور خراونەتەوە، تەنیا لەبەر یەك هۆكار، ئەویش لەبەرئەوەی كە كوردن! بەشێكی دیكەش لەبەر ئەوە بووە، لەبەر خۆمان بووە وەكو كورد، بەداخەوە.

ئەگەر كورد یەكگرتوو بووایە، ئەو دۆخە بەسەر كەركووكدا نەدەهات! ئەو بێبەشییەش لە ئیدارەی كەركووكدا ئەوەندە درێژەی نەدەكێشا! یەكنەبوون لە كەركووك و ناوچە دابڕاوەكان بۆ كورد، زیانەكانی زۆر زیاترە لە یەكنەبوونی لایەنە كوردییەكان لە شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستاندا هەیە! دەبێ پەند لە ڕابردوو وەربگرین و، دەبێ زیاتر لە هەموو شوێنێك یەكبوونی كـورد لە ناوچەكانی مادەی 140 و بەغدا دروست بكەین و بپارێزین.  دڵنیا بن، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، هەوڵی تەواو دەدەین بۆ یەكهەڵوێستیی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان لە كەركووك. چاومان لەوەیە هاوكارییەكی تەواویش لەنێوان كورد و هەموو پێكهاتەكانی كەركووكدا دروست بكەین. 

دڵنیا بن، هەوڵ دەدەین ئیدارەی داهاتووی كەركووك بە دڵی ئێوە بێت و بە دڵی هەموو پێكهاتەكانی كەركووك بێت و، هەر بە ڕاستی ئیدارەیەكی هاوبەش بێت. پارێزگاری كەركووك، دوای ڕووخاندنی ڕژێمی پێشوو، وەك مافێكی ڕەوا، كورد بووە و، ئەوەی داهاتووش هەر دەبێت كورد بێت و ئەوەی ئێستا هەیە بارێكی نائاساییە لە كەركووك و ئەو پارێزگارە دەبێـت كورد بێت و دەبێت لە خزمەتی هەموو پێكهاتەكاندا بێت بە توركمان و عەرەب و مەسیحی و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی كەركووكەوە.

سوپاس بۆ خوا و، سوپاس بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە شاری كەركووك لە شەڕی داعشدا پارێزراو مایەوە. پاراستنی كەركووك ئاسان نەبوو، بەڵگەشمان بۆ ئەو پاراستنە خوێنی دەیان قارەمانی ئەم وڵاتە و ئەم حزبەیە كە بەرگرییان كرد و كەركووكیان پاراست! بەڵگەی ئەمڕۆشمان هێرش و جموجۆڵەكانی ئێستای داعشە لە پارێزگای كەركووك. دەبینین دوای تێكشكاندن و لەناوبردنی بەشی هەرە زۆری هێزی داعش، ئێستا لە پارێزگای كەركووك بووەتەوە به‌ مەترسییەكی زۆر گەورە! سەركردایەتیی كوردستان و پێشمەرگە وەك هەموو شوێنێكی دیكەی كوردستان، پاراستنی كەركووك بە ئەركی سەرەكیی خۆی دەزانێت. لەبەرئەوەش لەكاتی ڕووداوەكانی حەویجەدا و بەرلە هێرشی داعش، هێزی پێشمەرگە لەسەر داوای سەرۆكوزیرانی عێراق و بە فەرمانی سەرۆك بارزانی چووە كەركووك.  هەروەها دوای هێرشی داعش و ڕاكردنی هێزەكانی فەرماندەییی دیجلەی سوپای عێراق لە ساڵی 2014، هێزی پێشمەرگە چووە سنوورەكانی كەركووك و، بەو جۆرە شاری كەركووك و هەموو نەتەوەكانی كەركووك لە شوێنی خۆیان بە پارێزراوی مانەوە، ئەگەر ئەوە نەبوایە و ئەو هیممەتە نەبوایە، كەركووكیش وەك شاری مووسڵ وێران دەبوو!

ئێستاش زۆر سەیرە كە هەندێجار هەندێ كەس دەبینین دێنە سەر تەلەڤزیۆن و دەڵێن ئێمە دژی هاتنی پێشمەرگەین بۆ كەركووك، لە كاتێكدا هەر هەندێك لەو كەسانە لە كاتی هێرشی داعشدا بە تەلەفۆن داوایان لە جەنابی سەرۆك بارزانی دەكرد پێشمەرگە بنێرێت بۆ پاراستنی كەركووك. پێشمەرگە بە قارەمانییه‌تیى خۆى، سنوورەكانی كەركووكی پاراست و هیچ ڕۆژێك نەچووە ناو شاری كەركووك و دەستوەردان بكات لە كاروباری ئیدارەی كەركووك. دەیان پێشمەرگەی قارەمان بۆ پاراستنی خەڵكی كەركووك و شاری كەركووك، گیانی خۆیان كردە قوربانی. هەر پێشمەرگەش بوو ساڵی 2003 كەركووكی لە سوپای ڕژێمی پێشووی عیراق ڕزگار كرد.

هەڤاڵینە...

هەندێك لایەن، هەموو هەڵبژاردنێك لە كەركووك، وەك بەڵگە و ڕاپرسییەك بۆ زۆرینە و كەمینەبوونی كورد لە كەركووك نیشان دەدەن و، گرەویشی لەسەر دەكەن. ئێمە ئەوە بە نیشاندانێكی ڕاست نابینین، بەڵام ئەوان وای نیشان دەدەن. لەبەرئەوەش بەشداریی ئێوە و هەموو كورد لەو هەڵبژاردنەدا لە كەركووك زۆر زۆر گرنگ و پێویستە. داواتان لێدەكەم لە ئێستاوە خۆتان و هەڤاڵان و كەسوكارتان، هەر هەمووتان خۆتان ئامادە بكەن بۆ ئەوەی بەشدار بن لە دەنگدان و دەنگیش بەو كەسانە بدەن كە لە بەغدا حازرن بەرگری لە دەستكەوتەكانتان بكەن و هەروەها هەوڵی جددی بدەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستووریانەی كە پەیوەندییان بە كەركووكەوە هەیە، ئەوانیش كاندیدانی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانن.

من پێتان دەڵێم، یەك دەنگ بۆ پارتی لە كەركووك زۆرە، هیچ باس لەوە نەكەن و بڵێن ئێمە هەر سەردەكەوین، دەبێت لەم هەڵبژاردنانە بە گوڕ و تینێكی زۆرەوە، ئەوانەی كە پارتین، ئەوانەی كە لایەنگری پارتین، بۆ بەرگریكردن لە سەقامگیریی كەركووك، بۆ ئەوەی مافە زەوتكراوەكانی كەركووك بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی دڵنیا بین لە پێكەوەژیانی كەركووك، بۆ ئەوەی دڵنیا بین لە ئایندەی كەركووك، لەو ڕۆژەدا بە حەماسەوە هەموومان، هەموو لایەكتان بچنە سەر سەندوقی دەنگدان و دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن. داواتان لێدەكەم مەڵێن دەنگی من هیچ شتێك ناگۆڕێت، دەنگی ئێوە زۆر شت دەگۆڕێت، پێویستە لەو دەنگدانەدا بۆ ناحەزانی پارتی بۆ ئەوانەی كە نەیارن و دڵیان خۆشە بەوەی پارتی بە لاوازی دەچێتە بەغدا، پێویستە بۆ هەموو لایەكیان بسەلمێنن كە پارتی بە پشتیوانیی ئێوە، پارتی بە پشتیوانی و خوڕاگریی دڵسۆزیی كەركووك، زۆر بە هێزەوە بەرەو بەغدا هەنگاو دەنێت.

داواتان لێدەكەم پابەندی ڕێنماییەكانی سەركردایەتی بن، ئەم هەڵبژاردنە یەكەم جارە تاقی دەكرێتەوە، یەكەم جارە لە هەموو عیراق تاقی دەكرێتەوە، ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە كە بە تەواوەتی خەڵكی خۆت ببەیە سەر سەندۆقەكانی دەنگدان و ئەو تەنزیمەی لەلایەن سەركردایەتی و حزبەوە دانراوە، جێبەجێ بكرێت. تكاتان لێدەكەم و داواتان لێدەكەم بەپێی ڕێنماییەكانی سەركردایەتی، هەمووتان پێکەوە بەشدار بن لە هەڵبژاردن و دەنگیش بە کاندیدانى پارتی بدەن. بۆ ئێمە سەركەوتن ئەوە نییە كێ زۆرتر دەنگ دەهێنێت، ئەوەی هەموومان مەبەستمانە ئەوەیە كە دەبێت پارتی سەركەوێت، دەبێت پارتی زۆر دەنگ بهێنێت، نە كەسێك و نە عەشیرەتێك بابەت نین، لەم هەڵبژاردنانەدا پارتی مەسەلەیە.

لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا زۆر گرەو لەسەر ئەوە كرا كە پارتی بە لاوازی دەمێنێتەوە، بە پشتیوانیی ئەم گەلە و بە خۆڕاگریی ئێوە، پارتی زۆر بە هێزەوە چووە بەغدا و هەموو كەسێكیش ئەوەی كە بەردەوام داكۆكی لە مافی خەڵكی كوردستان كردووە، بە پلەی یەك ئەو شەرەفە بۆ پارتی دەگەڕێتەوە، لەم ڕۆژەشدا هەم لە 8ی مانگ و هەم لە 10ی مانگ جارێكی دیكە بۆ ناحەزان و نەیارانی پارتی بیسەلمێنن كە پارتی پێشەنگە، پارتی ئەو حزبەیە كە داكۆكی لە مافەكانی گەلی كوردستان دەكات، دەبێت ئێوە ئەمە بسەلمێنن و بە دەنگدانی خۆتان و بەشداریتان دڵی دڵسۆزان خۆش بكەن و خەونی نەیارانیش بخەنە گۆڕەوە.

پەنا بەخوا هەر سەركەوتوو بن. درێژەم پێدا بەڵام پێموایە پێویست بوو. جارێكی دیكەی سڵاو و ڕێز و خۆشەویستیی سەرۆك بارزانى، سەركردایەتیی پارتی بۆ هەموو كەركووكییەكان. لێرەوە سڵاویان بۆ دەنێرم، خۆشەویستی و وەفاداریی خۆمانیان بۆ دووپات دەكەینەوە، وەك گوتم كەس ناتوانێت پارتی و كەركووك لە یەكتری جیا بكاتەوە، پارتی و كەركووك پێکەوە دەمێننەوە.

-

-

-

-

-




دوایین هەواڵەکان

سەرەتای ساڵی داھاتوو شوققەكانی سۆران دابەش دەكرێن

THURSDAY, 21 OCTOBER 2021 13:10:21

سۆران-KDP.info-پڕۆژەی شوققەكانی "بادلیان" لە سنووری قەزای سۆران لە قۆناغی كۆتاییدان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانیش دەڵێ، كۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەكە تەواو دەبێت و لە سەرەتای ساڵی داھاتوودا شوققەكانی سۆران بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش دەكرێن.

 

ب ئاماده‌بوونا جێگرێ پارێزگارێ دهۆكێ رێورەسمێن گوهۆڕینا رێڤه‌به‌رێ ئاڤا ژێر زه‌ڤى ل دهۆكێ هاتنه‌ گێران

THURSDAY, 21 OCTOBER 2021 11:10:56

دهۆك-KDP.info- دچارچوڤێ وان گوهورینێن به‌رده‌وام یێن دناڤ دام و ده‌زگه‌هێن میرى دا دهێنه‌ ئه‌نجامدان ئه‌ڤرو سپێدێ 21-10-2021 ب ئاماده‌بونا (شمعون شلیمون) جێگرێ پارێزگارێ دهۆكێ رێ ورسمێن گوهورینا رێڤه‌به‌رێ ئاڤا ژێر زه‌ڤى ل دهۆكێ هاتنه‌ گێران و ئه‌ندازیارێ جیولوجى (عبدالمجید عبدالله) رێڤه‌به‌رێ نوو یێ رێڤه‌به‌ریا ئاڤا ژێر زه‌ڤى ل پارێزگه‌ها دهۆكێ ل شوونا به‌رێز  (ناجى ابراهیم حه‌یده‌ر) رێڤه‌به‌رێ به‌رێ ب وه‌كاله‌ت هاته‌ دانان.

ڕۆڵى زانکۆ له‌ پەروەردەکردنی کادری تایبه‌تمه‌ندی بازاڕى کاردا

WEDNESDAY, 20 OCTOBER 2021 17:10:05

سلێمانی -KDP.info- پسپۆڕێکى زانسته‌ ئابوورییه‌کان له‌ زانکۆى سلێمانى ده‌ڵێت، زانکۆ وه‌ک ناوه‌ندێکى ئاکادیمى و مه‌عریفى ڕۆڵێکى گرنگ ده‌بینێت له‌ به‌رهه‌مهێنانى فکر و پێشکه‌شکردنى کادرى تایبەتمەندی بازاڕى کار، بۆیە پێویسته‌ له‌ نێوان پێداویستییه‌کانى بازاڕ و به‌شه‌ ئابوورییه‌کاندا جۆرێک هه‌ماهه‌نگى و په‌یوه‌ندى هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى سوود له‌ شاره‌زایى و تواناییی ده‌رچووان وه‌ربگیرێت، چونکه‌ کێشه‌ى به‌شێک له‌ ده‌رچووان، به‌ ئێستاشه‌وه‌، ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ زۆر جار ئه‌وه‌ى قوتابى وه‌ریگرتووه‌، ناچێته‌ خزمه‌تى بازاڕ و کایه‌ ئابوورییه‌کانەوە، که‌ گرنگه‌ ئه‌مه‌ نه‌مێنێت.

 

 
"دیوه‌ شاراوه‌كانی داستانی پردێ"

WEDNESDAY, 20 OCTOBER 2021 17:10:30

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ، چوارشەممە 20/10/2021، چوارەمین ساڵوەگەڕی داستانی مەزنی پردێیە كە دوای ئەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەركووكیان لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا داگیر كرد، ویستیان بەرەو هەولێر پێشڕەوی بکەن، بەڵام بە فەرمانی سەرۆك بارزانی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پردێ ڕێگەی لە میلیشیاكان گرت و نەیانهێشت پێشڕەوی بكەن و داستانی مەزنی پردێیان تۆمار کرد.

 

مه‌سرور بارزانی: داواتان لێده‌كه‌م نیشتمانپه‌روه‌ر و ژیان دۆست و ژینگه‌ پارێز بن

WEDNESDAY, 20 OCTOBER 2021 16:10:39

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌راسیمی خه‌ڵاتكردنی قوتابییه‌ یه‌كه‌مه‌كان ده‌ستیپێكرد.

 


 
© 2021 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact