له‌نده‌ن-KDP.info- له دوا وێستگه‌ى سه‌ردانیدا بۆ له‌نده‌ن، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 2021/9/17 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئه‌كادیمیاى شاهانه‌ى ساندهێرستى سه‌ربازیى ناسراو له‌سه‌ر ئاستى جیهان به‌سه‌ركرده‌وه كه ژماره‌یه‌ك قوتابیى هه‌رێمى كوردستان و عیراق له خوێندن و پێگه‌یاندن و خول و ڕاهێنانه‌كانیدا به‌شدارن و گه‌وره‌ترین ئه‌كادیماى سه‌ربازیى به‌ریتانییه.
به‌رپرسانى ئه‌كادیمیاكه بۆ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى پوخته‌یه‌كیان ده‌رباره‌ى كار و ئه‌ركى دامه‌زراوه ئه‌كادیمى و سه‌ربازییه‌كه خسته ڕوو كه سه‌ركرده و پله‌دارى سه‌ربازى به لایه‌نى ئه‌كادیمى و مه‌یدانى ئاماده ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها به‌پێى به‌رنامه‌یه‌ك كه عیراق و هه‌رێمى كوردستانیش لێى سوودمه‌ندن، له زۆربه‌ى وڵاتانى جیهانه‌وه به‌شداریان هه‌یه و له‌گه‌ڵ خوێندنى ئه‌كادیمى، لایه‌نى مه‌شق و ڕاهێنانى جه‌سته‌یى و سه‌ربازیش بۆ به‌شداران په‌ره‌پێده‌ده‌ن.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له گرنگى و پێویستیى هاوبه‌شى و سوودوه‌رگرتنى هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى عیراقدا له‌و ده‌رفه‌تانه كرده‌وه و له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌شدارانى عیراق و پاشان له دیدارێكى تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ به‌شدارانى هه‌رێمى كوردستان، ده‌ستخۆشى و پیرۆزبایى لێ‌كردن و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن، هه‌روه‌ها به‌شداریى ئه‌وانى به گرنگ و جێى بایه‌خى هه‌رێمى كوردستان له قه‌ڵه‌م دا و به هیواى به‌رده‌وامبوون و به‌شداریى زیاتر له هه‌رێمى كوردستانه‌وه، سوپاسى حكوومه‌تى به‌ریتانیاى كرد بۆ ڕه‌خساندنى ئه‌م ده‌رفه‌ته.
له كۆتاییشدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، یاداشتێكى له ده‌فته‌رى یاداشتى كه‌سایه‌تى و سه‌ردانیكار و میوانانى ئه‌كادیمیادا نووسى و سوپاسى به‌رپرسانى ئه‌كادیمیاكه‌ى كرد.
-
-
-
-
-