Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 19 APR 2024 21:04 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پەیام و بەرنامەی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 2021
| KDP.info


بۆ داهاتووێکی باشتر و وڵاتێکی ئارام و خۆشگوزەران،

پارتێکی بەهێز هەڵبژێرە…

    په‌یام و بەرنامەی

پارتی دیموكراتی كوردستان

بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 2021

 

پەیامی پارتی دیموكراتی كوردستان

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

پارتی دیموكراتی كوردستان،  یەكەمین پارتی نیشتمانی و دیموكرات لە كوردستان،  هەر لە سەرەتاوە،  ئێمە لەپێناو ئازادیی تاك و مافی نەتەوەیی و نیشتمانیدا خەباتمان كردووە و تێكۆشاوین تاوەكو ئەمڕۆ، پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوامە لە خەبات لەپێناو مافە نیشتمانییەكانی كورددا.

ئێمە لەڕێگەی بەهێزكردنی دامەزراوەی مۆدێرن و بەرپرسیار و دیموكراتەوە، لەناو عێراق و هەرێمی كوردستان هەوڵی بەدیهێنانی مافە نیشتمانییەكان دەدەین.

لەڕێگەی كاركردن لەگەڵ دراوسێكان و دۆستە نێودەوڵەتییەكانماندا، بە پابەندبوون بە دەستووری عێراقەوە كار بۆ مافە نیشتمانییەكانی هەمووان دەكەین، ئەو دەستوورەی یەكێتیی ئارەزوومەندانەی خەڵك،  خاك و سەروەریی دەپارێزێت.

ئێمە یەكەم پارتی نیشتمانیی دیموكراتیین لە كوردستان،  ئێمە پارتی دیموكراتی كوردستانین.

پەیامی پارتی دیموكراتی كوردستان كە وەك هەمیشە،  قووڵ و ڕەگداكوتاوە بەنێو مێژوو و قۆناغ و ئەزموونەكاندا، پەیامێكە کە پێی وایە دیموکراسی دەبێتە هۆی یەكدەنگكردن و یەكهەڵوێستكردنی هەمووان لە پێناو چارەسەری كێشەكاندا، چارەسەری  کێشە سیاسییەکان کە  بوونەتە لەمپەر لەبەردەم پێشكەوتنی گشتگیر و خۆشگوزەرانی میللەتدا. بە باوەڕێکی پتەو و چەسپاو بە دیموكراسی،  ئازادی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە، ئێمە بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەكەین و، داواش لە خەڵک و دڵسۆزانی ئازیز دەكەین بە پەرۆشەوە بچنە بنکەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن.

داوا لە دەنگدەرە دڵسۆز و ئازیزەکانمان دەکەین دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن بۆ ئەوەی ڕۆحی شەهیدەکانمان ئاسوودە بێت و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان هەر لە دەستە ئەمینەکەدا بمێنێتەوە،  هەروەها بۆ ئەوەی خاک،  مرۆڤ،  ماف و دەستکەوتە شەرعییەکانی کوردستان بە پارێزراوی بمێننەوە.

جەماوەری خۆشەویست…..

دەنگدەرانی دڵسۆز…

هەموومان بە شەبەنگ و ڕووناكی دیموكراسی و باوەڕبوون بە ڕوانگەیەکی روونی سیاسی  پارتی دیموكراتی كوردستان و هەروەها بەرۆحی پێشمەرگەو بە دروشمی (بۆ داهاتووێکی باشتر و وڵاتێکی ئارام و خۆشگوزەران،  پارتێکی بەهێز هەڵبژێرە) بەشداری لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازەدا دەکەین، پشتیوانیی بەهێز بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان،  یەکەمین پارتی دیموکرات لە کوردستان،  لەم هەڵبژاردنەدا،  وا دەکات مێژوومان زیاتر بەرجەستەکراو بێت و ساتەکانیش بەرهەمدارتر و داهاتووشمان گەشتر بێت. لەبەرئەوە،  لە 10یتشرینی یەکەمی2021،  لە كەرنەڤاڵێكی ڕەنگاوڕەنگی نیشتمانیدا، داواتان لێدەکەین دەنگبدەن بە پارتی دیموكراتی كوردستان؛ پارتێکی ڕاستگۆ کە پارێزگاری لە دۆزی گەلی کورد دەکات. ئێمە بە جددی کار بۆ هەر دەنگێک دەکەین لەپێناو بەهێزکردنی پێگەمان لە بەغدا بۆ پاراستنی مافی کوردستانیان.

 

بەرنامەی

پارتی دیموكراتی كوردستان

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021

 

پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێكە لە حزبە هەرە ڕەسەنەكانی عێراق و هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە،  وەک هەمیشە مكوڕبووە لەسەر کێشە دیموكراسیەکەی لە عێراقدا و بەستنەوەی بەخەباتە ڕەوا نەتەوەییەكەیەوە،  هەروەها هەمیشە و ئێستاش كاراكتەرێكی گرنگە لە پرسە نیشتمانییە عێراقییەكان،  لە سۆنگەی پتەویی و نەگۆڕیی هەڵوێستە مەبدەئییەكانی لەو پرسە چارەنوسسازانەی وڵاتەكەی پێوەبەندە.

پارتی دیموكراتی كوردستان، پێداگربووە لەسەر ئەوەی پەناگەیەك بێت بۆ هەموو ئازادیخوازە عێراقییەکان،  ئەو ئازادیخوازانەی لە دەستی ستەمی رژێمە دیكتاتۆرییەكاندا هەڵاتوون،  بەجۆرێك کە جێگەی شیاوی خۆیانبێت و پێشێل نەکرێت لەڕووی کارگێڕی و حکومڕانی وڵاتەکە و سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و نەتەوەییەوە. ئێمە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا،  لەپێناو بەرفراوانکردنی پانتایی دەوڵەتی مەدەنی و دیموكراسی و فیدراڵی بەشداری دەکەین لەسەر بنەمای دابەشكردنێكی دادوەرانەی دەسەڵات و سامان،  هەروەها دەستەبەركردنی دەرفەتەکان بەیەكسانی بۆ هەمووان و بونیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی و یاسا و پابەندبوون بە دەستوور.

پارتی،  بەڕەچاوكردنی ئایندەی عێراق و پاراستنی بڕیارە سەربەخۆییە نیشتمانییەكەی،  هەوڵ دەدات بۆ پشتیوانی لە جێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازیی كردەنی و بەرهەمدار، بۆ بەدەستهێنانی خواست و ویستەڕەواكانی گەلی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە پێویست و بنەڕەتییەكان. هەروەها فرەجۆر كردنی ئابوورییەكەی و دابینكردنی دەرفەتی كار و باشکردنی بواری ئیداریی و پتەوكردنی دامودەزگاكانی دەوڵەت. جگە لەوەش داوا دەكات ئاوارەكان بە كەرامەتەوە بگەڕێنەوە ناوچە ڕەسەنەكانی خۆیان.

بە ڕەچاوکردنی پڕۆسە و لێکەوتەکانی هەڵبژاردن ئێمە داوا دەکەین ئەو پرۆسە گرنگە دادوەرانە و شەفاف و بێگەرد بێت و، لەژێر چاودێریی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكاندا بێت.

لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لیستی دێرینترین و بە ئەزموونترین پارتی کوردستان و عێراقە، خاوەنی زۆرترین دەستکەوت و شانازییە،

خەبات دەكات لە پێناو:

پێگەی کوردستان لە عێراقدا

پیادەكردنی دەستوور بە تەواوی ماددە و بڕگەكانییەوە، كە تاكە زامنی بەردەوامیی یەكێتیی ئارەزوومەندانەی خاك و گەل و سەروەریی عێراقە و،  پابەندبوون بە تەواوی دەقەكانی،  كە لەسەر پرەنسیپەكانی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان داڕێژراوە.

پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بە گیانی یەكڕیزیی كوردستانییەوە، تا بتوانین گرفتە چارەسەرنەبووەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدایش چارەسەر بكەین.

كار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی مادەی 65ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق و، دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی (مجلس الاتحاد) کە نوێنەرایەتی ھەرێمەکان دەکات.

لەڕێگەی میكانیزمە دەستوورییەكانەوە، خەبات دەكەین لە پێناو گەڕاندنەوەی ناوچە كێشە لەسەرەكانی كوردستان، ئەویش بە جێبەجێكردنی ماددەی (140)ی دەستووری عێراق و میكانیزمەكانی: (ئاساییكردنەوە، سەرژمێری، ڕاپرسی) و، كۆتاییهێنان بە ڕەوشی ناجۆر و نالەباری ئەو ناوچانە و قەرەبووكردنەوەی خەڵكە خۆشەویستەكەی.

كۆتاییهێنان بە ڕەوشی شێوێندراوی شاری كەركووك و تەواوی ناوچە کێشەلەسەرەکان و، ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵكە دڵسۆزەکەی و قەرەبووكردنەوەیان.

هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان و قەرەبووکردنەوەی خانەوادەکانیان بەباشترین شێوە و ئاوەدانکردنەوەی هاوچەرخانەی ناوچەکانیان.

نیشتیمانێک بۆ هەمووان

وەدیهێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان.

عێراق وڵاتێكی فرەنەتەوە و ئاینییە، دەبێت بە كردەیی ڕێز لە نەتەوە،  ئایین،  ئایینزا و ئایدیا جیاوازەكان بگیرێت و پانتایی  كار و ئازادییەکانیان دابین بكرێت و یاسا پارێزگارییان لێ بكات،  بۆیە لەو پێناوەدا شێلگیرانە كار دەكەین و تا وەدیهێنانیان ناوەستین.

داكۆكیكردن لە مافە سیاسی و كارگێڕی و كلتوورییەكانی توركمان، كلدان  سریان  ئاشووری،  ئەرمەن و سابیئە مەندائییەكان.

شنگال، خەڵك و خاكەكەی ئازیزن،  كار دەكەین لە پێناو كۆتایهێنان بەڕەوشی نالەباری ژیانیان و، قەرەبووكردنەوەیان بەباشترین شێوە.

بایەخدان بە كوردانی ئێزدی، زەردەشتی،  شەبەك،  فەیلی و كاكەیی و، ڕێزگرتن لە كلتوور و تێگەیشتنە هزرییەكانیان و دابینكردنی مافە دەستوورییەكانیان.

بایەخدان بە پێكەوەژیانی ئایینیانەی هاوچەرخ و، ڕێزگرتن و كۆتاییهێنان بە هەموو توندڕەوییەكانی ئایینی و مەزهەبی،  كە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ژیان و ئازادیی هاووڵاتییان.

كار دەكەین لە پێناو بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا.

ئابوورییەکی خۆشگوزەران

خەبات دەكەین لە پێناو دابینكردنی ماف، بودجە،  مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان؛ هەر لێرەوەیش ڕێز لە خۆڕاگری و پشوودرێژیی هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەگرین و، بە پێزانینەوە سوپاسیان دەكەین.

كاركردن لە پێناو، یاساگەلێكی وا كە دەبنە مایەی پتەوكردنی كۆڵەگەكانی دەوڵەت، وەک: دەرکردنی یاسای نەوت و غاز، ھەروەھا کاراکردن و جێبەجێکردنی یاسای دامەزراندنی دەستەی باڵای مافەكانی هەرێم و پارێزگاكان و، یاسای دەستەی گشتیی چاودێریی داهاتەكان.

بایەخدانی پتر بە بواری تەندروستی و دامەزراوە تەندروستییەكان، بەتایبەت نەخۆشخانەكانی كۆڕۆنا و پێدانی ڤاكسین، تا گیانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت.

بایەخدانی زیاتر بە خزمەتگوزاری لە بوارەکانی ئاو، کارەبا و خاوێنڕاگرتنی شار و شارۆچکەکان.

بایەخدان بە ڕەخساندنی هەلی کار بەتایبەتی بۆ لاوان، بۆ ئەو مەبەستەش بەرنامەی قەرز بۆ کار و پڕۆژەکانیان ڕێک بخرێت.

بایەخدانی پتر بە جۆری ئەو خۆراکانەی دابەش دەکرێن لە ڕووی کوالێتی و فرەجۆرییەوە و گرنگیدانی تایبەت بە خۆراکی منداڵان.

بایەخدان بە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری، هەروەها کارەبا و کشتوکاڵ.

دەوڵەتێکی هاوچەرخ

كار دەكەین لە پێناو چاكسازیی لە سەرجەم بوار و سێكتەرەكاندا، بە تایبەت لە  بوارەكانی تەندروستی و پەروەردە و كلتووردا.

كاركردن لە پێناو چاکسازی میدیاییدا، بەتایبەت فراوانکردنی پانتاییەكانی ئازادیی بیروڕا و لە پاڵیشیدا ڕێگەگرتن لە ناوزڕاندن و سووكایەتیكردن بە مرۆڤ و تایبەتمەندییە كەسییەكانی، بەگوێرەی یاسا.

خه‌بات دەكەین لە پێناو نەهێشتنی گەندەڵی و بە سزاگەیاندنی گەندەڵكاران.

ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق و ڕێگرتن لە دەستێوەردانی دەرەكی لە كاروباری ناوخۆی عێراق، ئەو دەستتێوەردانانەی،  كە شوناسی سیاسیی عێراق دەخەنە ژێر پرسیارەوە.

پشتگیریكردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حكومەتی فیدراڵی عێراق، تا باشترین پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی جیهان ببەستێت.

كار دەكەین لە پێناو بێلایەنكردنی سوپای عێراق و، ڕێگریکردن لە بە میلیتاریزەكردنی كۆمەڵگەی عێراق و، كۆتاییهێنان بە هەموو ئەو میلیشیایانەی کە لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانن و، بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان.

دابینكردنی سەرجەم ماف و شایستەكانی پێشمەرگەی كوردستان و، ڕێزگرتن لە پێشمەرگە وەك سیمبولی ئازادی.

لە پێناو ئەم ئامانجانەدا و بە هەماهەنگی لەگەڵ هەمووان،  كار دەكەین تا عێراق ببێتە عێراقی هەمووان،  بۆیە داوا لە دەنگدەرانی خۆشەویست دەكەین، بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و لەوێ بە ویژدانەوە، بە ئاوڕدانەوە لەو مێژووە كە پڕە لە شانازی،  بە بینینی ئەمڕۆ كە پڕە لە جەسارەت و سووربوون،  بە ئاییندەبینییەوە،  كە پڕە لە خەونی گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانی،  دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن، بۆ داهاتووێكی گەشی پڕ لە دڵنیایی و ئارامی و، بەدوور لە هەرچەشنە دڵەڕاوكێ و ترسێك.

 

بەڵێ..

 ڕۆژ ڕۆژی سەرکەوتنە و

دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.




دوایین هەواڵەکان

شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن و ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:21

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژێ پێنجشەممە 18ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە دادوەر عەباس فەرحان حەسەن سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و دادوەر عامر موسا محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact