ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئێمە پێداچوونەوەمان بە سەرجەم دۆسیەی فەرمانبەراندا کردووە و ئێستا دووبارە پێداچوونەوەی بۆ دەکەین، ھەرکەسێک بەپێی یاسای چاکسازی زیاتر لە مووچەیەکی ھەبێت، مووچەکەی ڕادەگیرێت و نابێت لە یەک مووچەی زیاتر ھەبێت، چونکە یاسا داوای ئەمەی دیاری کردووە .
زەکیە محەمەد ساڵح، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێداچوونەوەی دۆسیەی فەرمانبەرانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تەواو بووە و ئێستا جارێکی دیکە پێداچوونەوەی بۆ دەکەین، ئەگەر کێشەیەک ھەبێت چارەسەری دەکەین، ئەگەرنا ھەمووی تەواو بووە، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە پلەیان ھەیە.''
بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "بەپێی ڕێنمایییەکانی یاسای چاکسازی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین کە لە ڕێنمایییەکاندا ھاتووە، ئەوەی زیاتر لە مووچەیەکی ھەبێت ڕادەگیرێت و پێویستە یەک مووچەی ھەبێت، جگە لەوانەی مینحەیان ھەیە؛ وەکوو شەھیدان و کەمئەندامان کە وەکوو ھاوکارییە و هی زیندانیانی سیاسی مینحەیە، بەڵام ئەوەی نایاسایی بێت، دەبڕدرێت بەپێی ڕێنماییەکانی یاسای چاکسازی کە وەزارەتی دارایی جێبەجێی دەکات.''
زەکیە محەمەد ساڵح گوتیشی: ''مووچەی کەمئەندامانمان نەبڕیوە، بەڵام ئەگەر مووچەی نایاسایییان ھەبێت، دەیبڕین، بەڵام ئەوانەی دیکە مینحەکەیان دەخرێتە سەر مووچەکەیان بۆ ئەوەی یەک مووچەیان ھەبێت.''
بڵند ئیبراھیم