دوای ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی عێراق و بڕیاری ئەمڕۆی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر پێشبینیی ئاڵۆزیی زیاتر لە عێراق دەکرێت و سیاسەتمەدارێکی کوردیش پێی وایە، بڕیارەکەی سەدر کاریگەریی لەسەر پرسی ھەڵبژاردنەکان دەبێت.
د. مەحموود عوسمان، سیاسمەتداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "عێراق بە ڕەوشێکی ئاڵۆزدا تێ دەپەڕێت و لە ڕووی خزمەتگوزاری و ڕەوشی ئەمنی و سیاسی و ھەڵبژاردنەوە ڕەوشەکە تا بڵێی خراپە، بڕیاری ئەمڕۆی موقتەدا سەدریش بۆمبێکی دیکە بوو بە ڕەوشی عێراقدا تەقێندرایەوە، پێشبینی دەکەم ڕەوشی عێراق لە ڕۆژانی داھاتوو بەرەو ئاڵۆزیی خراپتر بچێت و گەشبین نیم بە ڕەوشی عێراق.''
پەیوەست بە بڕیاری کشانەوەی سەدر لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق، ئەو سیاسەمەتدارەی کورد دەڵێت: "موقتەدا سەدر بەوە ناسراوە زوو گۆڕانکاری بەسەر بڕیارەکانیدا دێت، وەک خۆی ڕایگەیاندوە، لەوانەیە سبەی بڕیارەکەی بگۆڕێت، حکوومەت توانای چارەسەرکردنی کیشەکانی نییە و ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو کاریگەریی لەسەر بڕیاری بایکۆتی سەدر ھەبووە.''
د. مەحموود عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بڕیارەکەی سەدر کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەبێت، ھەندێ لایەن لەگەل دواخستنی پڕۆسەی ھەلبژاردنەکانن و ھەندێکی دیکەش لەگەل بەڕێوچوونی ھەڵبژاردنن لە کاتی خۆیدا، بەڵام من پێم وایە ئەگەر ھەڵبژاردنێکی ساختە بکرێت، ئەوە دوا بخرێت باشترە.''
قائید میرۆ