پارتی دیموکراتی کوردستان سێ کاندیدی لە بەغدا ھەیە و یەکێک لە کاندیەکانیش پێی وایە ئەگەر خەڵکی بەغدا دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەن ئەوە لە داھاتوودا پارتی پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێشکەش بە ناوچەکانی بەغدا دەکات.
جاسم محەمەد مەندەلاوی، کاندیدی پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "من وەک کوردێکی فەیلی کاندیدی ژمارە ٥٥ی پارتیم لە بازنەی شەشی ئەعزەمییەی بەغدا، بێگومان ئەگەر متمانەی خەڵکی بەغدا بەدەست بێنم، وەک کاندیدی پارتی بەرنامە و پلانی پارتی لە چوار ساڵی داھاتوودا جێبەجێ دەکەم، بەتایبەتی سنووری بازنەی ئێمە کە بازنەی ژمارە شەشی ناوچەی ئەعزەمییەیە، زیاتر خەڵکی ھەژار تێیدا نیشتەجێیە.''
کاندیدەکەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "حکوومەتی بەغدا وەک پێویست خزمەتگوزاریی نەگەیاندووەتە ناوچە میللییەکانی بەغدا، بەتایبەتی ناوچەی ئێمە کە ئەعزەمییەیە، خەڵکی ئەو ناوچەیە بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن و پێویستیان بە ئاوڕدانەوەی بەپەلەیە.''
جاسم مەندەلاوی دەڵێت: "وەک پارتی ڕۆژانە بانگەشە دەکەین و سیاسەت و بەرنامەی پارتی بە دەنگدەرانی بەغدا ڕادەگەیەنین، بێگومان پارتی ئەگەر لە بەغدا سەر کەوێت، ئەوە دەتوانین لە زۆر لاوە ھاوکاری ئەو خەڵکەی بەغدا بین، نموونەی زۆر جوانمان ھەیە، ئاوڕدانەوە لە دەنگدەرانی خۆمان لە بەغدا بە ئەرکی خۆمان دەزانین و ئەگەر متمانە بەدەست بێنین لە چوار ساڵی داھاتوودا گۆڕانکاری ڕوو دەدات.''
قائید میرۆ